وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا: 120 هێزی سەربازیی هۆڵەندا لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیر کران

بەشی جیهان- وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا ڕایگەیاند یەکەم یەکەی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە کە بڕیارە ئەرکی پاراستنی چەند بەشێکی ناوخۆی فڕۆکەخانەی هەولێر جێبەجێ بکەن گەیشتنە ئەو شارە.

کوردپرێس:

وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند یەکەم گرووپی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بە مەبەستی پارێزگاری کردن لە چەند بەشێکی فڕۆکەخانەی هەولێر گەیشتنە هەرێمی کوردستان و لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیر کران.

بەگوێرەی بەیاننامەکە لە ماوەی یەک هەفتەدا کۆی تیمە 120 کەسییەکەی سەربازە هۆڵەندییەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر جێگیر دەکرێن.

مەبەست لە ناردنی ئەو هێزانە ئەوەیە پارێزگاری لە هێز و کەرەستەکانی بەشە ناوخۆییەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر بکەن و ئەو هێزانە شانبە شانی هێزە ئەمریکییەکان و هێزە کوردییەکان ئەرکی پاراستنی دۆخی ئەمنی فڕۆکەخانەی هەولێریان لە ئەستۆ دەبێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا هێزە کوردە عێراقییەکان ئەرکی پاراستنی ئاسایشی دەوروبەری فڕۆکەخانەیان لە ئەستۆ دەبێت و هێزە هۆڵەندییەکان ئەرکی کۆنتڕۆڵ کردنی هاووڵاتییان و کاڵاکان ئەنجام دەدەن و لە ناوخۆی فڕۆکەخانەکەش دەگەڕێن.

وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا لەبارەی هەبوونی هێزە هۆڵەندییەکانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر وتوویەتی ئەو فڕۆکەخانەیە مەنزڵی سەرەکیی یارمەتییە لۆجەستیکی و سەربازییەکانی هاوپەیمانیی دژەداعشە لە عێراق و هەموو شەریکەکانی شەڕی دژبە داعش لە هەولێر هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە ناوچەی باکووری عێراق ئەنجام دەدەن.

وەزارەتی بەرگریی هۆڵەندا هاوکاری کردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە بەشێک لە ڕۆڵ بینینی ئەو وڵاتە لە شەڕی دژبەداعش دەزانێت و دەڵێت لە ئێستادا مەشق کردن بە هێزە کورد و عێراقییەکان کۆتایی هاتووە و هێزە بیانییەکان تەنها ڕاوێژیان پێدەدەن.

News Code 933

Your Comment

You are replying to: .
captcha