به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، "وه‌رزی تووتڕک" ناوی فیلمێكی نوێی سینه‌مایییه كه چیرۆكه‌كه‌ی له ڕۆمانێكی موراد تورک ڕۆماننووسی كورد وه‌رگیراوه و هاشم ئایده‌میر ده‌رهێنه‌ریه‌تی.
زانا حه‌مه، پرۆدیۆسه‌ری فیلمه‌كه به ئه‌ده‌ب و كولتووری ڕووداوی ڕاگه‌یاند: چیرۆكی فیلمه‌كه له ڕۆمانی "چادرهكان"ی موراد تورک وه‌رگیراوه و ئه‌رۆل باڵجی، سیناریۆی بۆ نووسیوه.
ناوبراو ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: فیلمه‌كه له‌لایه‌ن كۆمپانیای میر مه‌ڵتی میدیا، ماڵی سینه‌ما و زاک فیلمه‌وه به‌رهه‌م دێت و سه‌رپه‌رشتیی ناردنی فیلمه‌كه ده‌كه‌ن بۆ فێستیڤاڵه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌رهه‌می هاوبه‌شی كوردستان و ئه‌ڵمانیایه و بۆ ساڵی 2018 ئاماده ده‌کرێت.
زانا حه‌مه گوتیشی: ستافی كار كردنی فیلمه‌كه له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان و نه‌ته‌وه‌ی جیاواز پێكهاتوون و زیاتر له 180 كه‌س له فیلمه‌كه‌دا به‌شدارن.
ئه‌م به‌رهه‌مه ئێستا له قۆناغی مۆنتاژدایه و بڕیاره بۆ ساڵی داهاتوو له فێستیڤاڵه ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌شدار بێت.
چیرۆكی فیلمه‌كه باس له شۆڕشگێڕێكی كورد ده‌كات كه له شه‌ڕدا بریندار ده‌بێت و له هه‌ڤاڵه‌كانی داده‌بڕێت و به ژیانێكی قورس و دژوار‌دا تێده‌په‌رێ و دواجار ململانێیێكی سه‌خت له‌گه‌ڵ مردن ده‌كات.
هاشم ئایده‌میر ده‌رهێنه‌رێكی كوردی باكووری كوردستانه. تاوه‌كوو ئێستا كاری بۆ چه‌ند دراما و فیلم كردوووه له‌وانه‌ش درامای ته‌له‌فزیۆنیی "خاک و ژیان" و فیلمی سینه‌مایی "14ی جووڵای".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment