کوردپرێس:
كۆسرەت ڕەسول عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی زاینی پیرۆزباییی لە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و رایگەیاند، لەم بۆنەیەدا جەخت لە هەوڵی دوولایەنە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە بەغدا دەکەنەوە.
لە نامەکەی کۆسرەت ڕەسووڵدا نووسراوە، "بەبۆنەوەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی زایینی گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابت و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەم و ئاواتەخوازم ساڵی تازە ساڵی بەدیهاتنی خەونەكانی گەلەكەمان بێ."
لەبارەی داهاتوی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتیش ئەوەی خستووەتە ڕوو، "ئەم بۆنە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم جەخت لە پەیوەندیی دو قۆڵیی نێوانمان بكەمەوە بە ئامانجی خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و زاڵبوون بەسەر قەیرانەكاندا".
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا ڕوونی دەکاتەوە هیوادرە "بەیەكدەنگی و یەكگوتاریی نێوان سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان هەوڵی جدی بدەین بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستووری و دیموكراتییەكانمان لە عێراقی فیدراڵدا".
Your Comment