دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ڕەوشی کێشەکانی عێراق بەرەو چارەسەربوون دەبات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوکتۆر موسەنا ئەمین ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق پێچەوانەی دیکەی نوێنەران و سیاسەتوانانی کورد کە بڕوایان وایە دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی کێشە خولقێنە، بڕوای وایە کە دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق؛ وڵات بەرەوە چارەسەر کردنی کێشەکان دەبات بەڵام هەڵبژاردنی جێگرەوە بۆ عەبدولمەهدی دژوارە.

کوردپرێس: عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی 30ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2019 پاش تێپەڕبوونی چەند هەفتە لە ناڕەزایی دەربڕینەکانی خەڵکی عێراق نامەی دەست لە کارکشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەشێوەی فەرمی ڕادەستی سەرۆکی پەرلەمان کرد و ڕۆژێک پاش ئەوەش ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەیێکی نائاساییدا دەست لەکار کێشانەوەکەی قبووڵ کرد.

موسەنا ئەمین لەبارەی کاریگەرییەکانی دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی و کارتێکەریی لەسەر دۆخی سیاسیی عێراق بە کوردپرێسی وت: بە قەناعەتی من دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی ڕەوشی کێشەکانی عێراق بەرەو چارەسەر بوون دەبات. دوای کوژرانی ئەو خەڵکە زۆرە و سەرکوت کردنی خۆپیشاندەران وابزانم دەرفەت نییە بۆ سەرۆک وەزیران ئەو قۆناغە بەڕێوەبەرێت و ڕازی کردنی ئەو شەقامە تووڕەیە پێویستی بە هەندێک گۆڕانکاری هەیە و ئەو گۆڕانکارییانە لە ئاڕاستەیێکی تەندروستەوە ئەڕوات.

ئەندامی لیژنەی كاروباری دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەگەری ڕێککەوتنی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆکی حکوومەتی فیدراڵ وتی: دەکرێت لایەنەکان بگەنە ڕێککەوتن بەڵام گەیشتن بەو ڕێککەوتنە ئاسان نییە، ئەمە یەکێکە لەو قەیرانانە کە پێویستە ڕووبەڕووی ببینەوە و چارەسەری بکەین. حزبە سیاسییەکانی عێراق پێویستە لەوە تێبگەن کە ئەو وەزعەی کە لە عێراقدا خولقاندوویانە وەزعێکی تەواو ناتەندروست و پڕ لە گەندەڵی و قەیرانە و دەبێت ئێستا بە گوزەشت لە هەندێک مافی سیاسیی خۆیان ئەم وەزعە چارەسەر بکەنەوە. ئەگەر نا قەیرانەکانی عێراق بە ئاسانی کۆتایی نایێت.

نوێنەرەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاریگەرییەکانی دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی لەسەر دانوستانەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و ڕێککەوتنی نێوانیان وتی: بە ڕای من پێویستە دەوڵەت کاری خۆی بکات و لە هەموو حاڵێکدا دەوڵەت هەر دەمێنێت و حکوومەتی عەبدولمەهدیش وەکوو کاربەڕێکەر هەر ماوە و من کێشەیێکی قووڵ نابینم لەو مەوزووعەدا واتا دەست لەکار کێشانەوەی عەبدولمەهدی خەلەلێک لە ڕێککەوتنەکاندا دروست ناکات.

نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەوڵەکان بۆ چاکسازی لە دەستووری عێراق و نیگەرانیی کوردەکان لەوبارەوە وتی: هەندێک نیگەرانیی لەمبارەوە هەست دەکەین و هەستیش بە مەترسی دەکەین. بەتایبەتی کاتێک باس لە نووسینی دەستوورێکی تازە بکرێت بۆ هەموار کردنەوەی هەموو بڕگەکانی دەستوور ئەمە قەیرانێکی گەورە و حەقیقی لە عێراقدا دەخولقێنێت و ئێستا عێراق توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانەی نییە.

موسەنا ئەمین زیادی کرد: ئەوەی کە ئەم قەیرانەی دروست کردووە جێبەجێ نەکردنی دەستوورە نەک جێبەجێ کردنی. نیزامی سیاسیی عێراق ئێستا بە عەمەلی نیزامێکی ڕیئاسییە هەرچەند کە لە دەستووردا نیزامێکی پەرلەمانییە و ئەگەر بە تەمامی مانا نیزامی پەرلەمانی جێبەجێ بکرابا وەک ئەوەی لە بەریتانیا هەیە کە سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتەکەی پێویستە هەموو حەفتەیێک چەند سەعاتێک بچنە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی ئەندامانی پەرلەمان. ئەو کاتە ڕەقابەی پەرلەمان لەسەر حکوومەت بەهێزتر ئەبوو و گەندەڵی سنووری کەمتر دەبوو. بەڵام ئێستا هەندێک دەنگ هەیە باسی نیزامی ڕیئاسی دەکات لە عێراقدا لە کاتێکدا ئێمە دەستوورەکەشمان نیزامی پەرلەمانییە ڕێگای داوە بە ئەوەی کە لە عەمەلی بکرێت بە ڕیئاسی و سنووری گەندەڵی زۆرتر ببێت.

نوێنەرەکەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەباەری سەرەکی ترین نیگەرانیی کوردەکان کە چاکسازی لە دەستووردایە وتی: نیگەرانیی ئەوەمان هەیە کە عێراق بکەوێتە بەردەم کۆمەڵێک وەزعی ناتەندروستەوە کە نەتوانرێت کونترۆڵ بکرێت، ئەم دەستوورە دەستووری ئارام کردنەوەی عێراقە پاش سەردەمێکی درێژ لە دیکتاتۆریەت و قەیران و شەڕی ناوخۆ و هتد...، ئێستا ئەگەر جارێک تر ئەمە هەڵبوەشرێتەوە زەمانەتێک نییە بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوازێکی تەندروست ئەم وەزعە کونترۆڵ بکەین. نیگەرانیێکی دیکەی ئێمە ئەوەیە کە ئێمە دەسکەوتێکی فیدراڵیمان هەیە لە عێراق و مەترسیی ئەوەمان هەیە کە ئەم دەسکەوتەمان بکرێتە ئامانج لەم گۆڕانکارییە دەستووریانەدا. مەرکەزیەتێکی زیاتر لە عێراقدا پیادە بکرێت کە ئێستا لە پەرلەمانەوە دەستی پێکردووە ئەو مەرکەزیەتە لە ڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە.

هەندێک کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان چاکسازی لە دەستووری ئێستای عێراقدا بە دەرفەتێک دەزانن بۆ چاکسازی لە هەموو بوارەکاندا، نوێنەری کوردی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئەو دەرفەتانەی کە ئەم چاکسازییە دەیخاتە بەردەم عێراق وتی: ئەگەر وەکوو دەرفەت بۆ ئەم پرسە بڕوانین دەکرێت هەندێک شتی باش بخەینە ناو دەستووری عێراق کە پێشتر تێدا نەبوو یان بە کاڵی تێیدا بووە و یان ئەوەی کە تێیدا بووە و جێبەجێ نەکراوە و ئێستا دەبێت مادەیێکی پێ زیاد بکرێت کە حکوومەت ناچار بکات کە ئەو بڕگە باشانەی دەستوور جێبەجێ بکات. بۆ نموونە پێکهێنانی مەجلیسی ئیتیحاد کە لە عێراقدا موئەسیسەیێکی دەستووریە و ژووری دووهەمی یاسادانیانە لە عێراق کە بەداخەوە حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق نەیانویستووە ئەم مەجلیسە کە زەمانێکە بۆ مافی هەرێمەکانی دیکە و فیلتەرێکە بۆ یاسادانیان دابمەزرێت.

پرسی میلیشیاگەریش کە لە عێراقدا هەیە دەکرێت بە هەندێک دەقی دیکەی دەستووری زیاتر کونترۆڵ بکرێت.

هەروەها لەم ڕێگایەوە دەتوانرێت ئەو نیزامی پەرلەمانییە قووڵتر بکرێتەوە لە ناو نیزامی سیاسی عێراقدا و باشتر بکرێت و بە هەندێک مادەی دەستووریی باشتر بکرێت. لەبەر ئەوە نەزاهەت و دەستپاکی و دژایەتی کردنی گەندەڵی ئەکرێت هەندێک بڕگەی تری بۆ دابنرێت، کە یەکێکە لە قەیرانە هەرە گەورەکانی عێراق. مەسەلەی پارێزگاری کردن لە گیانی خۆپیشاندەران و فراوانتر کردنی سنووری مەدەنی بوونی دەوڵەت دەکرێت هەندێک کاری بۆ بکرێت لەبەر ئەوە دەرفەت هەیە بۆ کاری باش لەناو دەستووردا بەڵام ئێمە ئەترسین ئەو مەسەلەیە جێبەجێ بکرێت کە ئەڵێت "چاکی مەکە با خراپ نەبێت".

ناوبراو لەباەری مەترسیی پڕچەک بوونی حزبە سیاسییەکان لە عێراق دەڵێت: لە دوای داعشەوە ئێمە ژمارەیێکی زۆر هێزی چەکدارامان بۆ پەیدا بووە لە عێراق کە مەترسیێکی جیدین لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی ژیانی خەڵک و هەروەها سەلامەتیی نیزامی سیاسی عێراقی، لەبەر ئەمە هەمیشە قەناعەتمان وایە جێبەجێ نەکردنی دەستوور ئەم قەیرانەی دروست کردووە نەک دەستوور خۆی.

دیمانە: حەسەن ساڵحی، بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان

News Code 96764

Your Comment

You are replying to: .
captcha