نە حکوومەتی هەرێم و نە دەوڵەتی عێراق ئێزدییەکانیان هەمبەر داعش نەپاراست

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نادیە موراد، کچە چالاکی ئێزدی ڕایگەیاند، لەکاتی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان نە حکوومەتی هەرێم نە حکوومەتی عێراق بەهانایانەوە نەچوون و بەرگرییان لێ نەکردوون. 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕێورەسمی بەخاک سپێردرانی ڕوفاتی 104 کەس لە قوربانیانی گوندی کۆجۆ لە وتارێکدا نادیە موراد، کچە ڕزگاربووی دەستی داعش و چالاکوانی ئێزدی و هاوکات باڵیۆزی نیازپاکی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند ھیچ لایەنێک ئێزدییەکانی لە ھێرشی داعش نەپاراست دەبوایە لەم ڕێورەسمەدا سەرکۆماری عێراق و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئامادەبوونایە.

نادیە موراد وتیشی، "ئامادەنەبوونی سەرۆکى هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق مانای وایە کە دەڤەری شنگال نائارامە و ژیان تێیدا زەحمەتە و ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە".

نادیە موراد باسی لەوەش کرد کە "ڕاستە ھێزی سوپا لە ناوچەکەدا بوونی ھەیە، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە کەمتەرخەمی ھەیە".

هاوکات نەوزاد هادی، نوێنەری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کوردانی ئێزدی لەسەر جیاوازیی ئاینیی کۆمەڵکوژکران و وتی، "کۆمەڵکوژی گوندی کۆجۆ بۆ ئێمە، رووداوێکی خەمبار و سامناک بوو".

نەوزاد ھادی وتیشی، ئەوەى بەرامبەر ئێزدییەکان کراوە ئامانج لێی تێکدانی پێکەوەژیان بوو و ڕێگری لە دووبارە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دەکەین.

لای خۆیەوە دیندار زێباری، نوێنەری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە بەڵگەی زۆریان لەسەر کومەڵکوژی کوردانی ئێزدی پێشکەش بە ناوەندەکانی نێودەوڵەتیی کردووە.

دیندار زێباری ئەوەشی وەبیرھێنایەوە کە ژمارەیێکی زۆری پێشمەرگە لە شەڕی دژبە داعش شەھید و برینداربوون و وتی: "رێگری لە دووبارە کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دەکەین".

کەسوکاری ئەو قوربانیانە پێشتر بە ھاوکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای شەھیدانی حکومەتی فیدڕال، ئامادەکاریی تایبەتییان بۆ بەخاکسپاردنی روفاتی قوربانیان ئەنجام دابوو.

رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 ھێرشێکی بەرفراوانی بە مەبەستی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی بۆ سەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا ئەنجام دا و دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەرەورووی گەورەترین کۆمەڵکوژی لە لایەن ئەو رێکخراوە بوونەوە.

گوندی کۆجۆ بە دووری 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری قەزای شنگال و بە گەورەترین گوندی ئێزدییەکان و دوا سنووری ناوچەکانی نیشتەجێی ئێزدییەکان دادەنرێت. دانیشتوانی گوندی کۆجۆ بەر لەو کارەساتەی بەرامبەریان ئەنجام بدرێت، 780 خێزان بوون و لە عەشیرەتی "مەنتکان"ی ئێزدییەکانن.

ڕێکخراوی داعش ھەزار و 200 کەس لە دانیشتوانی گوندەکە رفاند و بە پێی ئامارە نافەرمییەکان، لەو ژمارەیە، 700 کەسیان کۆمەڵکوژ کراون کە تا ئێستا رووفاتی 246 قوربانی لە لایەن حکوومەتی فیدڕاڵەوە بە ھەماھەنگیی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان دۆزراونەتەوە و رەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون کە لەو ژمارەیە تەنیا 104 کەسیان ناسراونەتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 971

Your Comment

You are replying to: .
captcha