هۆشداری لە پێكدادانی پێشمەرگە و سوپای عیراق دەدرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- مەترسیی شەڕ و پێكدادانی نێوان سوپای عێراق و هێزەكانی پێشمەرگە لە سنووری گوێڕ بە ئامانجی كۆنترۆڵ كردنی بیرە نەوتەكان ئاشكرا دەكرێت و بەغداش هێزێكی زۆر ڕەوانەی سنوورەكە دەكات، بەرپرسێكی یەكێتیش دوایین زانیاری لە بارەی دۆخی ناوچەكەوە دەخاتەڕوو.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئەحمەد زاگە، لێپرسراوی كۆمیتەی گوێڕی یەكێتی، بە SNNی ڕاگەیاند: هێزێكی زۆری سوپای عێراق لە سنووری ناحیەی گوێڕ كۆ كراونەتەوە و بەردەوامیش ژمارەی هێزەكانیان لەو سنوورە زیاتر دەكەن، بە جۆرێک لە ناوچەی (فاو)ەوە هێزیان ڕەوانە كردووە و لە بەرزاییەكانی سوڵتان عەبدوڵڵا، گوێزات و تەلشەعیر كە دەكەونە سنووری ناحیەی گوێڕ هێزەكانیان بە چەندین چەكی قورسەوە جێگیر كردووە.

هۆشداریشیدا لەوەی كە مەترسیی هێرش كردنیان هەیە و وتی: "ئەگەر ڕێكەوتنی سەربازی نەكرێت و هێزێكی وەک ئەوەی ئێستا كۆ بكرێتەوە، مەترسیی دروست بوونی شەڕ و پێكدادان هەیە".

لە بارەی ئامادەباشی هێزەكانی پێشمەرگە، ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكرای كرد: هێزی پێشمەرگە ئامادەباشیان كردووە لەسەر بەرزاییەكانی ساقیە و كوشافی، تا دەگاتە بناری چیای قەرەچوغ جێگیر كراون و دەستیان بە هەڵكەندنی خەندەق كردووە.

بە وتەی ئەحمەد زاگە، سوپای عێراق دەیەوێت سەرجەم ئەو ناوچانەی دەكەونە سنووری مادەی 140ەوە كۆنترۆڵ بكات و لەو چوارچێوەیەشدا هەوڵ دەدات تا بەرزاییەكانی عەوێنە و ناڵەشكێن لە نزیک قەزای مەخموور كۆنترۆڵ بكات.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9353

Your Comment

You are replying to: .
captcha