ئێران ڤیتۆ کردنی پێشنیاره‌که‌ی میسر له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ئیدانه‌ ده‌کات

به‌شی ئێران- وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران وێڕای سه‌رکۆنه‌ کردنی هه‌وڵی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به‌ ڤیتۆ کردنی بڕیارنامه‌ی پێشنیارکراوی میسر ئه‌و هه‌وڵانه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌زانێت و ده‌ڵێت: ئه‌و چه‌واشه‌کارییه‌ به‌ مه‌به‌ستی پێشێل کردنی مافی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ئه‌نجام دراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، به‌هرام قاسمی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران شه‌وی دووشه‌ممه‌ ڕاگه‌یێندراوێکی ده‌رکرد و ئاماژه‌ی به‌ ڤیتۆکرانی پێشنیاره‌که‌ی میسر له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ کرد و گوتی: سه‌ره‌ڕای هه‌وڵی وڵاتانی ئیسلامی و بڕیارنامه‌ی ده‌رکراو له‌لایه‌ن میسره‌وه‌ وه‌کوو تاکه‌ ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بیی به‌شدار له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، سیاسه‌تی ده‌مارگرژانه‌ی ئه‌مریکا بۆ پاڵپشتی کردنی تاکلایه‌نه‌ی داگیرکه‌رانی قودسی پیرۆز بووه‌ هۆی له‌مپه‌رنانه‌وه‌ی واشنتۆن.

قاسمی زیادی کرد: ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا به‌و بڕیاره‌ بێ عه‌قڵانه‌ی بۆ ناساندنی به‌یتولموقه‌ده‌س وه‌کوو پێته‌ختی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنی په‌یمان شکێنیی خۆی به‌رانبه‌ر به‌ بڕیارنامه‌ و په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تی پیشان دا و ئه‌م جاره‌شیان به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ر کردنی به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ڕژێمه‌ سه‌ره‌ڕای پاڵپشتی کردنی 14 وڵاتی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕیارنامه‌ی پێشنیارکراوی میسری ڤیتۆ کرده‌وه‌ و به‌و شێوازه‌ش سه‌لماندی له‌ ڕێگای پێشێل کردنی مافی مه‌شرووعی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌رێکی سازشکارانه‌ بدۆزێته‌وه‌.

وته‌بێژی ده‌زگای دیپلۆماتیی ئێران دیسانه‌وه‌ تیشکی خسته‌ سه‌ر ته‌وه‌ری به‌یتولموقه‌ده‌س و گوتی: جارێکی‌تر جه‌خت ده‌که‌مه‌وه‌ ئه‌و ڕه‌فتاره‌ی ئه‌مریکا بۆ به‌ فه‌رمی ناسینی ئه‌و شاره‌ پیرۆزه‌ وه‌کوو پێته‌ختی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنی به‌ ئاشکرا پێشێل کردنی په‌یڕه‌وی نێوده‌وڵه‌تییه‌ هه‌ر بۆیه‌ش کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ توندی سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئه‌مریکا ده‌کات و داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌موو وڵاتانی جیهان ده‌کات بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی نێوده‌وڵه‌تی پێش به‌و کاره‌ی ئه‌مریکا بگرن که‌ ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیی ڕژێمی زایۆنیی تێدایه‌ و ئاگری فیتنه‌یێکی نوێ له‌ ناوچه‌که‌دا بڵێسه‌دار ده‌کات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9468

Your Comment

You are replying to: .
captcha