کاردانه‌وه‌ی به‌رپرسانی باڵای ئێران به‌رانبه‌ر به‌ ئیدعاکه‌ی نیکی هایلی

به‌شی ڕاپۆرت/ کوردی- پاش ئیدعاکه‌ی نیکی هایلی سه‌باره‌ت به‌ ئێرانی بوونی مووشه‌که‌کانی یه‌مه‌ن چه‌ندین خاوه‌ن پله‌ی ئێرانی کاردانه‌وه‌یان به‌رانبه‌ر به‌و ئیدعایه‌ پیشان داوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نیکی هایلی نوێنه‌ری ئه‌مریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان پێش چه‌ند ڕۆژ پارچه‌مووشه‌کێکی نمایش کرد و ئیدعای کرد ئێران که‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی و مووشه‌کی بالیستی ده‌داته‌ یه‌مه‌ن ئه‌وه‌ش کاردانه‌وه‌ی به‌رپرسانی ئێرانی لێکه‌وته‌وه‌.

ئه‌میر حاته‌می وه‌زیری به‌رگری و لۆجستیی هێزی چه‌کدار سه‌باره‌ت به‌و ئیدعایه‌ی باڵوێزی ئه‌مریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان وتی: کادێری ته‌کنیکیی حه‌وزه‌ی به‌رگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران دیراسه‌ی ئیدعاکه‌ی نیکی هایلی ده‌کات هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و کۆمه‌ڵه‌یه‌ داوایێکیان ئاماده‌ کردوووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ شه‌فافی و ئاشکرا سکاڵا بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان به‌رز بکه‌ینه‌وه‌.

وه‌زیری به‌رگری ئاشکراشی کرد: ئاسایییه‌ دوژمنانی کۆماری ئیسلامی هه‌موو ئیدعایێک ده‌که‌ن به‌ڵام پاش به‌رز کردنه‌وه‌ی سکاڵا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ ده‌بێت پارچه‌یێک له‌و مووشه‌که‌ ڕاده‌ستی ئێران بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی تاوتوێ بابه‌ته‌که‌ بکه‌ین هه‌ر بۆیه‌ش به‌م زووانه‌ سکاڵای خۆمان ئاراسته‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ده‌که‌ین.

عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی ئێران له‌ کۆبوونه‌وه‌ی یه‌کێتیی په‌رله‌مانه‌کانی جیهاندا گوتی: بیستوومانه‌ نوێنه‌ری ئه‌مریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان پارچه‌ مووشه‌کێکی نمایش کردوووه‌ و پشێوه‌ی ناوه‌ته‌وه‌ که‌ گوایه‌ ئێران مووشه‌کی بۆ یه‌مه‌ن ناردوووه‌ و دیاره‌ ئه‌وه‌ش درۆیێکی گه‌وره‌یه‌.

ناوبراو زیادی کرد: ئێمه‌ ئه‌گه‌ر مووشه‌ک به‌ یه‌مه‌ن بده‌ین ده‌یڵێین. ئێمه‌ وڵاتێک نین ئه‌گه‌ر یارمه‌تیی سه‌ربازی بۆ وڵاتێک بنێرین بیشارینه‌وه‌. ئه‌مریکاش به‌و ئیدعا و سیناریۆگه‌له‌ هیچی پێ ناسه‌لمێندرێت. ئێمه‌ پاڵپشتیی به‌رخۆدانی فه‌ڵه‌ستینمان کردوووه‌ و ده‌یشیکه‌ین به‌ڵام ته‌داخولمان له‌ کاری یه‌مه‌ندا نه‌کردوووه‌.

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ وه‌ڵامی ئیدعاکه‌ی نیکی هایلیدا توویتێکی بڵاو کردۆته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: پێشتر لێکه‌وته‌ی ئیدعای له‌و چه‌شنه‌مان بینیوه‌. ئه‌و کاته‌ی من له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان بووم ئه‌و نمایشته‌ و لێکه‌وته‌کانیێم بینی.

سه‌ردار جه‌زایری وته‌بێژی باڵای هێزی چه‌کدار کاردانه‌وه‌ی به‌ ئیدعاکه‌ی نیکی هایلی پیشان دا و ڕای‌گه‌یاند: ئه‌مریکا توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ دژ به‌ ئێران کۆده‌نگی دروست بکات.

