فستیڤاڵی شانۆی سەقز کۆتاییی بە کارەکانی هێنا/ پاڵێوراوان خەڵات کران

بەشی فەرهەنگ- خولی شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردیی سەقز بە خەڵات کردنی پاڵێوراوانی ژن و پیاو و دەرهێنەر و دیزاین و شانۆنامە کۆتاییی بە کارەکانی خۆی هێنا.

کوردپرێس:

شەوی هەینی 22ی سەرماوەزی 1398 بەرانبەر بە 13ی کانوونی یەکەمی 2019 ڕێوڕەسمی کۆتاییی خولی شانزدەهەمی شانۆی کوردی لە سەقز بە بەشداریی بەڕێوەبەری گشتیی هونەری شانۆییی وەزارەتی ڕۆشنبیری و بەرپرسانی پارێزگای کوردستان و شاری سەقز و هونەرمەندان، لە تەلاری میلادی سەقز بەڕێوە چوو.

لە فستیڤاڵەکەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری ژن و دبڵۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فستیڤاڵەکە بەخشرا بە نیشتمان ڕەسووڵ زادە بە بۆنەی شانۆی "ئەرکی نیشتمانیی داهۆڵێک" لە شاری سنەوە. خەڵاتی دووهەمی ئەو بەشە بە هاوبەشی بەخشرا بە ڕازیە حاجی پوور بۆ شانۆی "قامووسی مێروویان" لە ورمێ و شایستە فەرمانی بۆ شانۆی "سووئانە" لە بیجاڕەوە. هەر لەم بەشەدا خەڵاتی سێهەم بە هاوبەشی بەخشرا بە فەوزیە پاڵەوانی بۆ شانۆی چاوەڕوان لە سەقز و ڕۆژانۆ ئەرجمەند بۆ شانۆی چنارەکان لە سەقزەوە.

لە بەشی باشترین ئەکتەری پیاوی فستیڤاڵەکەش دبڵۆمی شانازی و نیشانی تایبەتی فستیڤاڵ بەخشرا بە حوجەت ئەسەدوڵڵاهی بۆ شانۆی سوورانە لە بیجاڕەوە و خەڵاتی پلەی دووهەمیش بەخشرا بە ئیسماعیل پاشایی بۆ شانۆی چنارەکان لە سەقز و خەڵاتی سێهەمیش بە هاوبەشی بەخشرا بە هەردوو هونەرمەند زاهید زەندی و سەعید پاکزاد بۆ دوو شانۆی "جن و جنۆکە" و "سەرپێڵ زەهاو".

خەڵاتی باشترین دەرهێنەر و دبڵۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فستیڤاڵەکە بەخشرا بە غوڵامڕەزا هیمەتیان بۆ شانۆی سوورانە لە بیجاڕ. ئومید مستەفایی بۆ شانۆی چنارەکان خەڵاتی دووهەم باشترین دەرهێنەری مسۆگەر کرد و خەڵاتی سێهەم باشترین دەرهێنەریش بە هاوبەشی بەخشرا بە حەسەن میرزایی بۆ شانۆی "گراداف" لە بانە و فەرزاد حەسەن میرزایی و حامید ئیسماعیل وەند.

باشترین دیزانی ڕۆشنایی و هێمای تایبەتی فستیڤاڵەکە بەخشرا بە سامان ئەمیری بۆ شانۆی چنارەکان لە سەقز. دبڵۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فستیڤاڵ بەخشرا بە سامان مێهران و حەسەن میرزایی بۆ شانۆی گراداف لە بانە. پلەی دووهەمی دیزانیش بەخشرا بە مەهدی کەریمی بۆ شانۆی چنارەکان لە سەقز.

لە بەشی شانۆنامەشدا دبڵۆمی شانازی و هێمای تایبەتی فستیڤاڵەکە بەخشرا بە شادی ئەمینی بۆ شانۆی قامووسی مووریان لە ورمێ و غوڵامڕەزا هیمەتییان بۆ شانۆی سوورانە پلەی دووهەمی مسۆگەر کرد و خەڵاتی سێهەمیش بە هاوبەشی بەخشرا بە جەمیل مەفاخری بۆ شانۆی "ئەرکی نیشتمانیی داهۆڵێک" لە سنەوە و کیانووش محەمەدی بۆ شانۆی چنارەکان لە سەقزەوە.

خەڵاتی دەرهێنانی بەشەکی دەرەوەش بەخشرا بە سدیق عەزیز بۆ شانۆی "باوک" لە سلێمانییەوە و دبڵۆمی شانازیی ئەکتەرە ژنەکانیش بەخشرا بە خەرمان خاتوون بۆ شانۆی باوک لە سلێمانیی هەرێمی کوردستانەوە.

"وەزان ترجای" بۆ شانۆی "ڕاپۆرتێک بۆ ئاکادیمیا" لە تورکیاوە خەڵاتی باشترین ئەکتەری مسۆگەر کرد و پەیمان بابائییان لە مەهابادەوە بۆ شانۆی "ئەفسانەی بەبر" و شەماڵ عەبە ڕەش بۆ شانۆی "باوک" لە سلێمانییەوە هەر لە بەشی ئەکتەرە پیاوەکاندا خەڵات کران.

خەڵاتی دیزانی لافیتە لە بەشی تایبەتی فستیڤاڵەکە بەخشرا بە شاهین عەلەوی بۆ شانۆی "قامووسی مێروویان" لە ورمێ و خەڵاتی باشترین مۆسیقاش بەخشرا بە شارام عەلیموحەمەد بۆ شانۆی "سەرپێڵ" لە سنەوە.

خولی شانزدەهەمی فستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی کوردیی سەقز ڕۆژی 19ی سەرماوەز بە شانۆی "حەسار"ەوە دەستی پێکرد و تا ڕۆژی هەینی 22ی هەمان مانگ بەردەوام بوو و لە فستیڤاڵەکەدا 9 دەستەی نێوخۆ و 2 دەستەی دەرەوەی ئێران کێبەرکێیان دەکرد.

News Code 96864

Your Comment

You are replying to: .
captcha