بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فڕۆکەیێکی جەنگیی سوپای سووریا لە باکووری پارێزگای حەما کرایە ئامانجی چەکی دژە فڕۆکە و کەوتە خوارەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان فڕۆکەکە لەلایەن گرووپی ناودار بە سوپای ئازادی ئەدلیبەوە خراوەتە خوار کە لەو گرووپانەی سەر بە سوپای ئازادی سووریایە.
مستەفا حسێن وتەبێژی سوپای ئازادی ئەدلیب لەمبارەوە دەڵێت: فڕۆکەکە جۆری "ئێڵ ٣٩" و موڵکی سوپای سووریا بووە و نزیک لە گوندەکانی ئەبوو دالی و ئوم قەریتەین لە ڕۆژهەڵاتی حەما لەلایەن یەکەی دژە فڕۆکەوە کراوەتە ئامانج.
باس لەوەش دەکرێت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێک وێنە بڵاو بۆتەوە کە گوایە فڕۆکەوانی هەمان فڕۆکە کەوتۆتە دەستی گرووپە بەرهەڵستکارەکانی سووریا.
هەواڵدەریی حکوومیی سووریاش کەوتنەخواری فڕۆکەکەی پشتڕاست کردۆتەوە و کاربەدەستێکی سەربازیی ئەو وڵاتەش کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت هەواڵەکەی پشتڕاست کردۆتەوە بەڵام دانی بەوەدا نەناوە کە فڕۆکەوانەکە کەوتبێتە دەستی بەرهەڵستکاران و وتوویەتی کە شەڕی میدیایی و پڕۆپاگەندەی گرووپە تیرۆریستییەکانە. ناوبراو باسی لەوە کردووە کە فڕۆکەوانەکە گیانی دەرنەکردووە و تیاچووە.
سەرچاوە: ئانادۆلۆ
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment