کوردپرێس:
رزێبار بە شاری فەیلەقووس ناسراوە. دەوترێت ئەفسانەیێکی ئێرانییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ئیسلام و تەنانەت بۆ پێش زەرتەشتیش. زرێبار شار بووە و خەڵکەکەی کسم و کاریان زرێ فرۆشتن بووە بۆیە ناوی نراو زرێبار. هەڵبەت ئەمە تەنها بۆچوونێکە. بۆچوونێکی تر ئەوەیە کە دەڵێن زرێ بار بە مانای بارەگای پەروەردگار دێت. بەهەر حاڵ کۆدەنگی لەسەر ئەوە هەیە کە بنەمای بوونی زرێبار لە سەر نزای نەبوون و دۆعای شەڕ دامەزراوە. بەپێی گێڕانەوەکان پێشتر زرێبار شاری تیلیپووس یان فەیلەقووس بووە و خاوەنی منارە و دەروازەی گەورە بووە:
ساڵێ بوو عەیان زرێبار شار بوو
خاوەن دەروازە و 300 منار بوو
بە دۆعای دەروێش بە زرێبار بوو
چیرۆکی ژێرئاو کەوتنی ئەو شارە و خاپوور بوونەکەی ئاوا دەگێڕنەوە:
ڕێبوارێک بووە ویستوویەتی بەرەو شارەزوور بڕوات. خێزانەکەی دووگیان بووە و بە سەر گوێ درێژێکەوە چووە. سەربازانی حاکمی شار لە دەروازی شارەکەدا داوای باج لەو دەروێشە و خێزانەکەی دەکەن. دەروێش ئەڵێت ئیفلاسم و هیچم نیە. ئەمری پێ ئەکەن کە دەبێت کلکی گوێ درێژەکەی ببڕن و وەک باج بیدا بە سەربازەکان. سەر سەربازەکان کلکی گوێ درێژ ئەبڕن، گوێ درێژ لە تاو ئێش هەڵدەبەڕێتەوە و ئەسڵەمێتەوە و لەم کاتەدا عایلەی دەروێش لە سواریی کەر دەکەوێتە خوار و سکەکەی لەبار دەچێت. دەروێش هەرچی نزا و هاوار دەکات کەس بە هانایەوە نایەتو سەربازەکان گاڵتەی پێ دەکەن و پێی دەڵێن ئەگەر ئەتەوێت حەقی خۆت بستێنیت بچۆ بۆ لای حاکمی شار:
وتم بۆ خاتر ماڵ و منداڵت
قەت تەنگی نەیەت حاڵ و ئەحواڵت
وتی بۆ دەروێش؟ چیت لێ قۆماوە؟
خەزنەت گوم بووە؟ ماڵت سووتاوە؟
وتی پێم عەیبە بەیانی کەم بۆت
چیم بە سەر هاتووە بە دەستووری خۆت
وتی ئەی دەروێش دادت ناپرسم
مەعلوومت لێ بێ لە تۆ ناترسم
تەواو شارەکەت بۆ کۆ ئەکەمۆ
خەفەتت نەبێ بۆت پڕ ئەکەمۆ
دەروێش کە زانی ئەمە جوابیە
کێشانە زوڵمی کە لە دوایییە
سوێندی خوارد دەروێش بە چەرخی فەڵەک
وا فیرار ئەکەم ئەڕۆمە کەڵەک
تەختی تەوێڵم ئەنێمە سەر خاک
شکایەت ئەبەم بە دەرگای بێ باک
دەروێش لە خوای خۆی ئەپاڕێتەوە و ئەڵێت خوایە ئەمە قبووڵ نەکەیت. تا دۆعام قبووڵ نەکەی من سەر لە سەجدەت هەڵنابڕم. سوارێک دێت و دەڵێت ڕێبوار هەستە. کە دەروێش سەرهەڵدەبڕێت دەریایێک دەبینێت. هەموو شارەکە نوقماو بووە. هەر ئەو جێگایەش دەبێت بە قەبری دەروێش و ئێستاش ماوە.
ئەم ئەفسانەیە هەڵگری ڕۆحیات و بیروبڕوای خەڵکی ناوچەکەیە. ڕەنگە حاکم و زلهێزێکی زاڵم بە سەریاندا حوکمی کردبێت و توانای ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئەو زاڵمەیان نەبووبێت بۆیە پەنایان بە ئەفسانەی وەها بردووە. هەر بەو پێیەش زرێبار بۆتە هێما و سیمبۆلی دادخوازی و عەدالەتخوازی لە ناو خەڵکی ناوچەکە.
*لە بەڵگە فیلمی "ئەفسانەی زرێبار" بەرهەمی خاتوو دورسا دانش نیا وەرگیراوە
Your Comment