بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهان عومەر و سێ ئەندامی دیکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، کە سەر بە پارتی دیموکراتەکانن، لە نامەیێکدا کە ئاڕاستەی جەیمس جێفریان کردووە، رایانگەیاندووە: "پێویستە ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری بەکارهێنانی گازی فۆسفۆر لەلایەن تورکیاوە، دژ بە هاوڵاتیانی کورد لە سووریا بکات".
داواشیان لە جێفری کردووە، پێیان رابگەیەنێت، کە ئایا بڕوای وایە کە تورکیا تاوانی جەنگی ئەنجام داوە و ئەگەر پێویستیش بکات دەتوانێت بە نهێنی وەڵامیان بداتەوە.
ئەو چوار ئەندامەی کۆنگرێس داوایان کردووە، پشکنینی پێویست بۆ قوربانیانی هێرشەکەی تورکیا بکرێت تا ئەمریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەڵگەی تەواویان لەبارەی ئەو هێرشەوە هەبێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، شایەتحاڵانی کوردستانی سووریا رایانگەیاندووە، تورکیا بە چەکی کیمیایی هێرشی کردووەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی، لە میانی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیدا دژ بە شەڕڤانان. رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیاییش رایگەیاندووە، بەڵگە لەو بارەیەوە کۆ دەکاتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment