بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیلادیمیر پووتین سەرۆککۆماری ڕووسیا ڕۆژی ڕابردوو لە کۆنفرانسێکی ساڵانەدا لەگەڵ هەواڵنێرانی جیهان باسی لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و پێوەندیی مۆسکۆ و کوردەکانیش کرد.
ڤیلادیمیر پووتین وتی: ڕێفراندۆمەکە سەبارەت بە سەربەخۆبوونی هەرێمی کوردستان بوو و پاشان خودی سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند دەبێ جێبەجێ کردنی ئەم بڕیارە وەدوا بکەوێت. ئەگەرچی ئەو دەستی لە کار کێشایەوە بەڵام بڕیارەکە هەر لەجێدایە. ئێمەش لەمبارەوە وای بۆ دەچین هەموو شتێک دەبێ لەسەر یاسای ئێستا و سەروەریی خاکی عێراق بڕواتە پێشەوە و کتوپڕ هیچ گۆڕانکارییێک ڕوو نەدات. ئەمەش هەر ئەو شتەیە کە سەرکردایەتیی کوردستان لەسەری بوو.
ناوبراو زیادی کرد: ڕووسیا بەنیازە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان درێژە بدات.
سەبارەت بە ئامادە بوونی کۆکمپانیا نەوتییەکانی ئەو وڵاتە لەوان ڕووسنەفت لە هەرێمی کوردستان دەریبڕی: کۆمپانیاکانی ئێمە وەکوو ڕووسنەفت لەگەڵ عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان هاوکاری دەکەن و ئێمەش بڕوامان بەوە هەیە کە ئەم کارە لە بەرژەوەندیی ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕووسیاشە.
پاشان باسەکەی بردە سەر پێوەندیی کوردەکان و ڕووسیا و ڕایگەیاند: هەر لەمێژەوە پێوەندییێکی باشمان لەسەر بنەمای متمانە لەگەڵ کوردەکاندا هەبووە. من لە هەموو دژوارییەکانی ئەم بابەتە تێدەگەم بەڵام سەرەڕای هەموو هەستیارییەکان هیچ شتێک ناتوانێت لە گەشەی پێوەندییەکانی ئێمە و کوردەکان ڕێگری بکات.
سەرچاوە: هەواڵدەریی تاسی ڕووسیا
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment