کوردپرێس:
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران ڕۆژی شەمە 21ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 11ی کانوونی دووهەمی 2020 لە پەیامێکدا وێڕای سەرەخۆشی کردنی دوبارە لە بنەماڵەی قوربانیان و گیانبەختکردووانی فڕۆکەی گەشتیاریی بوینگ 737 کە لە ئێران کەوتە خوارەوە، ڕایگەیاند: دەبێت داوای ئەوە لە بەرپرسان بکەم کە ئەوەی دەستی لەم ڕووداوەدا بووە یان هەڵەیێکی کردووە سزا بدرێت و ڕێوشوێنێک بگیردرێتە بەر کە شتی وا دووپات نەبێتەوە.
لە پەیامەکەی ئایەتوڵڵا خامنەییدا تیشک خراوەتە سەر ئەوەش کە ئەرکانی گشتیی هێزی چەکداری ئێران بە وردی خوێندنەوەی تێروتەسەل بۆ ڕووداوەکە بکات و بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو کەسانەی لە ڕووداوەکەدا قوسوور یان هەڵەیێکیان کردبێت بکرێت.
شایانی باسە دەمەوبەیانی ڕۆژی شەمە 21ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 11ی کانوونی دووهەمی 2020 ئەرکانی هێزی چەکداری ئێران لە بەیانێکی فەرمیدا ڕایگەیاند فڕۆکەی گەشتیاریی ئوکراین لە جۆری بویینگ 737 کە کاتژمێر 6 و 18 خولەکی بەیانی لە نزیک فڕۆکەخانەی ئیمام خومەینی لە تاران کەوتە خوارەوە بە مووشەکی سوپای پاسداران کەوتۆتە خوارەوە.
Your Comment