ڕاپۆرتی میدیایێکی ئەمریکی لە سەر قورئانی نگڵ

بەشی جیهان- گۆڤاری ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا باسی قورئانی نگڵی کردووە و دەڵێت ئەو قورئانە مێژوویییە دەورێکی گرینگ دەبینێت لە ناسنامەی دانیشتووانی گوندەکە و هاووڵاتییانی نگڵ بە گرینگییەوە دەڕواننە قورئانەکە.

کوردپرێس:

گۆڤاری ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا سەرنجی خستۆتە سەر قورئانێکی مێژوویی و دەستنووس کە لە گوندی نگڵی نێوان جادەی مەریوان و سنە لە مزگەوتی گوندەکەدا چاودێری دەکرێت و خەڵکی ناوچەکە بە پیرۆزییەوە دەڕوانن ئەو قورئانە کە دەوترێت لە سەر پێستی ئاسک و بە خەتی کووفی لە سەردەمی خەلیفەی سێهەمی ئیسلام حەزرەتی عوسمانی کوڕی عەفان نووسراوە.

تۆفێق یەک لە 4000 دانیشتووی گوندی نگڵە و دەڵێت ئەگەر قورئانەکە لەو گوندە نەبێت تاریکی ئەو ناوچەیە دادەگرێت و هەژاری و دەستتەنگی ڕوویان تێدەکات و بەرەکەتی ژیانیان نامێنێت.

نگڵ لە بەری ژوورووی دۆڵێکی گورەوەیە و نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە سنووری عێراقەوە دوورە و دوو شاری سنە و مەریوان پێکەوە دەلکێنێت. هاووڵاتییانی گوندەکە بە هۆی قورئانەکەوە ناویان دەرکردووە کە کتێبی پیرۆزی موسڵمانانە و لە مزگەوتی عەبدوڵڵا کوڕی عومەر لە گوندی نگڵ چاودێری دەکرێت.

بەڵگەی فەرمی و مێژوویی بەدەستەوە نیە کە مێژووی قورئانەکە پشتڕاست بکاتەوە و تاکە بەڵگە قسەی زارەکیی باپیرانی ناوچەکەیە کە سینە بە سینە گەشتۆتە دەست دانیشتووانی گوندی نگڵ و ئەو گێڕانەوەیەش تێکەڵێکی جوانە ڕاستییەکان و دیلۆک و موعجیزە و تا ئەم کاتەش هیچ بەڵگەیێکی بەدیل بەدەستەوە نیە و ئەمە تاکە گێڕانەوەی قبووڵکراوە.

کەسایەتیی شوانێک دەوری سەرەکی دەبینێت لە ئەم گێڕانەوەیە ئەوەش وەک زۆرینەی چیرۆکە ئوستوورەیییەکان و گێڕانەوە ئاینییەکان، شوانێکی کردۆتە پاڵەوانی گێڕانەوەکە. شوان کەسایەتییێکی کە بە حوکمی ئەو ئارامشەی لە ژیانیدا هەیە بۆی دەلوێت دەست بداتە بیرکردنەو و قووڵ بوونەوە لەبارەی دیاردە نائاشناکانی جیهان.

دانیشتووانی گوندی نگڵ وای دەگێڕنەوە کە شوانێکی ئەو گوندە لە دەوروبەری گوندەکە ئاژەڵ دەلەوەڕێنێت و گوڵێکی زۆر جوان و نایاب دەبینێت. کاتێک دەست بۆ چنینی گوڵەکە دەبات سندووقچەیێکی چێوین دەبینێتەوە. شوانەکە ناتوانێت سندووقە هەڵبگرێت بۆیەش نازانێت چی لە نێو سندووقەکەی نێو خاکە. بۆیە داوای یارمەتی لە کەسێکی گوندێکی دەوروبەرد دەکات و کە سندووقەکە دەکەنەوە قورئانێکی دەستنووسی تێدا دەبیننەوە. دانیشتووانی ئەو دەورە کە بە دۆزینەوەی قورئانەکە موعجیب بوون بڕیار دەدەن مزگەوتێک لەو جێگایە بکەنەوە و لە هەمان شوێندا پارێزگاری لە قورئانەکە بکەن. بەرەبەرە دانیشتووانی ئەو دەورە دەیگوێزنەوە بۆ دەوری مزگەوتەکە و لەوی دەست دەکەن بە بیناکردنی ماڵەکانیان و گوندێک دروست دەبێت کە ناوی دەنێن "نگڵ".

بۆچوونی زۆر لەبارەی شێوەی ناونانی گوندەکەوە لەبەردەستدایە بەڵام مەقبووڵترین بۆچوون کە خەڵکی ناوچەکەش قبووڵیان کردووە ئەوەیە کە نگڵ لە دوو وشەی "نەو + گوڵ" پێکهاتووە و هەمان گوڵی تازەیە کە شوانەکە دۆزیویەتەوە و بووە بە ڕێپیشاندەر بۆ دۆزینەوەی قورئانەکە.

ژمارەیێک لە توێژەران مێژووی قورئانەکە دەگێڕنەوە بۆ سەدەی دەیەمی زانینی بەڵام دانیشتووانی نگڵ بڕوایان وایە ئەو قورئانە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم. بنەمای بڕواکەش ئەوەیە کە نوسخەی هاوشێوەی ئەو قورئانە لە سەردەمی خەلافەتی حەزرەتی عوسمانی "ذوالنورین" خەلیفەی سێهەمی موسڵمانان (579-656ی زاینی) نێردراوەتە سەرتاسەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش عێراق و سووریا.

نوسخەی ئەم قورئانە 364 لاپەڕەیە و بە سەر کاغەزێکی ساف و بەدەوام و قایم نووسراوە کە بە کاغەزی سەمەرقەندی ناسراوە و بەشێک لە نووسراوەکانی قورئانەکەش زێڕکاری کراوە. ئەم کاغەزە کاتی خۆی لە شاری ئوزبەک نشینی سەرمەرقەند بەرهەم دەهێنرا.

تۆفێق دانیشتووی گوندی نگڵ بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: "1992 کە قورئانەکە دزرا هەموو گوندەکە تەم و خەم و پەژارە دایگرت." تۆفێق و چەند کەسێکی دیکەی "هەیئەت ئومەنا"ی مزگەوتی عەبدوڵڵای کوڕی عومەر و هەروەها ئەفسەرانی پۆلیس و چەند کەسی دیکەی خەڵکی نگڵ یەک مانگی ڕەبەق بێ وچان بەدوای قورئانەکەدا گەڕان. تێکۆشانی بێ وچانی نگڵییەکان گەشتە ئەنجام و بە دوای دزەکاندا گەشتنە شاری ئەبهەری ئێران لە باشووری شاری جەهروم. ئێرە ئەو جیگایە بوو کە دزەکان خۆیانیان تێدا حەشار دابوو.

تۆفێق دەشڵێت: پاش ئەوەی قورئانەکە دۆزرایەوە شادی گەڕایەوە دڵی دانیشتووانی گوندەکە و زیاتر لە 300 سەر حەیوان قوربانی کرا بۆ پێشوازی کردن لە هێنانەوەی ئەو کتێبە پیرۆزە.

پاش 12 ساڵ واتا ساڵی 2004یش دیسان قورئانەکە دزرایەوە. بە وتەی تۆفێق "گەڕان دوبارە بۆ دۆزینەوەی قورئانەکە دیسان ئەنجامی بوو بەڵام ئەمەم پێ باس ناکرێت و نازانم دزەکان چییان بەسەر هات." تۆفێق دەڵێت بە ڕوونی ناوی دزەکان و شێوەی دەموچاویانی لەبیرە.

عەلی، مجێورێکی مزگەوتەکەی نگڵە و 24 سەعاتی شەو و ڕۆژ چاودێریی قورئانەکە دەکات و دەڵێت: "کاتێک کەسێک ناسنامەکەی لێ ون دەبێت هەستێکی نائەمنی ئازاری دەدات." ناوبراو دەڵێت ناتوانێت وەسفی ئەو پەرۆشی و دڵەڕاوکێیە بکات کە پاش دزرانی قورئانەکە بەرۆکی دانیشتووانی گوندی نگڵی گرتبوو. بەوتەی ناوبراو، حاجی عەلیی نگڵ لە ماوەی ئەو 130 ڕۆژەدا کە قورئانەکە دزرابوو ئاڵا و پەڕۆی ڕەشی بە ماڵەکەیدا ئاوێزان کردبوو و هەموو ئەو 130 ڕۆژە بەڕۆژوو بوو.

عەلی ئەوەشی وتووە "دیکەی هاووڵاتییانیش ئەوەی لەدەستیان دەهات دەیانکرد بە خێرات بۆ ئەوەی قورئانەکە دیسان بدۆزرێتەوە و بێتەوە گوندی نگڵ. من ژنێک دەناسم هەموو پارە و زێڕەکانی کرد بە خێرات بۆ دۆزینەوەی قورئانەکە و کە دۆزرایەوە هەموو زێڕەکانی خۆی بەخشی. هەموو ئەم نیەتە خێر و ڕاستەقینانە دەوری بینی لە دۆزینەوەی قورئانی نگڵدا."

خەڵکی نگڵ پاش ئەوەی بۆ دووهەم جار قورئانەکە دۆزرایەوە هێنایان لە جامێکی گوللە نەبڕ دایاننا و بە شووشی ئاسن دەوری جامەکەیان گرت و سیستەمی کارەبارییی دزگیریان بۆ دانا. ئێستا قورئانەکە بە باشی لە مزگەوتی "عبداللە بن عمر"ی نگڵدا پارێزگاریی لێدەکرێت. بەڵام بۆ هەموو موسڵمانان و گەشتیاران کە دێن و پارەیێک دەخەنە سندووقەکەی تەنیشت قورئانەکە لە بەردەستدایە. بە وتەی تۆفێق مانگانە پارەی سندووقەکە دەگاتە 50 ملوێن تمەن کە تەقریبەن بەرانبەرە لەگەڵ 12000 بۆ 24000 دۆلار. ئەمەش بڕە پارەیێکی گونجاوە بۆ مەسرەفی مزگەوتەکە و باقی پارەی زیادییەکەش دەکرێت بە خێر و لە کاری خێردا سەرف دەکرێت.

لە ساڵی 2003وە کە قورئانی نگڵ بۆ لیستی میراتی نەتەوەییی ئێران زیاد کراوە ئەو نوسخە خەتییەی کتێبی پیرۆزی موسڵمانان سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە و نگڵ بۆتە مەنزڵێکی گەشتیاری.

هاووڵاتییێکی دانیشتووی نگڵ بە ناوی ئەحمەد بە ئەڵمۆنیتۆری وتووە: "بەهۆی بەرەکەتی ئەم قورئانەوە من دەتوان پاروو نانێک بەرمەوە بۆ ماڵ و منداڵی خۆم." ئەحمەد خاوەنی ڕێستوورانێکی بچووکە لە بەر دەرکەی مزگەوتەکە و لە دووکانەکەیدا کەباب و چا دەخۆن.

دانیشتووانی گوندی نگڵ قەناعەتیان هێناوە کە ئەگەر قورئانەکە لەو گوندە بڕوات خێر و بەرەکەت لە گوندەکە نامێنێت هەر بۆیەش ڕازی نابن بەوەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاری قورئانەکە لەو گوندە بگوازێتەوە بۆ مۆزەخانە. زۆری خایاند تا بەرپرسانی وڵاتی ئێران توانییان قەناعەت بە نگڵییەکان بهێنن کە کاری پسپۆڕانە بۆ پاراستنی قورئانەکە بسپێردرێت بە پسپۆڕێکی تایبەت.

سوێندخواردن بە قورئانی نگڵ یەک لەو سوێندانەیە کە دانیشتووانی ئەو گوندە زۆر بەکاری دێنن و بەعام لە هەموو پارێزگای کوردستانیش لە کاتی سەلماندنی قسەکانیان و بۆ دەربڕینی ڕاستبێژیی خۆیان سوێند بە قورئانی نگڵ دەخۆن. تۆفێق دەڵێت: "کاتێک کەسێک سوێندی بە قورئانی نگڵ خوارد ئیتر چۆن دەتوانیت گومان لە قسەکەی بکەیت؟ کە ئەم سوێندەت خوارد لە ڕاستیدا وەک ئەوە وای کارەکە بەڕاستی کرابێت. ئەمە تەنها بەزارداهێنانی چەند وشە نیە. ئەمە هێڵی سووری ئێمەیە کە هەرگیز تەجاوەزی لێناکەین."

پرسیاری ئەوەش لە عەلی کراوە کە ئایا جیلی تازە و نوێی خەڵکی گوندیش بە هەمان ئەندازە ڕێز لەو قورئانە دەگرن یان خەیر؟ لە وەڵامدا وتوویەتی: "پیرۆزیی قورئانی نگڵ لە سەدان ساڵی ڕابردوودا پارێزراوە و ئێمەش سەرکەوتووانە گەیاندوومانەتە دەستی کوڕان و کچانمان. تەنانەت خزمێکی من پارچە شێعرێکی جوان و درێژی بە قورئانەکەدا وتووە. ئایا ئەمە پێمان ناسەلمێنێت کە قورئان سنووری تەمەن و نەوە جیاجیاکان ناناسێت؟"

تۆفێق تۆزێک پێش نوێژی نیوەڕۆ گوتی: "ئەم نوسخە خەتییەی قورئان هەمیشە کێشەکانی ئێمەی چارە کردووە. ئێمە لە بەرانبەر قورئانەکەدا دەوەستین و نوێژ بۆ خودا دەکەین و دەبینین کە نزاکانمان لای خودا وەردەگیرێت. ئەگەر بە دڵێکی پاک و لە قووڵاییی دڵەوە لە بەرانبەر ئەم قورئانەدا لە خودا بپاڕیتەوە پەروەردگار بە شێوەی جۆربەجۆر نزاکەت لێوەردەگرێت. من بەگوێرەی ئەزموونی ڕابردووم ئەمەتان پێ دەڵێم."

News Code 96984

Your Comment

You are replying to: .
captcha