لایەنە کوردییەکانی تورکیا هەڵمەتێک بۆ یەکگرتنیان دەست پێدەکەن

بەشی تورکیا- پارتە کوردییەکانی تورکیا بە درووشمی "یەکێتیی نەتەوەیی'' هەڵمەتێکیان بۆ دروستکردنی یەکڕیزی و یەکدەنگیی کورد لە تورکیا دەست پێکردووە و لە ئامەد کۆ دەبنەوە.

کوردپرێس:

پێشتریش پارتە کوردییەکان چەند هەنگاوێکیان لەم بارەیەوە ناوە. کۆبوونەوەی ئەمجارەش بەردەوامیی هەوڵ و کۆششە بۆ دەستەبەرکردنی "یەکێتیی نەتەوەیی". ئەوان یەکڕیزیی کورد بەوەوە دەبەستنەوە و لە کۆبوونەوەکاندا جەخت لەسەر ئەو گوشارانە دەکەنەوە کە دەکرێنە سەر گەلی کورد.

رۆژی شەشی کانوونی یەکەمی 2019 "یەکێتیی نەتەوەیی'' نۆ پارتی سیاسیی کوردی لەژێر سایەی خۆیدا کۆ کردەوە و دیدارەکە دوور لە چاوی کامێراکان بەڕێوەچوو. دواتریش کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ساز کرا.

محەمەد کاماچ کایناک، سەرۆکی پارتی مرۆڤ و ئازادی لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا ئەو خاڵانەی خستەڕوو کە گەنگەشەکرابوون "یەکەم، دروستکردنی رێککەوتنی نەتەوەیی لە کوردستانی تورکیا. دووەم، بۆ دروستکردنی رێککەوتنێکی هەمەلایەنە، چالاکییەکانمان بە ناوی "خەباتی رێککەوتنی کوردستانی"ـیەوە دەکەین. سێ، لە 18 و 19ی رێبەنداندا بۆ دیاریکردنی بنکە، چوارچێوە، پێکهاتە، رێ و رێبازی دروسترکدنی رێککەوتنی نەتەوەیی، کۆبوونەوەیێکی دووڕۆژە سازبکرێت. چوار، ئامادەکاریی بۆ خەباتەکە لە رێگەی کۆمیسیۆنێکەوە کە لە پێنج کەس پێکبێت، رێکبخرێت".

کۆبوونەوەی یەکێتیی نەتەوەیی لە ئامەدی کوردستانی سووریا بەڕێوە چوو و پارتە بەشداربووەکان بریتی بوون لە:

1. پارتی دیموکراتی گەلان-HDP

2. پارتی هەرێمە دیموکراتەکان-DBP

3. کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی-DTK

4.کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی دیموکراتی کورد-DDKD

5. پارتی دیموکراتی کوردستان-تورکیا

6. پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور

7. پارتی کۆمەنیستی کوردستان KKP

8. پارتی مرۆڤ و ئازادی

9. بزووتنەوەی ئازادی

سەرەڕای ئەوەی پارتە کوردییەکان ئەمجارە پێداگرییان پێوە دیارە و بانگهێشتی تەواوی پارت و بزووتنەوە کوردییەکانیان کردووە، بەڵام نوێنەرانی هەریەک لە پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) و پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) بەشدارییان نەکرد.

ئەو دوو پارتە چەند رەخنە و تێبینییەکیان لە هەدەپە هەیە. ئەمە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە لە کۆبوونەوەکانی رابردوودا هەوڵەکان بۆ دروستکردنی ئەو یەکێتییە لە کوردستانی تورکیا سەرکەوتوو نەبووە.

ئەو پارتە کوردییانەی تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا دەیانەوێت لە رێگەی شاندێکەوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆ ببنەوە.

News Code 96923

Your Comment

You are replying to: .
captcha