کوردپرێس:
ڕۆژی شەمە 21ی کانوونی یەکەمی 2019 چوارەم کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە 1000 هەزار ئەندامی کۆنگرە بۆ دیاری کردنی پلە باڵاکانی و ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتیی یەکێتی دەستی پێکرد.
لە کۆنگرەکەدا سەرەتا حاکم قادر حەمەجان جەختی کردە سەر زەروورەتی دەنگدانی ئەندامانی کۆنگرە بە ئەندامان و بەربژێرانی پۆستە باڵاکانی نێو یەکێتی و بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن نێو یەکێتی بۆ یەکێتی.
ناوبراو تیشکی خستە سەر بەهەندوەرگرتنی ڕاپۆرتەکان کە لیژنە جۆربەجۆرەکان پێشکەشی دەکەن.
پاشان کۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی وتارێکی پێشکەش کرد و لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند یەکێتی هەمیشە دەستپێشخەر بووە لە نوێکردنەوە بۆیە کارکردنی یەکێتی لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان ئەرکی نیشتمانی و مێژووییی یەکێتییە.
کۆسرەت ڕەسووڵ داوای لە هەموو ئەندامانی یەکێتی کرد لاپەڕیێکی تازە بکەنەوە لە پڕۆسەی سیاسیی نوێی یەکێتی و جەختیشی کردەوە یەکێتی، یەکێتیی دوو کەس و سێ کەس نیە بەڵکوو موڵکی هەمووانە.
5 ئەندامی یەکێتی کە خۆیان بۆ هیچ پۆستێکی نێو یەکێتی کاندید ناکەن ئەرکی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن ڕادەپەڕێنن.
لەو کۆنگرەیەدا 121 کەس بۆ پلە باڵاکانی یەکێتی لە ئەنجومەنی گشتیی بەڕێوەبردن هەڵدەبژێردرێن و زیاتر لە 1000 هەزار ئەندامی کۆنگرە لە دەنگدانەکاندا بەشدارن.
Your Comment