بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی ڕایگەیاند: حكوومەتی هەرێم تەنها یەك بژاردەی لەبەردەمدا ماوە بۆ باشتر كردنی دۆخەكە، ئەویش كار بكات بۆ گفتوگۆ و ڕێکكەوتن لەگەڵ حكوومەتی عێراق، لەو چوارچێوەیەشدا هەموو هەوڵەكانی خستۆتەگەڕ لەگەڵ بەغدا كۆببێتەوە، ئەگەر ئەو كۆبونەوەیەش نەكات، كێشەكانی هەرێم بەردەوام دەبێت و كێشەی دیكەشی لێدەكەوێتەوە.
سەبارەت بە ئەنجامی هەوڵەكانی وەفدی باڵای حكوومەتی هەرێمیش لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە فەرید ئەسەسەرد وتی: ئێستا حكوومەتی هەرێم خۆی قەرزارە، پێشتر دەیتوانی قەرز وەربگرێت، لەبەر ئەوەی ژمارەیێكی زۆر بیرەنەوتی لەبەردەستدا بوو، بە جۆرێك پێش ئەوەی نەوت ڕادەستی وڵاتان بكات، پێشەكی قەرزەكە وەربگرێت.
ئەوەشی وت: لە ئێستادا هیچ لایەنێك نییە قەرز بداتە حكوومەتی هەرێم، هەموو دەرگاكانیشی بەڕودا داخراون، هەر لایەنێكیش كە قەرز دەدات دەبێت دڵنیا بێت لە وەرگرتنەوەی قەرزەكانی، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەستەمە هیچ لایەنێك لە جیهان هەبێت قەرز بداتە حكوومەتی هەرێم.
سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment