بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژەنراڵ هێربێرت مەک ماستەر ڕاوێژکاری ئەمنیەتی نەتەوەییی ئەمریکا ڕۆژی ڕابردوو لە ڕێگای کۆنفرانسێکەوە باسی لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دۆخی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.
مەک ماستەر دەڵێت: ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ و لە ڕێگای ئۆپەراسیۆنی Operation Provide comfort بووین بە ڕێگرێک لەبەردەم سەدام و کردەوە بێڕوحمانەکانی هەمبەر خەڵکی کوردستان، ئەم ئۆپەراسیۆنە ١٢ ساڵ واتا تا ساڵی ٢٠٠٣ کە سەدام ڕووخا درێژەی پەیدا کرد و ئێستا هەرێمی کوردستان گەشەی سەندووە ئەگەرچی لە ڕوانگەی ئابوورییەوە لاوازە.
زیاتر دەشڵێت: ئێمە هۆگری سەرکەوتنی عێراق و بەهێز بوونی ئەم وڵاتەین. هەروەها پێبەندین بە پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانیش.
مەک ماستەر ئاماژەی بەوەش کرد: یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی عێراقی بەهێز ئەوەیە کە بتوانێت گرفت و ململانێی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندی چارەسەر بکات و بۆیە بەم بابەتەش پێبەندین.
ڕاوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت ئێمە بەوەش پێبەندین کە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هاوکاری بکەین و ببینە نێوەندگێڕێک لەنێوان ڕێبەرانی هەردوو لایەن.
ناوبراو پاشان جەختی لەوە کردەوە چارەسەر کردنی ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە گرینگترین ئەولەوییەتەکانی تیلەرسۆن وەزیری دەرەوە و دۆناڵد ترەمپ سەرۆککۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانە.
سەرچاوە: ماڵپەڕی پەیمانگەی زانستیی جەیمز تاون
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment