ئەحمەد تورك: شێوەی دەستێوەردانی حكوومەت لە خۆپیشاندانەکانی هەرێمدا ئیدانە دەكەم

بەشی تورکیا- ئەحمەد تورك سیاسەتمەداری ناوداری كورد لە بارەی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانەوە شێوەی مامەڵە کردنی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ خۆپیشاندەران ئیدانە دەکات و داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات كە گوێ لە خواستی خۆپیشاندەران بگرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس ئەحمەد تورك لەو بارەیەوە ڕای­گەیاندووە: "داوا دەكەم خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان بە رێبازی دیموكراسی بەرێوە بچن، و ئەو ڕێبازەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دژی خەڵك ئەنجامی دەدات جێگای قبووڵ­كردن نییە، و شێوەی دەستێوەردانی حكوومەتیش ئیدانە دەكەم".

ناوبراو وتیشی "خەڵك بە ڕێپێوان و خۆپێشاندان خواستەكان رادەگەیەنن، و دەبێ سیاسەتمەداران گوێ بدەنە خواستی خەڵك".

تورك جەختیشی كردەوە كە یەكێتی نەتەوەیی كورد بۆ گەلی كورد زۆر گرنگە، بەڵام یەكێتی "بە قسە نایەتە دی و بۆ یەكێتی دەبێت هەموو پارتەكان ببنە دەنگی گەل، و ئەو كەسانەی خەباتی سیاسی دەكەن پێویستە گوێ لە خەڵك بگرن، و ئەگەر ئەوە نەكەن پێویست بە یەكێتی نەتەوەییش ناكات."

لە بارەی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانیش، ئەحمەد تورك وتی: "بڕیاری تاكلایەنە بۆ ڕیفراندۆم ئەمڕۆ ئێمەی گەیاندە، ئەم ئاستە. هەموومان دەمان­خواست جەماوەری هەرێمی كوردستان بگاتە ئامانجی خۆی بۆ سەربەخۆیی، بەڵام پێویستە سیاسەتمەدارانی كورد كەم­وكوڕیی خۆیان لەم بارەوە ببینن".

ڕۆوژی 18ی ئەم مانگە، خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە شاری سلێمانی و زۆربەی قەزا و ناحییەكانی هەرێمی كوردستان دەستی پێكرد، خۆپیشاندەران داوای بژێوی ژیان و هەڵوەشاندنەوەی حكوومەتیان دەكرد.

لە خۆپیشاندانەكاندا چەندین بارەگای حیزبی و حكوومی سوتێندرا، بەهۆی "تەقەی هێزە ئەمنییەكانیشەوە" چەند خۆپیشاندەر کوژران و بەسەدان خۆپیشاندەری دیكەش برینداركران و بە سەدانی دیكەش دەستگیركران و تاوەكوو ئێستاش بەشێك لە دەستگیكراوەكان ئازاد نەكراون.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 9693

Your Comment

You are replying to: .
captcha