بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پەرتی دیموکراتیکی گەلان لە پەیامەکەی خۆیدا بەبۆنەی هەشتەمین کۆنگرەی کۆمکاری دیموکراتیکی گەلان ئاماژە بەوە دەکات کە ئێمە ڕەگەزپەرستی لەناو دەبەین و خەباتی ڕزگاریخوازانە سەردەخەین و پاشان زیاتر دەڵێت: نەک هەر لە تورکیا، بەڵکوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ئەو شوێنانەی زوڵم و فاشیزمی تێدایە خەباتی ڕزگاریخوازانە بۆ چارەسەر کردنی کێشە مێژووییەکانی گەلی چەوساوە هەر درێژەی دەبێت. ئەزموونی خەباتی تورکیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت سووریا دەتوانێ ببێتە نموونە و گرۆبەرێکی تەواو بۆ ڕەوتی ڕزگاریخوازی.
هەروەها دەریبڕیوە: ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە خۆیان بە سەرکردە دەزانن دەسکەوتەکانی خەڵکی ئێمە لە کوردستانی تورکیا کە بە لەخۆبووردەیی و بەرخۆدان وەدەست هاتوون بکەنە سەرکەوتنێکی نەمر و ئەمە ئەرکی ئەخلاقی و مێژووییی هەموو هێزەکانی ئێمەیە کە میراتی مەزنی خەباتی گەل بە شێوازێکی درووست و دیالۆگێکی گونجاو بەرەو سەرکەوتن ڕێنموویی بکەن. بنەما و بنەڕەتی کارەکە ئەوەیە لە گوند و شار و کۆڵانەوە بگرە تا سەر مەزرا و ناو کارگە و کارخانە و زانستگاکان خەڵکی ئەنجومەنی گەل و خۆبەڕێوەبەری پێکبهێنن. ئەمەش واتای خۆبەڕێوەبەریی گەل لەلای ئێمەیە.
سەرچاوە: ڕۆژنامەی جومهوورییەت
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment