زیاتر لە 3 هەزار كەس لە كوردستانی سووریا بێسەروشوێنن

بەشی سووریا- فەرماندەییی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، لیژنەیێكیان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو 10 ئەندامەی ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سووریا (ئەنەكەسە) پێكهێناوە، كە بێ سەروشوێنن.

کوردپرێس:

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕایگەیاند لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەكەیان بۆ یەكخستنی گوتاری كورد لە سووریا و لەسەر داوای ئەنەكەسە، لیژنەیێكیان پێكهێناوە بۆ دۆزینەوە و ئاشكراكردنی چارەنووسی ئەو دە ئەندامەی ئەنەكەسە، كە بێسەروشوێنن.

هەر لەو راگەیەنراوەدا هەسەدە ئەوەشی خستوەتە ڕوو، كە بەدرێژاییی ساڵانی ڕابردوو 3 هەزار و 286 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی رۆژئاوای كوردستان ونبوون، لەوانە 544 كەسیان لە لایەن داعشەوە رفێنراون، 2 هەزار و 368 كەسیان لەلایەن گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا و 374 كەسیشیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەكانی سەر بە حكوومەتی ناوەندیی سووریاوە رفێنراون.

لە كۆتاییی راگەیەنراوەكەیدا هەسەدا باسی لەوە كردووە، بەدواداچوونی چارەنووسی ونبووان ئەرکێكی ئەخلاقی و یاسایییە و پێویستی بەكاری هاوبەشە، هەروەها پێویستی بە هاوكاریی هەموو لایەنە كاراكانە و بەرپرسیاریەتییەكەشی لە ئەستۆی دامەزراوەكانی بەڕێوەبەری خۆسەرە لە باكووری سووریا بۆ گەییشتن بە ئەنجامی پێویست.

دەقی راگەیێندراوەکە:

لەسەر بنەمای ئەو دەستپێشخەریەی فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ یەكخستنی گوتاری كوردی لە سووریا و لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكان بۆ بونیادنانی متمانە لە نێوان لایەنە سیاسییە كوردییەكانی لە سووریا پێشكەشیكردووە، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی هەسەدە بە فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی ـ لیژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە بەدواداچوونی راستییەكان لەبارەی ونبوونی ئەو 10 كەسە پێكهێنا كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەن ناوەكانی پێشكەش كردوون.

لە 15ی كانوونی یەكەمی 2019 فەرماندەیی گشتی لیستێكی لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی لە سووریا پێگەییشت كە ناوی 10 كەسە ونبوەكان و شوێنی و مێژووی ونبوونیانی لەخۆگرتووە:

1 ـ جمیل عومەر، لە 13ی تەممووزی 2012 لە قامشلۆ ونبووە

2 ـ بەهزاد دورسن، لە 24ی تشرینی یەكەمی 2012 لە دێرك ونبووە

3 ـ نیزاڵ عوسمان، لە 24ی تشرینی یەكەم 2012 لە دێرك ونبووە

4 ـ ئەحمەد عوسمان سیدۆ، لە 19ی ئەیلوولی 2013 ونبووە

5 ـ ئەحمەد خەلیل سینۆ، لە 11ی تشرینی یەكەمی 2013 لە عەفرین ونبووە

6 ـ ئیدریس عەلۆ، لە 8ی تشرینی دووەمی 2013 لە عەفرین ونبووە

7 ـ شەعبان عەبدولحەمید شێخۆ، لە 15ی تشرینی دووەمی 2013 ونبووە

8 ـ ئەمیر حامد، لە 11ی كانوونی دووەمی 2014 لە دەرباسیە ونبووە

9 ـ فوئاد ئیبراهیم، لە 24ی ئاداری 2017 لە دێرك ونبووە

10 ـ سعود میزر عیسا، لە 27ی تشرینی دووەمی 2019 لە درباسیە ونبووە

دوای وەرگرتنی لیستەكە لێژنەی لێكۆڵینەوەی تایبەت بەو بابەتە دەستبەكاربوو و دوای بەدواداچوونی چڕ لە پڕۆسەكانی ونبونی ئەو كەسانەی ناویان لە لیستەكەدا هاتووە دەركەوت كە لە كۆی 10 كەس 8 یان لە قۆناخی گرژیە ئەمنییەكان و هەوڵەكانی كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەكە و بڵاوبوونەوەی شانە تیرۆریستی و هەواڵگرییەكانی سەربە لایەنە ناوخۆیی و هەرێمیەكان ونبوونە.

