کوردپرێس:
بەرهەم ساڵح لە پەیامەکەیدا کە لەلایەن میدیای حیزبەکەیەوە بڵاو کرایەوە ئاماژەی بەوە کرد، "بەرپرسیاریێتی خۆمان لەبەرامبەر گەلەکەمان جێبەجێ دەکەین و بە ئیرادەیێکی پۆڵایینەوە رووبەڕووی ئەو گرفتانە دەبینەوە لەبەردەمماندا هەبوون".
بەگوتەی بەرهەم ساڵح، لە کۆنگرەی چوارەم بەڵێنی نوێبوونەوەیان بە حیزبەکەیان و خەڵکی کوردستان دووپات کردووەتەوە تاوەکوو دڵنیایی بدەنە خەڵکی کوردستان و لایەنگرانی یەکێتی کە هەموو توانایەکیان بۆ سەقامگیری، ئاشتی کۆمەڵایەتی و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان لایەنەکان و یەکخستنی تواناکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەکان دەخەنە ڕوو.
بەرهەم ساڵح کە بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی هەڵبژێردرا و بە گوتەی بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرە بەربژێرە بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، "سەرکەوتنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی هەموو لایەکمان دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریێتییەکی قورس کە یەکڕیزی نێو یەکێتی بپارێزین و لەگەڵ لایەنەکانیش هاوکار و هەماهەنگ بین بۆ چارەسەکردنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی بژێوی خەڵک و زامنکردنی حوکمڕانی دادپەروەر و دروست. بۆئەوەش پێویستە یەکێتی لەنێوان لایەنەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دروست بکات".
بەرهەم ساڵح ئەوەیشی گوت "کۆنگرەی چوارەم وێستگەیەکی گرنگ دەبێت بۆ رێکخستنەوەی سیاسەتی نێوخۆی یەکێتی و بەدیهێنانی حوکمڕانیەتییەکی دادپەروەر و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان".
ئەمە لەکاتێکدایە لە رۆژی شەممە 21-12-2019 چوارەمین كۆنگرەی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی بە ئامادەبوونی زیاتر لە هەزار ئەندام دەستیپێكرد، نزیكەی 450 ئەندام خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی گشتی ئەو حیزبە بەربژێركردووە، تاوەكو ئێستا جیاكردنەوەی دەنگەكان بەردەوامە.
زانیاری زیاتر لەبارەی ئەنجامە نافەرمییەکانی دەنگدانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی گشتیی یەکێتی و بەڕێوەچوونی پرۆسەکە:
Your Comment