کوردپرێس:
دوو کێشەی جیاکردنەوەی زبڵ و شێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو سەگانەی بەشارەکاندا دەگەڕێن بەردەوام مەشاکیلی بۆ لایەنە پێوەندیدارەکان دروست کردووە و ژینگەپارێز و لایەنگرانی سروشتی هێناوەتە سەر خەت و تا ئەم کاتەش چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو کێشانە نەدۆزراوەتەوە.
جەمالەدین ڕۆستەمی بەرپرسی باڵی کوردستانی ئەنجومەنی خۆبەخشانی ژینگەپارێز، لە دیمانەیێکدا بە کوردپرێسی وتووە چالاکیی ئەنجومەنەکە دوو بوار لە خۆ دەگرێ: یەکەم کارکردن لە پێناو فەرهەنگسازی بۆ ئاشت بوونەوەی هاووڵاتییان لەگەڵ ژینگە بە جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە نێو ماڵە خۆیان تا دەگاتە مێهرەبان بوون لەگەڵ ئاژەڵ و حەیوانەکان بەتایبەتی سەگەکانی دەوروبەر و ناوەوەی شار. دووهەم جووڵاندنی کەیسی یاسایی بەرانبەر ئازاردەرانی سەگەکان لە ڕێگەی دادگاکانی پارێزگای کوردستانەوە.
ڕۆستەمی گوتیشی ئەنجومەنەکە سەدا سەد خۆبەخشە و لە لایەن هیچ دامەزراوە یان ڕێکخراو و لایەنێکی حکوومی و فەرمییەوە پشتگیری ناکرێت و ئەرکی چالاکییەکان لە سەر شانی خێرخوازان و لایەنگرانی ژینگەپارێزی و حەیوان دۆستان ڕادەپەڕێت.
یەک لە کێشە سەرەکییەکانی ئاستی شار، بوونی ئەو سەگانەیە کە هەندێ لایەن و خەڵکی ئاسایی بە "سەگی وێڵەکی" ناویان لێدەبەن و لایەنی پێوەندیدار بە شارەوانی و شۆرای شاریشەوە مامەڵەی دروست لەگەڵ ئەو کێشەیە ناکەن و تا ئێستاش نەتوانراوە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو بابەتە بدرۆزرێتەوە.
بەرپرسی لقی کوردستانی خۆبەخشانی ژینگەپارێزی لە کوردستان لەبارەی ئەو کێشەیەوە بە کوردپرێسی وت: هەر لە سەرەتاوە بەکارهێنانی دەستەواژەی "وێڵەکی" بۆ ئەو سەگانە شتێکی سەقەتە. چوونکە ئەو سەگانە لە ئێکۆسیستەمدا دەوری تایبەتی خۆیان دەبینن و بوونیان لە جێگەی خۆیدا نەک هەر زیادی نیە بەڵکوو زەروورەتێکی سروشتییە و ڕێگری دەکەن لە نزیک بوونەوەی هەندێک حەیوانی وەحشیی وەک گورگ و مار و چەقەڵ و ڕێوی و دیکەی بوونەوەرەکان کە لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ تەبا نین و دەستەمۆ ناکرێن.
ڕۆستەمی وێڕای ڕەخنەگرتن لە شێوازی مامەڵەکردنی هاووڵاتییان و بەرپرسان لەگەڵ مەسەلەی سەگەکان گوتیشی پێویستە ئەو سەگانە کوتان و دەرزیی تەندروستییان بۆ بکرێت و خواردن و خواردنەوەی تایبەتیان بۆ دابین بکرێت و دامەزراوەیێکی حکوومیی وەک شارەوانی بەدەمیانەوە بێت بەڵام هەندێک جار خەڵکانێک هەن کە بە داخەوە مامەڵەی خراپ لەگەڵ سەگەکان دەکەن و ئەو بوونەوەرە بەسوودە لە خۆ دوور دەخەنەوە تەنانەن بینراوە و بیسراوە کە کەسانێک دەستیان بە کوشتنی جەماوەریی سەگەکانیش کردووە و تەنانەت بودجەی شارەوانی لە کوشتنی سەگەکاندا خەرج کراوە.
ئەو خۆبەخشەی ژینگەپارێزی لەبارەی چالاکییەکانی ئەنجومەنەکەیان هاوپەیوەند بە مەسەلەی سەگەکانی ناو شار، ڕوونی کردەوە کە چەند کەیسێکیان لە دادگاکان دژی شارەوانیی مەریوان و سنە جووڵاندووە و سکاڵای یاسایییان تۆمار کردووە و ئێستاش دۆسیەکان لە دادگا خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت.
هەفتەی ڕابردوو بەرپرسی ئەنجومەنی خۆبەخشانی ژینگەپارێزی لە کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک هەواڵێکی بڵاو کردەوە کە بە پێی زانیارییەکانی ئەوان لە کۆبوونەوەیێکی فەرمیی دامەزراوەیێکی حکوومیدا پێشنیاز کراوە ژوورێکی تایبەت دروست بکرێت و لەو ژوورەدا بە گاز، سەگەکان ژەهراوی بکەن. ناوبراو لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: زانیاریمان لەو بارەیەوە هەیە ئەگەرچی هەواڵەکە فەرمی نیە بەڵام خەڵکانێک لە لایەنە پێوەندیدارەکاندا هەڵگری ئەم بیروباوەڕەن و حاشای لێناکرێت. دیارە لە کۆبوونەوەی پێوەندیداردا بانگهێشتی ئێمەی ژینگەپارێز ناکرێت و لەبەرانبەردا خودی ئەو لایەنەش زانیاریی لەبارەی ئێکۆسیستم و ژینگە و سەگەکانی شار و جیاکردنەوەی زبڵ و خاشاک نیە و هەرگیز ڕاوێژ بە ئێمەش ناکرێت و بەشداریمان پێناکرێت ئەوەش ڕەخنەیێکی جدییە کە لەو لایەنە فەرمییانە دەگیرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە یاسا تێپەڕێندراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ پێمان دەڵێت کە لە کۆبوونەوەکانی شارەوانی و ئەنجومەنی شاردا بەشداری کردن بە ژینگەپارێزان زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە.
ئەنجومەنی خۆبەخشانی ژینگەپارێز وەک ئەنجومەنێکی مەدەنی لە ئاستی ئێراندا کار دەکات و باڵی کوردستانی ئەو ئەنجومەنە وەک نوێنەری یاساییی ئەنجومەنەکە لە ڕێگای دادگا و مەرجەعەکانی دەسەڵاتەوە کار بۆ ژینگەپارێزی و داکۆکی کردن لە سەر مافی حەیوانات دەکات.
Your Comment