هەروەها 8 كەسیان پێش پێكهێنانی خۆسەری و دامەزراوەكانی بەفەرمی ونبوونە، پێش پێكهێنانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لە 21ی كانوونی دووەمی 2014 هەروەها یەكەم حاڵەتیش پێش پێكهێنانی یەكەكانی پاراستنی گەل بووە".

سەرەڕای ئەو سەختیانەی رووبەڕووی لیژنە بووەتەوە لەكاتی پڕۆسەكانی لێكۆڵینەوەو پشكنین و ئەو گۆڕانكاریە زۆرانەی روویاندا، لیژنەکە توانی بگاتە هەندێك وردەكاری كە دەكرێت چارەنووسی هەندێك لە ناوەكانی لیستەكە بەدەستبینێت،

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەكانی لیژنە جەمیل عومەر، ئەندامی پێشووی پارتی یەكێتی دیموكرات PYD لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سەربە حكومەتی ناوەندی سووریا لە قامشلۆ رفێندراوە، هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی ونبوونی ئەمیر ئەحمەد و فوئاد ئیبراهیم لە ئەستۆی هێزە سەربازییەكانمانە، لێكۆڵینەوەش بۆ دۆزینەوەی ئەو كەسانەی هۆكاری رفاندنیانن بەردەوامە.

هەر لەم بارەوە خانەوادەی قوربانییەكان و لایەنە سیاسییە پەیوەندیدارەكانیش لە ئەنجام و وردەكاری لێكۆڵینەوەكان ئاگاداركراونەتەوە، لێژنەی لێكۆڵینەوە جەختی كردوەتەوە كە سعود مزر عیسا لەلایەن ئاساشی گشتی دەستگیركرابوو و دواتر لە 20 ی كانوونی یەكەمی 2019 ئازادكراوە.

تاوەكوو ئێستاش لیژنەی لێكۆڵینەوە لە بەدواداچوون بۆ چارەنوسی بەهزاد دورسن و نیزاڵ عوسمان هیچی دەستنەكەوتووە كە لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكەكانی پاراستنی گەل YPG ونبوونە، ئەمەش هێزەكان و هێزە ئەمنییەكان دەخاتە ژێرپرسیاری كارگێڕی و بەردەوامی لێكۆڵینەوەكان بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسیان و بەپرسیاریەتییەکەش یاساییە و دەكەوێتە سەر شانی هێزەكانمان.

لەلایێكی دیكەوە لیژنە نەیتوانیوە چارەنووسی ئەو كەسانە ئاشكرابكان كە لە عەفرین ونبوونە، ئەمەش بەهۆی سەختی گەییشتن بە عەفرین و ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە، كە لەلایەن هێزە داگیركارەكان داگیركراوە و سەرەڕای رەوشی شارەكە و هۆكاری دیكەی پەیوەست بە داگیركاری.

ئێمە لە هیزەكانی سووریای دیموكرات جەختدەكەین كە دۆسیەی بێسەروشوێنبووان بەزۆری لە ناوچەكانی رۆژئاوا ـ جەزیرە و كۆبانێ و عەفرین، دۆسیەیەكی گەورەو ئاڵۆزە، تاوەكو ئێستاش ناوی 3 هەزارو 286 ونبوو بە دۆکیۆمێنتكراوە، لەو ژمارەیەش 544 یان لەلایەن داعش رفێندراون و 2 هەزارو 368 یان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانی سەربە هاوپەیمانی نیشتمانی سووری و هێزەكانی ئۆپۆزیسیۆن و حكومەتی كاتی سووریا رفێندراون، هەروەها 374 یشیان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی سەربە حكومەتی ناوەندی سووریا رفێندراون.

بەدواداچوونی چارەنوسی ونبووان ئەرێكی ئەخلاقی و یاساییە و پێویستی بەكاری هاوبەشە، هەروەها پێویستی بە هاوكاری هەموو لایەنە كاراكانەو بەرپرسیاریەتییەكەشی لە ئەستۆی دامەزراوەكانی بەڕێوەبەری خۆسەرە لە باكووری سووریا بۆ گەییشتن بە ئەنجامی پێویست.

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات

10ی كانوونی دووەمی 2020

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 97195

Your Comment

You are replying to: .
captcha