حه‌یده‌ر عه‌بادی به‌دوای تێکدانی کیانی سیاسیی هه‌رێمه‌وه‌یه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس دەڵێت هه‌رێمی کوردستان له‌م دواییه‌دا و پاش سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ پاریس و به‌رلین له‌ باری دیپلۆماتییه‌وه‌ ده‌ستکه‌وتێکی به‌رچاوی بوووه‌ که‌ داواکردنی ده‌ست پێکردنی گفتوگۆکانی هه‌ولێر- به‌‌غدا له‌ لایه‌ن سەرۆکانی ئه‌و وڵاتانه‌وه‌ یه‌ک له‌ گرینگترین ئەنجامەکانیەتی.

کوردپرێس: پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ک ڕۆڵگێڕی سه‌ره‌کیی گۆڕەپانی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان و بونیاتنه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ڕیفراندۆم، سه‌ره‌ڕای تێچووی قورسی ڕیفراندۆم بۆ هه‌رێمی کوردستان پاڵپشتی له‌ سیاسه‌ت و ڕوانگه‌ی خۆی بۆ دیاری کردنی چاره‌نووس و به‌ڕێوه‌چوونی ڕیفراندۆم ده‌کات و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و پابه‌ندنه‌بوونیان به‌ ده‌ستوور و بنه‌مای شراکه‌ت له‌ ئیداره‌ی وڵات به‌ هۆکاری بڕیاره‌که‌ی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌وڵه‌ ته‌نگژه‌خولقێنە ده‌زانێت. له‌ سه‌رده‌می پاش ڕیفراندۆمیش حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌مووی هه‌وڵی خۆی دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌و دۆخه‌ دژواره‌ تێپه‌ڕێت. بۆ نموونە ده‌توانین ئاماژه‌ بکه‌ینه‌ دیدار و گفتوگۆی پارته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان بۆ دروست کردنی یه‌کڕیزیی ناوخۆیی و سەردانی دیپلۆماتیکه‌کان بۆ وڵاته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ئه‌ورووپییەکان به‌ ئامانجی گوشار خستنه‌سه‌ر به‌غدا بۆ ده‌ست پێکردنی گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر به‌ڵام هیچ یه‌ک له‌وانه‌ ده‌ره‌نجامی باشی نه‌بوووه‌؛ له‌ لایێکه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌کانی شاره‌کانی هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌ سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و کشانەوە بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ ده‌وڵه‌ت، له‌ ناوخۆی هەرێمدا ته‌نگی به‌ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵچنیه‌وه‌ و له‌ لایێکی دیکه‌شه‌وه‌، تا ئێستا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق هه‌مبه‌ر ده‌ست پێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌رمیی نه‌نواندووه‌.

هه‌ر بۆیه‌ هه‌واڵده‌ریی کوردپرێس، بۆ لێکدانه‌وه‌ی دۆخه‌که‌ی ئێستا، گفتوگۆیێکی له‌گه‌ڵ عه‌باس غه‌زاڵی میرخان نوێنه‌ری پارتی له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجام داوه‌ که‌ له‌ درێژه‌دا ده‌یخوێننه‌وه‌:

* کوردپرێس: پێتان وایه‌ له‌ ڕوانگه‌ی خۆتانه‌وه‌ بۆچی ئه‌م دۆخه‌ له‌ ناوخۆی هه‌رێمی کوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌ و وه‌ک ده‌بینین خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵکییه‌؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: ئه‌م بابه‌ته‌ دوو لایه‌نی هه‌یه‌، لایه‌نێک خه‌ڵکێکی دڵسۆز به‌ په‌رۆشه‌وه‌ داوای داواکاریی خۆیان ده‌که‌ن که‌ ئه‌مه‌ داوایێکی ڕه‌وایه‌، داوایێکی تر داوای داگیرکه‌رانی کوردستانه‌ له‌ دوو ڕه‌نگا له‌ ڕه‌نگی خارج له‌ عێراق و له‌ ناو عێراقیش و کورده‌کانیش له‌ 16ی ئاکته‌وبریش ئه‌وامر بوونه‌ [که‌وا بڵین کوردستان هه‌لومه‌رجه‌ فرسه‌تێک بده‌نه‌ ده‌ست عه‌بادی که‌ بێته‌وه‌ بۆ کوردستان بۆ ده‌ڤه‌ری سلێمانی بۆ ئه‌م کیانه‌ هه‌رێمی کوردستان تێکبدات له‌و ڕاستایه‌دا بڕواتن] ئه‌گینا خۆپیشاندانی ئارام هیچ شتێک نییه‌ به‌ڵام خۆپیشاندانێکی چه‌کداری هێرش کردنه‌سه‌ر باره‌گای حکوومه‌ت، خه‌ڵک ئه‌مه‌ هیچ شتێک خزمه‌ت نه‌ به‌ ئینسانییه‌ت نه‌ به‌ مرۆڤایه‌تی نه‌ به‌ ئازادی نه‌ به‌ مرۆڤ ده‌کاتن له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ پیلانێکی داگیرکه‌رانه‌ی کوردستانه‌ دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان.

* کوردپرێس: وه‌ک ده‌زانن خۆتان ئاماژه‌تان دا که‌ هه‌ندێک له‌ داواکارییه‌کان ڕه‌وایه‌ ئێستا هه‌رێمی کوردستان له‌ بارودۆخێکی ئابووری و سیاسی قه‌یراناوی دایه‌، جه‌نابتان وه‌کوو لایه‌نێک که‌ سه‌ر به‌ پارتێکی ده‌سه‌ڵاتدارن، کی به‌ به‌رپرسیاری ئه‌م دۆخه‌ ده‌زانن؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: ئه‌مه‌ش ده‌توانین بکه‌ینه‌ دوو به‌شه‌وه. به‌شێک حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان که‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌رنامه‌یێکی دروستی هه‌بێت که‌ هه‌ندێکی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌ هه‌ده‌ر دانی سامانی گشتی و گه‌نده‌ڵی ئابووری. دووه‌میش ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که‌ ئێمه‌ هه‌میشه‌ له‌ قه‌یراندا بووینه‌ و وابه‌سته‌ به‌ حکوومه‌تی فیدڕاڵ بووینه‌. حکوومه‌تی فیدڕاڵیش هیچ کاتێک پابه‌ندی ده‌ستوور نه‌بوووه‌ که‌ له‌ 17 % بێنێت و له‌ دوای ئه‌وه‌ش شه‌ڕی داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ عه‌بادی سه‌رپه‌رشتی ده‌کات به‌ حه‌شدی شه‌عبی و به‌ هێزه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌ییشه‌وه‌ که‌ هێرشیان هێنا سه‌ر کوردستان ئه‌وانه‌ هه‌موو عاملن ئه‌گینا پێش ئه‌م مه‌سه‌له‌ی ڕیفراندۆمیش که‌ گه‌نم له‌ جووتیارانی کوردستان وه‌رگیراوه‌ پاره‌که‌ی له‌ ساڵانی 2014- 2015 -2016-2017 تا ئێستا عه‌بادی ده‌ستی به‌ سه‌ردا گرتوووه‌ ناهێڵێ بۆ جووتیارانی کوردستان بێت نه‌ک له‌ ڕووی سیاسییه‌وه‌ له‌ ڕووی ئیقسادییه‌وه‌ش‌ ته‌خریب بکات که‌ ئه‌مه‌ش به‌ پێی هه‌موو پێوه‌رێکی مرۆڤایه‌تی، شه‌رعی غه‌سبی ئه‌موالی جووتیارانی ئێمه‌شی کردوووه‌ و ئه‌مه‌ هیچ په‌یوه‌ندیێکی به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌ ئه‌مه‌شی تێکه‌ڵاوی سیاسه‌ت کردوووه‌.

* کوردپرێس: له‌ وته‌کانتاندا ئاماژه‌تان به‌وه‌ دا که‌ زۆربه‌ی خۆپیشاندانه‌کان له‌ ناوچه‌کانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان ئه‌نجام ده‌بێت واتا ئێمه‌ له‌ هه‌ولێر و دهۆک و بادینان جووڵه‌یێکی وا به‌رچاو نابینین، هۆکاری ئه‌مه‌ بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئیسقراری ته‌وازوعی خه‌ڵک له‌م ناوچانه‌دا و شێوه‌یێک له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئیداره‌یێکی ئاسایشێکی باشتر. ئه‌وینیشی که‌ له‌ 16ی ئاکته‌وبر ئه‌و که‌سانه‌ی په‌لکێشی مالیکی و جه‌یشه‌که‌یان کرد بۆ کوردستان له‌م سنووره‌ بوون. ئه‌م خه‌ڵکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عه‌یبه‌کانی خۆیان دابپۆشن له‌ هه‌مان شێوه‌ ژیانی خه‌ڵکی شاری سلێمانی، حه‌ڵه‌بجه‌، ڕانیه‌، کۆیه‌ تێکده‌ده‌ن و چاویان به‌ کوردستان هه‌ڵناییه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسیی کوردستان تێکبدات.

* کوردپرێس: لێره‌دا ده‌وری ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌و ناوچانه‌دا چی به‌سه‌ر دێت؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: ئێمه‌ ده‌بێ بزانین دوو ده‌سه‌ڵاتمان هه‌بوون، هێزێک که‌ له‌ پێشدا دوو ئیداره‌یی بوو، هێزێک که‌ سه‌ر به‌ ئیداره‌ی هه‌ولێر بوو و هێزێک که‌ له‌ 16ی ئاکته‌وبر به‌رپرسی ڕووداوه‌کانی که‌رکووک و دیکه‌ی ناوچه‌کان بوون هه‌مان ئه‌مانه‌ن که‌ له‌ سلێمانی و ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌دا ئه‌م ئاژاوانه‌ به‌شێک ده‌ستیان له‌وانه‌دا بێت و ئه‌و هێزانه‌ی که‌ به‌ ته‌ماوه‌نه‌ که‌ ده‌بینین به‌داخه‌وه‌ هه‌م سه‌رۆکی په‌رله‌مان و هه‌م جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان که‌ هه‌ر دووکیان له‌ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانن داوا ده‌که‌ن مالیکی بێ و ئینقلاب و کووده‌تایێک له‌ سه‌ر حکوومه‌تی هه‌رێم بکه‌ن که‌ ئه‌مه‌ش زه‌نگێکی مه‌ترسییه‌ ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی ببنه‌وه‌. خۆشبه‌ختانه‌ هێزه‌ ئه‌من و ئاسایشییه‌کان له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ ده‌ستیان گرته‌ به‌ ڕێگرتن له‌ گێره‌کێشه‌ هێنان. ئه‌مانه‌ خۆپیشانده‌ر نین، چۆن بوونه‌ گێره‌شێوێن و تێکده‌ری ئاسایشی نیشتمان.

* کوردپرێس: بۆ چاره‌سه‌ری و ده‌ربازبوون له‌م قه‌یرانه‌ هه‌ندێ له‌ لایه‌نی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکوومه‌تی ئێستا ده‌که‌ن جه‌نابتان وه‌کوو ئه‌ندام په‌رله‌مانتارێکی پارتی که‌ هێزی سه‌ره‌کین له‌ ده‌سه‌ڵات و له‌ حکوومه‌تدا خوێندنه‌وه‌تان بۆ ئه‌م داواکارییه‌ چییه‌؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: وه‌ڵڵاهی نازانم حکوومه‌تی کاتی چییه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌ خۆی سه‌رۆکی حکوومه‌ت داوای له‌ په‌رله‌مان کردوووه‌ به‌پێی یاسا له‌ ماوه‌ی سێ مانگی تر هه‌ڵبژاردن هه‌ڵبگیرێت. واتا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت له‌ سندۆقه‌کانی ده‌نگ ئه‌م ده‌نگه‌ ناڕازییانه‌ ده‌بێ هه‌مووی کۆ بکاته‌وه‌ و توانی چه‌ند ده‌سه‌ڵات بێنێ ئه‌گه‌ر هێزه‌کانی ده‌ره‌کی لێمان بگێڕێ.

* کوردپرێس: پێشبینی ئه‌وه‌ ده‌که‌ن له‌م‌ ماوه‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ بچێت؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: ئه‌وه‌ نیه‌تێکی هه‌یه‌. هه‌موو لایێک هیمه‌تی لێکردوونه‌. ده‌ڵێن حکوومه‌ت بڕووخێنن ئه‌وه‌ سه‌رۆکی حکوومه‌ت به‌ خۆی ده‌ڵێن فه‌رموو هه‌ڵبژاردن بکه‌ن بزانن قه‌واره‌ی هه‌ر لایه‌نێک چه‌نده‌.

* کوردپرێس: به‌ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌م بارودۆخه‌ و ئاماژه‌دان به‌ قه‌واره‌ی لایه‌نه‌کان کرد پێتان وایه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ گۆڕانکارییێک له‌ نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێمی کوردستان بێنێته‌ ئاراوه‌؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: بێ شک ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن نه‌وه‌ی نوێ و دادپه‌روه‌رین با خۆیان تاقی بکه‌نه‌وه‌ بزانین چه‌نده‌ ده‌توانن چی بکه‌ن و ئه‌وه‌سه‌ سندۆقی ده‌نگدان له‌ داهاتوودا ئه‌م وڵامه‌ ده‌داته‌وه‌.

