کوردەکان حەقیان بە سەرمانەوە هەیە

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- وەزیری کار، هەرەوەز و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی دەڵێت: کوردەکان حەقیان هەیە بە سەرمانەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی ڕەبیعی ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بەفرانبار لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی پرۆژەی نەخۆشخانەی ٩٦ قەرەوێڵەییی مەهاباد وێڕای ئاماژە بە پێشینەی فەرهەنگ و شارستانییەتی مەهاباد وتی: من لەم شارەدا هەست بە غەریبی ناکەم. ئێرە شاری ناودارانی فەرهەنگ و ئەدەب وەکوو هێمن و هەژار و محەمەدی قازییە. ئێرە شاری پێاوێکی ئازا و بوێر وەکوو قازی محەمەدە کە دژ بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی پەهلەوی هەستاوەتەوە. هەروەها مەهاباد ٧٠٠ شەهیدی پێشکەشی شۆڕشی ئیسلامی کردووە ئەوڕۆ بە نموونەی ئاسایش و لەخۆبووردەیی دەناسرێت.

باسی لەوەش کرد کە گرینگترین جێگرایەتیی وەزارەتەکەی داوەتە کوردێکی سوننە و بەڕێوەبەری گشتیی فەرهەنگیی وەزارەتەکەشی لە دەستی خانمێکی سنەییە و پاشان دەری‌بڕی: ئێران موڵکی هەموو ئێرانییەکانە و کوردەکانیش بەسەر ئێمەوە حەقیان هەیە.

پاشان سەبارەت بە نەخۆشخانەکەی مەهاباد کە زیاتر لە ٦٠ ملیارد تمەن سەرمایەی بۆ دانراوە وتی: هیوادارین نەخۆشخانەکە لە داهاتوودا گەشەی پێبدرێت و تا ٤ ساڵی ئایندە دەگاتە ئاستی وەبەرهێنان.

ڕەبیعی ڕای‌گەیاند لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا ٣ ناوەندی دەرمانیی تایبەت بە دابینکاریی کۆمەڵایەتی هەبووە بەڵام بە نەخۆشخانەی مەهابادەوە لەم چوار ساڵە ئەو ژمارەیە دەگاتە ٥ ناوەند.

وەزیری کار هەروەها ئاماژەی کردە بووجەی ڕەخساندنی کار بۆ هەمووان لە پارێزگادا و وتی بڕی ٧٥٥ ملیار تمەن بۆ ئەم کارە تەرخان کراوە و ڕەوتێک دەستی پێکردووە تاوەکوو هەموو نادادوەرییەکان لەم بوارەدا بسڕدرێنەوە و ئەمەشپێویستی بە پشوودرێژی، بەرنامە و عەقڵانیەت و تێکۆشان هەیە.

لە کۆتاییدا عەلی ڕەبیعی وەزیری کار، هەرەوەزی و ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی هیوای خواست هەوڵەکانی دەوڵەت لە تێکڕای کوردستان بەردەوام بن و وتی: دەنگی زۆری مەهاباد بۆ دکتور ڕۆحانی لە ڕاستیدا دەنگ بە بیرۆکە و ڕێباز بووە و ئێمەش هەوڵ دەدەین ئەو ڕێبازە بەردەوام بێت.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9832

Your Comment

You are replying to: .
captcha