ناوبراو زیادی کرد: ئیدعاکانی هایلی ده‌گه‌ڕێنینه‌وه‌ بۆ بێ‌ئاگایی و تێنه‌گه‌یشتنی ناوبراو له‌ پرسی سه‌ربازی و چه‌کداری.

سه‌ردار جه‌زیری گوتیشی: ئه‌گه‌ر ئه‌مریکییه‌کان ئاگاداری توانای ته‌کنیکیی مووشه‌که‌کانی یه‌مه‌ن بوونایا قسه‌ی بێ بنه‌مای له‌و چه‌شنه‌یان نه‌ده‌کرد.

حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان ڕاوێژکاری باڵای سه‌رۆکی په‌رله‌مان بۆ کاروباری نێوده‌وڵه‌تی ئیدعاکه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نیکی هایلی باڵوێزی ئه‌مریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان به‌ بێ‌ئابڕووییی سیاسی وه‌سف ده‌کات و ده‌ڵێت: له‌ به‌رپرسێکی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کانم بیستوووه‌ که‌ به‌ بۆنه‌ی شه‌ڕی سعوودییه‌وه‌ له‌ یه‌مه‌ن ته‌نانه‌ت ژماره‌یێک عه‌شایر و قه‌بیله‌ی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌ستیان به‌ مووشه‌ک گه‌یشتوووه‌. دیاره‌ ئه‌و نمایشه‌ ساخته‌یییه‌ی ئه‌مریکا بێ‌ئابڕووییێکی سیاسی بوو.

ناوبراو زیادی کرد: هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستدڕێژیی ڕیاز و ئه‌بووزه‌بی بۆ سه‌ر یه‌مه‌ن چه‌ندین جار به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریکا به‌ ئاشکرا ڕایان‌گه‌یاندبوو ئه‌مریکا له‌ شه‌ڕی یه‌مه‌ندا یارمه‌تیی سه‌ربازی و هه‌واڵگری ده‌نێرێت بۆ سعوودییه‌. ئێستاش ئه‌مریکا و ڕیاز به‌ چه‌واشه‌کاری ناتوانن خۆیان به‌ سه‌ر خه‌ڵکی یه‌مه‌ندا بسه‌پێنن.

غوڵامعه‌لی خوشڕوو نوێنه‌ری هه‌میشه‌ییی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کانیش سه‌باره‌ت به‌ ئیدعاکه‌ی نیکی هایلی ڕای‌گه‌یاند: ئه‌و تۆمه‌تانه‌ بێ‌بنه‌مان.

ناوبراو ئاشکراشی کردوووه‌: ئامانجی هایلی له‌و تۆمه‌تانه‌ ئه‌وه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ تاوانه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ ڕای گشتی به‌لاڕێدا ببات.

عه‌لی شه‌مخانی سکرتێری ئه‌نجومه‌نی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیش له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕای‌گه‌یاند: لێدوان و ئیدعای نیکی هایلی گاڵته‌جاڕ بوو.

ناوبراو که‌ سه‌ردانی شاری سنه‌ی کردوووه‌ له‌ لێدوانێکدا گوتی: ئه‌وه‌ی هایلی پیشانی دا به‌ڵگه‌ نه‌بوو. ئه‌گه‌ر بڕیار وا بوایه‌ به‌ به‌ڵگه‌ شتێک بسه‌لمێندرێت بۆمبه‌کانی ئه‌مریکا له‌ شه‌قامه‌کانی سه‌نعا زۆر به‌هێزتر له‌و به‌ڵگه‌یه‌ بوو که‌ دژ به‌ ئێران پیشان درا.

شه‌مخانی زیادیشی کرد: ئه‌وه‌ی نیکی هایلی نوێنه‌ری ئه‌مریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ئیدعای کرد بێ‌بنه‌ما بوو و هیچ پاڵپشتێکی ته‌کنیکیی نه‌بوو.

ناوبراو وتیشی: دیاره‌ ئێران ئه‌گه‌ر بیه‌وێت یارمه‌تیی یه‌مه‌ن بدات به‌ نهێنی نایکات و به‌ ئاشکرا ئه‌و یارمه‌تییه‌ ڕاده‌گه‌یێنێت.

کۆکردنه‌وه‌ و داڕشتن: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9462

Your Comment

You are replying to: .
captcha