کورد سوورە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کورد سوورە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەکانی لەبارەی پرۆژە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە و لایەنەکانیش تاوەکوو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.

کوردپرێس: رێبوار هادی، پەرلەمانتاری کورد و سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "تاوەکوو ئێستا ماددەی 15 و 16 لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران جێگەی ناکۆکین و لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن. کورد سوورە لەسەر ئەوەی بازنەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی پارێزگاکان یەک بازنە بێت. نەک فرەبازنە. هەروەها بەربژێرکردنیش لەسەر ئاستی لیست بێت نەک تاک".

رێبوار هادی جەختی لەوە کردەوە، بەشێکی زۆری لایەنە عێراقییەکان لەبەر خۆپیشاندەران وا خۆیان پیشاندەدەن لەگەڵ ئەو ئاراستەیە نین، بەڵام دوور لە شەقام و خۆپیشاندەران هەمان بۆ چوونی کوردیان هەیە و لەبەر خۆپیشاندەران ناتوانن بە راشکاوانە ئەوە بڵێن.

سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد "بڕیارە رۆژی دووشەممە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبارەی پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە کۆ ببنەوە".

شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق 14 ماددەی پرۆژەیاساکەی پەسندکرد. بەهۆی ناکۆکی لەسەر ماددەکانی 15 و 16، بەتایبەتی رەتکردنەوە و بایکۆت کردنی لەلایەن نوێنەرانی کوردەوە، دەنگدانەکە تەواونەکرا و کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ رۆژی دووشەممە دواخرا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96958

Your Comment

You are replying to: .
captcha