به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک‌وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان په‌یامێکی له‌باره‌ی خۆپیشاندانه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی هه‌رێمی کوردستان بڵاو کرده‌وه و ده‌ڵێت: "من له داواکارییه‌کانی ئێوه تێده‌گه‌م و ھاوسۆزم له‌گه‌ڵتان. ده‌ربڕینی ئاشتییانه‌ی بیر و بۆچوون مافێکی شه‌رعی و دیموکراسییه به‌ڵام تووندوتیژی ھیچ کاتێک په‌سه‌ند نییه".
سه‌رۆک‌وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ده‌شڵێت: "پێویسته ئه‌وه‌ش له یاد نه‌که‌ین که ئێمه هێشتا له ناوچه‌یێکی پڕ له توندوتیژی و ناسه‌قامگیردا ده‌ژین. ته‌نانه‌ت هه‌ر دوێنێ پێشمه‌رگه‌کانمان ڕووبه‌ڕووی ھێرشێکی دیکه‌ی تیرۆریستانی داعش بوونه‌وه. ئێمه له ئێستادا ئاگاداری جموجۆڵی هێزه عێراقییه‌کانین له مه‌خموور که ئه‌مه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانییه".
نێچیرڤان بارزانی ڕاشی‌گه‌یاند: ئێمه ئه‌و کاته به‌هێز ده‌بین که یه‌کڕیز و یه‌کگرتوو بین. من خۆڕاگری ئێوه به‌رز ده‌نرخێنم. له‌م دۆخه سه‌خته‌دا و له ڕابردوودشدا دۆخی خراپترمان تێپه‌ڕاندووه و باوه‌ڕم وایه به‌یه‌که‌وه به‌ره‌و داهاتوویێکی باشتر ھه‌نگاو ده‌نێین.
له دوو رۆژی ڕابردوودا له سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، کفری، پێنجوێن، کۆیه، ڕانیه، ناحیه‌ی حاجیاوا و چوارقوڕنه و چه‌ند ناوچه‌یێکی دیکه، خۆپیشاندان ئه‌نجام درا و دوای ماوه‌یێک پشێوی و ئاڵۆزی دروست بوو. خۆپیشانده‌ران هێرشیان کرده سه‌ر باڵه‌خانه حیزبییه‌کانی ناوچه‌که و به‌شێکیان سووتێنران. له خۆپیشاندانه‌کانی ڕانیه 5 که‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 80 که‌سی دیکه‌ش بریندار بوون.
سه‌رچاوه: ڕووداو
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment