فەرمانی وەزیر سێ ڕۆژە لە ڕێگای تەمەرچیندایە

بەشی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا- جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ورمێ دەڵێت: جێگری پارێزگار دەڵێ هێشتاکە لە تارانەوە هیچ فەرمانێک بۆ کردنەوەی دەروازەی تەمەرچین نەگەیشتۆتە دەستمان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی ورمێ ئاماژە دەکاتە قسەکانی سێ ڕۆژ پێش ئێستای وەزیری ناوخۆ و دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی جەنابی ڕەحمانیی فەزڵی لەبەر چاوی زیاتر لە ٤٠٠ چالاکوانی ئابووری وتی لە ئەوڕۆکەوە سنوورەکە دەکرێتەوە بەڵام ئێستا لەو قسەیە سێ ڕۆژ تێپەڕیوە و دۆخەکە هەر وەک خۆی وایە.

عەلی دەیلەمقانیان زیاتر وتیشی: هەر ئەوڕۆکە جێگری پارێزگار پێمان دەڵێت هیچ فەرمانێک بۆ کردنەوەی دەروازەکە نەهاتووە و گومرگی تەمەرچینیش بە هەمان شێوە باس لەوە دەکات لە تارانەوە فەرمانیان نەداوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە هەناردەی ئێمە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان یەکسانە لەگەڵ سەتا ١٠ی هەناردەی نانەوتی و زۆر بە ئاسانی ڕادەستی تورکیامان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو: بە ئێمەیان وت ڕێککەوتنی سێ قۆڵی کراوە لە نێوان ئێران و عێراق و تورکیا کە سنوورەکان دابخرێن بەڵام تورکیا تەنانەت یەک ڕۆژیش سنووری خۆی دانەخت و لەم ماوەیەدا سەتا ٧٠ هەنردەی بۆ هەرێم زیاد کردووە و هەوڵ و زەحمەتی ١٥ ساڵەی بازرگانانی ئێمە بۆ بەدەستەوە گرتنی بازاری هەرێم تەفروتوونا بوو.

دەریشی‌بڕی: بەداخەوە ئێستا پاش ٤٠ ساڵ کە لە شۆڕشی ئیسلامی تێپەڕ دەبێت سەرۆک‌کۆمار باس لە بژێوی خەڵک دەکات و تەنانەت بۆ ئەوەش هەنگاوێکی ئەوتۆ هەڵناگرێت. وەزیری ناوخۆ دەڵێ ئەو سنوورەی زیاتر لە ١٠ هەزار کەس نانی تێدا دەخۆن بازە و بە کردە دەبینین دۆخەکە جۆرێکی دیکەیە. ئەمەش واتا بەرپرسان بڕوایان بە قسەی خۆشیان نییە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9499

Your Comment

You are replying to: .
captcha