دۆزینەوەی سەرۆک وەزیرانێک بەو مەرجانەی خۆپیشاندەران دیارییان کردووە قورسە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڵێسە جەبار فەرمان نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق بە کوردپرێسی وت: دیاری کردنی سەرۆک وەزیرانێکی خیبرە کە سەربە هیچ حزبێک نەبێت و پێشتریش هیچ پۆستێکی حکوومی و ئیداری و پەرلەمانیشی نەبووبێت زۆڕ دژوارە.

کوردپرێس: هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ و هەروەها چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکاندا دوو تەوەری سەرەکیی گۆڕەپانی سیاسیی عێراقن کە کۆتایی هاتنی هەر یەک لەم بابەتانە دەتوانێت پڕۆسەی گۆڕانکارییەکان لە عێراق ڕوون بکاتەوە.

بڵێسە جەبار فەرمان نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیێکدا لەگەڵ کوردپرێس لەبارەی هەڵویستی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران وتی: ئەوەی کە ئێستا هەڵبژێردرێت بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دەبێت بزانین کە کاتییە و هەموو لایەنەکان موتەفیقن کە ئەبێت هەڵبژاردنی پێش وەخت بکرێت و عێراق ناتوانێت بەم هەلومەرجەی کە ئێستا هەیە بەردەوام بێت.

ناوبراو زیادی کرد: لای هەموو ئاشکرایە کە جاری پێشوو هەرێمی کوردستانی لێدەرچێت لە ماباقی پارێزگاکاندا ڕێژەی بەشداربووان لە هەڵبژاردندا زۆر کەم بووە و ئێستا ئەوترێت ئەو پەرلەمانەی کە ئێستا هەیە نوێنەرایەتیی عامی عێراق ناکەن و ئەبێت هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێت.

نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لە درێژەدا ڕایگەیاند ئەولەویەتی ئێستای عێراق یاسای هەڵبژاردنە کە ئەبێت باسی لێبکرێت و زۆر لەوە گرینگترە کە کێ ئەبێت بە سەرۆک وەزیران، لەبەر ئەوەی کە یاسای هەڵبژاردن دەست نیشانی ئەکات کێ ئەتوانێت خۆی بپاڵێوێت و ڕێژەی دابەشبوون چۆنە و کورسی و مەقاعیدەکان چۆن ئەبن ئەمە گرینگە.

ناوبراو درێژەی دا هەموو ئەمانە ئەم حەفتەیە لە پەرلەمان باسی لێوە ئەکرێت، کە ئەم پرسانە یەکلایی بوویەوە هەڵبژاردنی پێش وەخت دەکرێت و ئەو کات ئەو کەسەی کە ئێستا دەست نیشان دەکرێت تەنها بۆ ماوەیێکی کاتییە و بە هەمان شێوە ئەبێت هەموو لایەنەکان موتەفیق بن لەسەر ئەو کەسەی کە دەست نیشان ئەکرێت بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق کێ بێت.

بڵێسە جەبار فەرمان وتیشی: هەندێک مەرجمان هەیە لە لایەن شەقام و خۆپیشاندەرانەوە دەست نیشان کراون باش یان کەمتر باشن، ئەبێت بە دوای یەکێکدا بگەڕێی کە خیبرە ببێت و تەجروبەی هەبێت و لە هەمان کاتدا نابێت حزبی بێت و هەروەها نابێت هیچ پۆستێکی ئیداری و پەرلەمانی و حکوومی هەبووبێت، دۆزینەوەی شەخسێکی لەم شێوەیە نەختێک قورسە.

ناوبراو لەبارەی ڕای کوردەکان بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق ڕایگەیاند: هەندێک ناو پێشنیار کراوە کە عەسکەرین و ئەم عەسکەرییانە لەبەر ئەوەی کە ئێمەی کورد تەجروبەمان لەم خەڵکی عەسکەرییە باش نەبووە زۆر دڵخۆش نین بەو پێشنیازانە. باشترە کە کەسێک بێت کە لەلایەن هەموو کیانەکانەوە و هەموو حزبەکانەوە موعتەبەر بێت کە بتوانێت عێراق لەم دۆخەی ئێستا دەرباز بکات و بتوانێت بەرەو هەڵبژاردنێکی پێشوەختی ڕوون هەنگاو هەڵبگرێت.

نوێنەری یەکێتی نیشتمانی لەبارەی پڕۆژە و ئامانجی کوردەکان لە چاکسازیی یاسای هەڵبژاردنەکان وتی: ئەو هەموارانەی کە پێشنیاز کراوە کە خەڵکی ئاسایش بتوانێت بەدەر لە حزبەکان و لیستەکان خۆی هەڵببژێرێت ئەمە لای ئێمە مەبەستە. هەندێک لایەن و حزبەکان پێشنیاریان کردووە کە پێویست ناکات حزب بچێتە هەڵبژاردنەوە و هەڵبژرادن تەنها بەشێوەی فەردی بێت، کە ئەمە تەنها موزایدەیە و تەنها بۆ شەقامە، بەڵێ دروستە کە کەسانی فەردی پێویستن بەڵام کەسانی حزبیش پێویستن.

ئەو خاڵانەی کە ئەبێت لەبەرچاو بگیردرێن یەکیان تەمەنی خۆ کاندید کردنە کە ئەبێت چەند بێت، هەروەها دیاری کردنی ڕێژەی دابەشبوونی کورسییەکانە کە ئەبێت چۆن بێت. ئەوەی کە ئێستا لە پەرلەمان پێشنیار کراوە ئەمانجی تەنها موزایدەی سیاسییە، ئەوەی کە هەر قەزایێک و بازنەیێکی ئینتیخابیی بێت کە ئێمە ئەوەمان زۆر پێباش نییە، بەڵام ئەمەش ئەخرێتە دەنگدانەوە و هیوادارین پێکەوە بتوانین یاسایێکی باش بۆ عێراق دەستەبەر بکەین.

ناوبراو لەبارەی هۆکاری ئەوەی کە قبووڵ ناکەن هەر قەزایێک و بازنەیێکی ئینتیخابیی بێت دەڵێت: مەسەلە ئەوەی کە هەندێک قەزا هەن کە کە لە کۆمۆسیۆندا بە قەزا ناونووس نەکراون و هەروەها هەندێک قەزا هەن کە تەنها لە پارێزگاکاندا وەکوو قەزا ناونووس کراون واتا هێشتا ئەوە ڕێکنەخراوەتەوە کە کوێ قەزایە و کوێ قەزا نییە. هەندێک هەیە کە لە وەزارەتی ناوخۆ وەکوو قەزا ناونووس کراوە بەڵام لە کۆمۆسیۆن ئەوە نییە.

بڵێسە جەبار زیادی کرد: جودا لەمەش هەندێک قەزا هەیە کە زۆر گەورەیە و هندێک قەزا بچووکن ئەگەر عەدەدی چووکە دەستنیشان کەی و بڵێی لە سەد هەزار سەرەوە یەک کورسی هەیە هەندێک قەزا هەن بچووکترن ئەمە دیسانەوە کێشەیێکی دیکەیە. واتا میکانیزمێکی ئاڵۆزە ئێمە پێمان باشە پارێزگا بە پارێزگا بێت یاخود هەموو عێراق یەک بازنە بێت کە ئەوەش باری ئەرێنی و نەرێنیی خۆی هەیە کە ئەبێت لە پەرلەماندا موناقیشەی لەسەر بکرێت.

دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96926

Your Comment

You are replying to: .
captcha