بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نوووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠١٩/١٢/١٩ لە کۆشکی سەلام لە بەغدا لەگەڵ دیڤید هیل جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دیڤید هیل پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ بەرقەرار کردنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و دابین کردنی خواستەکانی هاووڵاتیان لە دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئازاد و ئاشتی و ڕێز گرتن لە سەروەری عێراق دووپات کردەوە.
لایخۆیەوە، سەرۆک کۆماری عێراق، جەختی لە گرنگیی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە عێراق کردەوە بۆ تەواوکردنی سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا، ھاوکات جەختی کردەوە لە چارەسەرکردنی دۆخی ئێستای وڵات بە بڕیارێکی نیشتمانی عێراقی دوور لە دەستتێوەردانی دەرەکی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ماسیۆ تۆلەر باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەبوو، باس لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بەرەوپێش بردنی ئاسۆی هاریکاری و هەماهەنگی هاوبەش کرا، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات بکات، ھەروەھا تاووتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهانیش کرا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment