کاردانه‌وه‌ی ئێران به‌رانبه‌ر به‌ ڤیتۆی ئه‌مه‌ریکا

به‌شی ئێران/ کوردی- نوێنه‌ری هه‌میشه‌ییی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ڤیتۆی بڕیارنامه‌که‌ی فه‌ڵه‌ستین له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ نموونه‌یێکی ئاشکرای پاڵپشتیی ئه‌مریکا له‌ داگیرکاری و ده‌ستدڕێژیی ڕژێمی زایۆنی وه‌سف ده‌کات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، غوڵامعه‌لی خوشڕوو ڕۆژی دووشه‌ممه‌ پاش ڤیتۆ کردنه‌وه‌ی بڕیارنامه‌ی پێشنیارکراوی میسر له‌سه‌ر فه‌ڵه‌ستین له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ کاردانه‌وه‌ی پیشان دا و گوتی: ئه‌وه‌ نموونه‌ی ئاشکرای پاڵپشتی کردنی ئه‌مریکا له‌ داگیرکاری و ده‌ستدڕێژیی ڕژێمی زایۆنییه‌.

پاش فه‌رمانه‌که‌ی 6ی دیسێمبێری 2017ی تره‌مپ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌ دانیشتنی حه‌فته‌ی ڕابردووی خۆیدا ئه‌و بابه‌ته‌ی تاوتوێ کرد و 14 وڵاتی ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان دژایه‌تیی خۆیان به‌رانبه‌ر به‌و بڕیاره‌ نیشان دا. هاوکات وڵاتانی ئه‌ندامی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی کۆبوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایییان به‌و بابه‌ته‌ ده‌ربڕی.

نوێنه‌ری ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان له‌و باره‌وه‌ درێژه‌ی پێدا: هه‌وڵی ناعادیلانه‌ و گێره‌شێوێنیی ئه‌مریکا بۆ ناساندنی قودس وه‌کوو پێته‌ختی ئیسرائیل ڕقی هه‌موو جیهانی ئیسلام و کۆمه‌ڵگای جیهانیی لێکه‌وته‌وه‌ و ڤیتۆ کردنی بڕیارنامه‌که‌ی ئه‌مڕۆی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیش نموونه‌یێکی‌تره‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مریکا به‌رانبه‌ر به‌ موسڵمانان و هه‌موو جوامێره‌کانی جیهان.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: ئه‌م ڕه‌فتاره‌ی ئه‌مریکا پیشانی دا که‌ واشنتۆن ته‌نها هه‌وڵی ده‌سته‌به‌رکردنی سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی ئیسرائیل ده‌دات و هیچ ڕێزێک له‌ خواستی ده‌ستووریی فه‌ڵه‌ستینیه‌کان ناگرێت.

باڵوێزی ئێران له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان ئاشکراشی کرد: کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕیاره‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌مریکا له‌سه‌ر ناساندنی قودس وه‌کوو پێته‌ختی ڕژێمی زایۆنی و گواستنه‌وه‌ی باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریکا بۆ قودس به‌ توندی ئیدانه‌ ده‌کات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9459

Your Comment

You are replying to: .
captcha