تورکیا هێرش بکاته‌ سه‌ر عه‌فرین فه‌شه‌لی ئیمپراتووریی عوسمانی دووپات ده‌کاته‌وه‌

به‌شی سووریا- هه‌دیه‌ یووسف هاوسه‌رۆکی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریا له‌ لێدوانێکدا ده‌ڵێت: هێزی سه‌ربازیی فیدراسیۆنی باکووری سووریا هێزێکی مه‌شقپێکراوه‌ و ئه‌گه‌ر تورکیا به‌نیاز بێت هێرش بکاته‌ سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین شکست ده‌هێنێت. ئه‌و شکسته‌ش ڕووخانی ئیمپراتووریی عوسمانی له‌ شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیدا دووپات ده‌کاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هه‌دیه‌ یووسف هاوسه‌رۆکی فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر کانتۆنی عه‌فرین ده‌ڵێت: تورکیا دۆڕاوی ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌بێت.

ناوبراو زیادی کرد: هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ته‌نها هه‌ڕه‌شه‌ له‌ کورد نییه‌ به‌ڵکوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ دژ به‌ هه‌موو ئه‌و هێزه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی له‌ ناوچه‌که‌دان.

یووسف جه‌ختی کرده‌وه‌: فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریا به‌نیاز نییه‌ هیچ هێرشێک بۆ سنووره‌کانی تورکیا بکات به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش چاویان له‌ خاکی ئێمه‌ بێت وه‌ڵاممان ده‌بێت. ئێمه‌ به‌ هه‌موو تفه‌نگه‌کانمانه‌وه‌ مشتیان لێ ده‌گرین و خه‌ڵکه‌که‌مان ده‌پارێزین. ئێمه‌ هێزێکی مه‌شق‌پێکراوین و بڕوامان وایه‌ توانای ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ هه‌موو هێرشێک وه‌ڵام بده‌ینه‌وه‌.

ناوبراو وتیشی: ده‌ستدڕێژیی حکوومه‌تی تورکیا بۆ خاکی سووریا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ دژ به‌ هه‌موو هێزه‌کانی ناوچه‌که‌ و به‌ ده‌ستدڕێژی کردنیان بۆ سه‌ر ئه‌لباب، جرابلۆس و ئیدلیب بوون به‌ مه‌ترسی و هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌ ڕووسییه‌کان. ئێستا هه‌وڵ ده‌درێت قه‌یرانی 7 ساڵه‌ی سووریا کۆتاییی پێ بهێندرێت. حکوومه‌تی تورکیاش به‌نیازه‌ هێرش بکاته‌ سه‌ر عه‌فرین بۆ ئه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕ بڵێسه‌دار بکات و ئه‌و هه‌وڵانه‌ شکست پێ بهێنێت.

یووسف سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی چاوه‌ڕواننه‌کراوی عه‌فرین گوتی: براوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌بێت که‌ مه‌شقی زیاتری پێ کراوه‌. گه‌وره‌ترین دۆڕاوی ئه‌و شه‌ڕه‌ش تورکیا ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9520

Your Comment

You are replying to: .
captcha