* کوردپرێس: وه‌ک ده‌بینین نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و شاندی یاوه‌ری سه‌ردانی فه‌ڕه‌نسه‌ و ئه‌ڵمانیایان کرد و به‌ پێی به‌رنامه‌کان سه‌ردانی به‌ریتانیاش ده‌که‌ن، پێتان وایه‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ کاریگه‌ری له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر و به‌غدا و ده‌ست پێکردنی دانوستانه‌کان ببێته‌وه‌؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: ئێمه‌ ده‌زانین هێزه‌کانی ده‌سه‌ڵاتداری دونیا ئه‌مه‌ریکایه‌، به‌ریتانیا، ڕووسیا، چین، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و حه‌قی ڤێتۆیان هه‌یه‌ ئه‌مانه‌ ئه‌مریکا به‌ سه‌راحه‌ت ده‌ڵێتن ئێمه‌ له‌ پشتگری له‌ مانه‌وه‌ی هه‌رێمێکی به‌هێز به‌ سه‌رۆکایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی ده‌که‌ین و پیرۆزباییی خۆیشیان له‌م باره‌وه‌ بێت. به‌ فه‌رمیش هه‌م سه‌رۆک کۆماری فه‌ڕه‌نسا و وڵاتی ئه‌ڵمانیا و هه‌م سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیا به‌ فه‌رمی داوایان کردوون. ئه‌وه‌ په‌یامێکه‌ که‌ له‌ ڕووی دیپلۆماسییه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ره‌وپێش چووینه‌ به‌ڵام له‌ ڕووی بواری عه‌سکه‌ری، ئیقتسادی به‌ره‌و قه‌یرانێک ڕۆیشتووین به‌ یه‌کڕیزی خۆمان و به‌ ئیراده‌ی گه‌له‌که‌مان که‌ له‌ ته‌نگاوه‌دا به‌ پشتیوانی حکوومه‌ته‌که‌یان بوون ده‌توانن ئه‌م کێشانه‌ش چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

* کوردپرێس: دوێنێ دیمان حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ وته‌ی حه‌وتانه‌ی خۆیدا جه‌ختی کرده‌وه‌ سه‌ر سیاسه‌تی پێشووی خۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و داواکاری و پێشمه‌رجه‌کانی، ئه‌گه‌ر گریمان به‌غدا قائل نه‌بوو به‌ دانوستان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان و بودجه‌ و مووچه‌ی نه‌هه‌نارد و بژارده‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌ داهاتوودا چی ده‌بێت؟

- عه‌باس غه‌زاڵی: بێ شک ئێمه‌ ده‌زانین عه‌بادی پاشماوه‌ی عه‌قلییه‌تی دامه‌زراندنی عێراق له‌ فاشستییه‌تی سه‌دام و حزبی به‌عسه‌وه‌ هه‌ڵقوڵاوه‌. عه‌قڵییه‌تیان هه‌ر ئه‌وه‌یه‌. ڕه‌نگه‌ ناوه‌کان گۆڕا بن به‌ڵام هه‌مان عه‌قڵییه‌ته‌ و به‌ دڵنیایشه‌وه‌ عه‌بادی بودجه‌ ناهێنێ و مولته‌زم نابێ به‌ ده‌ستوور. ته‌نها ده‌یه‌وێ کورد له‌ ناو ببه‌ڕێ و قه‌واره‌ی هه‌رێمی کوردستان بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێک له‌ ڕووی ئیقتسادی له‌ ڕووی سیاسی و له‌ عه‌سکه‌ریشه‌وه‌ ئاماده‌یی بۆ هه‌ر ڕووداوێک هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان گفتوگۆ له‌ ژێر چه‌تری ده‌ستوور و عێراقێکی فیدڕاڵ و ئیلتیزام به ده‌ستووره‌وه ئه‌مه‌‌ ئه‌وله‌وییه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌. له‌ کۆتاییدا په‌یامی من بۆ‌ وڵاتانی دراوسێ و بۆ عێراق ئه‌وه‌یه‌ که‌ تا کوردستان ئارام نه‌بێ هیچ یه‌کێک له‌م وڵاتانه‌دا خێر و خۆشی له‌ خۆیان نابینن.

دیمانه: حەسەن ساڵحی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9875

Your Comment

You are replying to: .
captcha