به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌میر قادری له کۆڕبه‌ندی "هۆکاره‌کانی کاریگه‌ر له‌سه‌ر ڕوودانی بوومه‌له‌رزه و پێویستی چێ‌کردنی بینای پته‌و" که له بانه به‌ڕێوه چوو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد که له ئێران به شێوه‌ی مامناوه‌ند ساڵانه 200 بوومه‌له‌رزه به گۆڕی 4 تا 5 پله به پێوه‌ری ڕیخته‌ر، 20 بوومه‌له‌رزه به گۆڕی 5 تا 6 ڕیخته‌ر و دوو بوومه‌له‌رزه به گۆڕی 6 تا 7 پله به پێوه‌ری ڕیخته‌ر ڕوو ده‌دات و له هه‌ر ده‌یه دوو بوومه‌له‌رزه به گۆڕی زیاتر له 7 ڕیخته‌ره‌وه چاوه‌ڕوان ده‌کرێت.
ناوبراو وتیشی: 6 له‌سه‌دی تێکڕای ڕووداوه سروشتییه‌کان له ئێران‌دا ڕوو ده‌دات و ئێران به‌شێک له پێنج وڵاتی به‌ڵاخێزی جیهانه و ئاماره‌کان ده‌ریده‌خات له ماوه‌ی 2500 ساڵی ڕابردوودا به شێوه‌ی مامناوه‌ند هه‌ر 10 ساڵ جارێک بوومه‌له‌رزه‌یێکی وێران‌که‌ر له ئاستی وڵات‌دا بینراوه.
جێگری پارێزگاری کوردستان ڕوونیشی کرده‌وه: 70 له‌سه‌دی حه‌شیمه‌ت و 67 له‌سه‌دی به‌رهه‌مهێنانی ناپاڵاوته‌ی ئێران له‌و ناوچانه‌دان که له مه‌ترسیی بوومه‌له‌رزه‌دان. هه‌روه‌ها له وڵاتی ئێران زیاتر له 130 هه‌زار هێکتار بینای کۆن و به‌کارنه‌هاتوو هه‌ن که به‌هۆی پته‌ونه‌بوون به‌ره‌وڕووی مه‌ترسیی بوومه‌له‌رزه بوونه‌ته‌وه.
ناوبراو له درێژه‌دا جه‌ختی کرده‌وه: له کۆی 12 هه‌زار و 672 هێکتار ڕووبه‌ری شاره‌کانی پارێزگا، 3 هه‌زار و 262 هێکتار واتا 25.7 له‌سه‌دی ناکارامه‌یه و له ڕووی ڕووبه‌ره‌وه، بانه به 46.4 و سنه به 46.1 له‌سه‌د دۆخێکی خراپتریان له‌م باره‌وه هه‌یه.
ئه‌میر قادری ڕاشی‌گه‌یاند: هه‌زار و 904 هێکتار ڕووبه‌ری ئه‌م پارێزگایه به‌شێکه له ناوچه‌کانی په‌راوێزنشین و نیشتنگه‌ی نافه‌رمی که بوومه‌له‌رزه کاریگه‌رییێکی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه ده‌بێت.
جێگری هه‌ماهه‌نگیی پارێزگاری کوردستان بۆ کاروباری ئاوه‌دان‌کردنه‌وه ڕه‌خنه‌ی له کۆمیسیۆنی ماده 100 له ئاستی وڵات گرت و جه‌ختیشی کرده‌وه: ئه‌و کۆمیسیۆنانه به‌ڵای گیانی بیناسازین و به‌داخه‌وه بابه‌تی دروست کردنی بێ‌مۆڵه‌تی بینا له‌و کۆمیسیۆنه به پێدانی غه‌رامه چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. ڕێکاری به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆخه ده‌بێ له ناو کۆمه‌ڵگادا ده‌ستی پێبکرێت و وه‌کوو فه‌رهه‌نگێک ببێته داواکارییێکی گشتی له ناو خه‌ڵکدا.
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment