سەرۆکایەتیی‌ كۆماری‌ عێراق سەبارەت بە دیاریكردنی‌ كاندید بۆ سەرۆكی‌ حكوومەتی‌ نوێ‌ ڕاگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە 

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆك كۆماری‌ عێراق ڕایدەگەیەنێت، پێویستە كاندید بۆ سەرۆکایەتیی­كردنی ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی گەل بەدەست بهێنێت و لەگەڵ پێودانگی داواكارییەكانی گەلی عێراق و داواكاریییە ڕەواكانیان بێتەوە.

کوردپرێس:

سەرۆکایەتیی‌ كۆماری‌ عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕایگەیاند، بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار بەردەوامە لە ڕاوێژ و گفتوگۆ چڕوپڕەكانی لەگەڵ سەركردەی پێكهاتە سیاسییەكان و چالاكییە میللی و كۆمەڵاتییەكان و بژاردە ئەكادیمی و سەندیكا و یەكێتییە پیشەیییەكان و توێژە جیاوازەكانی تری كۆمەڵ بە مەبەستی ڕاسپاردنی كاندیدێك بۆ سەرۆکایەتی­كردنی ئەنجومەنی وەزیران كە پشتیوانیی گەل بەدەست بهێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆکایەتیی‌ كۆماری‌ عێراقدا هاتووە “بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمار لە میانی ڕاوێژ و گفتوگۆ بەردەوامەكانیدا دووپاتی كردووەتەوە لەسەر پێویستی پشتبەستن بە بڕگەكانی دەستوور و دوایین وادە دەستوورییەكان بۆ ئەوەی زامنی ئەوە بكرێت كە سەرۆکایەتیی حکوومەتی نوێ ئەركی قۆناغی ڕاگوزەر بگرێتە ئەستۆ تا ئەوكاتەی هەڵبژاردن بەگوێرەی یاسایێكی هەڵبژاردنی دادپەروەر و سازكردنی لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆوە بە ئاكام بگەیەنرێت”.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە‌ بەوەش دراوە “بڕگەكانی دەستوور بەگوێرەی ماددەی 76ی دەستوور، پێكهاتە سیاسییە پەیوەندیدارەكان لە پەرلەمان پەیوەست دەكات بۆ ئەوەی پاڵێوراوی خۆیان پێشكەش بكەن و سەرۆك كۆماریش ڕایبسپێرێت”.

سەرۆکایەتیی كۆمار ئەوەشی خستووتەڕوو “سەرۆك كۆمار لە میانی دیدار و گفتوگۆكانی دووپاتی كردووەتەوە لەسەر پێویستی بەردەوامیدانی گفتوگۆ و ڕاوێژەكانی نێوان پێكهاتە سیاسییەكان لە پێناو گەیشتن بە ڕێككەوتنێك تا كەسێكی باوەڕپێكراوی گونجاو بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران دیاری بكرێت”.

باس لەوەش كراوە كە سەرۆك كۆمار جەختی‌ لەوە كردووەتەوە “پێویستە ئەو كاندیدە لەگەڵ پێودانگی داواكارییەكانی گەلی عێراق و داواكارییە رەواكانیان بێتەوە، هەروەها حکوومەتی نوێ‌ پشتیوانیی سیاسی و جەماوەری پێویست بە دەست بهێنێت بۆ ئەوەی چاكسازییە پێویستەكان بخاتە بەرنامەی پێشینەی خۆی وەك دەست پێشخەرییەك بۆ سازكردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد”.

سەرۆك كۆمار ڕوونیشی كردووەتەوە”ئاستی ئاڵەنگارییەكان مەترسیدارن كە وڵات ڕووبەڕووی دەبێتەوە، پێویستە بەرژەوەندی لایەنێك و حزب لە بەرچاو نەگیرێت و پشت ببەسترێت بە ڕەزامەندی گەل و پابەندبوون و بەدیهێنانی چاكسازییەكان و پێشكەش­كردنی پێشینە نیشتمانییەكان بەسەر بەرژەوەندییە حزبییەكاندا”.

News Code 96889

Your Comment

You are replying to: .
captcha