یەکێتیی نیشتمانی: پشتیوانی لە هەڵوێستی سەرۆک کۆمار دەکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەندامێکی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند پشتیوانی لە هەڵوێستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکەن، کە ئامادەیی بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی راگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سه‌عدی پیره‌، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی له ‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "ئه‌م بارودۆخه‌ی ئێستا دروست بووه‌ به‌رهه‌می جێبه‌جێ نه‌کردنی ئه‌رکی لێپرسراوانی عێراقه‌، خه‌ڵکی عێراق ئازاری زۆری بینی له‌سه‌رده‌می سه‌دام حسێن، ئێستاش به‌هۆی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و زۆریی گه‌نده‌ڵی و به‌ده‌مه‌وه‌ نه‌هاتنی جه‌ماوه‌ر و گه‌نجانه‌وه‌، خۆپیشاندانی گه‌وره‌ی لێکه‌وتۆته‌وه‌".

سه‌عدی پیره‌ئاماژەی بەوەشکرد، "لایه‌نێکی سیاسیی عێراقی، ئه‌سعه‌د عیدانی پێشکه‌ش کردوه‌ و داوا له‌ سه‌رۆک کۆمار ده‌که‌ن به‌رزی بکاته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێ، سه‌رۆک کۆماریش ئه‌م بابه‌ته‌ی به‌گرنگ وه‌رگرت، به‌ڵام روون نیه‌ و دووفاقی هه‌یه‌ که‌ چ لایه‌نێک گه‌وره‌ترین کوتله‌یه‌، بابه‌تێکی تریش نه‌بوونی کۆده‌نگی نێوان لایه‌نه‌کانه‌".

پیرە باسی لەوەش کردوە، ئامانجی سه‌رۆک کۆمار بۆ ناوزه‌ند نه‌کردنی کاندیدی سه‌رۆک وه‌زیران، راگرتنی خوێنرێژی و راگرتنی بارودۆخی ئاڵۆزه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستنیشان کردنی ئه‌سعه‌د عیدانی ببێته‌ هۆی قوڵکردنی فیتنه ‌و نه‌هێشتنی ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی له ‌به‌غدا و شاره‌کانی دیکه‌ کارێکی خراپه‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌، سه‌رۆک کۆمار پشتیوانی له‌کاری خراپ ناکات و نایه‌وێت ناکۆکییه‌کان قووڵ بکاته‌وه‌ و ڕێگه‌ش به‌خوێن ڕێژی نادات.

سەعدی پیرە پشتیوانی یه‌کێتی بۆ به‌رهه‌م ساڵح راگه‌یاند و وتی: "هه‌ڵوێسته‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار و داواکاریه‌که‌ی بۆ زیاتر گفتوگۆکردن و گه‌یشتن به‌ڕێکه‌وتن کارێکی دروسته‌، ئێمه‌ پشتیوانی له‌ هه‌ڵوێسته‌که‌ی ده‌که‌ین، پێمانوایه‌ هه‌ڵوێسته‌که‌ی دروسته‌ و داواش له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان ده‌که‌ین بگه‌نه‌ رێککه‌وتنێک بێ ئه‌وه‌ی ناکۆکی و ئاڵۆزی زیاتری لێبکه‌وێته‌وه‌".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 97011

Your Comment

You are replying to: .
captcha