ئەگەری کشانەوەی پارتێکی دیکەی هەرێم لە حکوومەت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیاری كشانەوە لەحكوومەتی هەرێم تاوتوێ دەكات، ئەوەش دوای كۆمەڵ‌ و گۆڕان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هادی عەلی وتەبێژی فەرمیی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان رایگەیاند "پێشتر چەندین جار پرۆژە درابوو بەحكوومەت‌ و پەرلەمان بۆ چاك كردنی ئەو دۆخە، هەروەك كشانەوە لەحكوومەت ئەویش ڕێگەیێكی ترە لە ڕێگەچارەكان بۆ فشار خستنە سەر حكوومەت".

هادی عەلی بۆ میدیای فەرمیی حیزبەكەی ڕاشی‌گەیاند: "لەچەند ڕۆژی داهاتووش ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكگرتوو قسە لەسەر ئەو بژاردەیە (كشانەوە لەحكوومەت) دەكات‌ و دوا بڕیاری خۆی لەسەر كشانەوە، یان مانەوە لەحكوومەت دەدات، هەر هەڵوێست ‌و بڕیارێكیش لەبەرژەوەندیی خەڵكی بێت ئەوا یەكگرتوو نكۆڵیی لێناكات ‌و بڕیاری خۆی دەدات".

وتەبێژی یەكگرتوو جەختی كردووەتەوە كە لای حیزبەكەی بڕیاری کشانەوە لە حكوومەت بڕیاریكی قورس نییە، بەبێ‌ ئەوەی هیچ زانیارییێكی تر لەو بارەوە بدات.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی چوار شەممە كۆمەڵی ئیسلامی ‌و بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری كشانەوەیان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دا.

هادی عەلی لەبارەی خۆپیشاندانەكانیش ڕایگەیاند: "پشتیوانیی داخوازی ڕەوای خەڵك دەكەین. خەڵك مافی خۆیەتی كە خۆپیشاندان دەكات، بەڵام هێرش كردنە سەر دام و دەزگای حكوومی و حزبییەكان داخوازی ڕەوای خۆپیشاندەران تێك دەدات و خزمەت بە گەلی كوردستان ناكات، دەبێت دەزگا ئەمنیەكانیش بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بكەن".

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9572

Your Comment

You are replying to: .
captcha