کوردپرێس: سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە "لەبارەی پۆستی سکرتێری گشتیی یان کەسی یەکەم، زیاتر قسە لەبارەی دکتۆر بەرهەم ساڵحەوە دەکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستا دکتۆر بەرهەم راینەگەیاندووە کە خۆی بۆ پۆستی کەسی یەکەم بەربژێر بکات، ئەو بابەتە گفتوگۆی گەرمی دوو هەفتەی داهاتووی نێوخۆی یەکێتی دەبێت".
سەعدی پیرە ئەوەشی گوت "هەرەمی یەکێتی گۆڕانکاریی بەسەردادێت، رەنگە سکرتێری گشتیی بۆ سەرۆک بگۆڕدرێت، سەرۆک چەند جێگرێکی هەبێت و هەر جێگرەی سکرتارییەتی یەکێک لە بەشەکانی لە ئەستۆ بێت، وەکوو (پەیوەندییەکانی دەرەوە، حوکمڕانی، پەرلەمان، کاروباری جووتیاران، رێکخستن و دارایی)".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، گوتاری کردنەوەی کۆنگرە لەلایەن کۆسرەت رەسوول، جێگری سکرتێری گشتییەوە پێشکێش دەکرێت، لەبەرئەوەی کە رۆژی کۆنگرەکە لە جەژنی کریسمسەوە نزیکە و زۆربەی بەرپرسان لە پشوودا دەبن، حیزب و لایەن و کەسایەتییەکان لە نێوخۆ و دەرەوە بە رێگەی نامە بەشداری و پیرۆزباییمان لێدەکەن و میوانی دەرەوە بانگهێشت ناکەین.
رۆژی دووشەممە 10-12-2019 کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم بەڕێوەچوو کە تێیدا 466 ئەندام بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێردران.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای دامەزراندنییەوە سێ کۆنگرەی بەستووە، بڕیارە رۆژی 21-12-2019 بە بەشداریی نزیکەی هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment