بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەواڵدەریی فەرانسە ڕاپۆرتێکی لە چەند شاری کوردنشینی سووریا ساز کردووە کە تێیدا لەگەڵ خەڵک باس لە ئەگەری بڕانی پشتیوانیی ئەمریکا لە کوردەکانی ئەو وڵاتە دەکات. دانیشتووانی ئەو شارانەش دانیان بەوەدا ناوە کە دەترسن ئەمریکا پاش شکستی داعش لە سووریا ئەو وڵاتە بەجێبێڵێت و واز لە پشتیوانیی کوردەکان بهێنێت.
کوردەکانی سووریا دەڵێن تورکیا ئەوان بە هەڕەشە هەژمار دەکات و لە ئەگەری کشانەوەی ئەمریکا کوردی سووریا دەبێتە ئامانجی سەربازیی تورکیا.
نەسرین عەبدوڵڵا فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لەمبارەوە بە هەواڵدەریی فەرانسە دەڵێت: هەڕەشە و مەترسیی گرووپە تیرۆریستییەکان بە داعشیشەوە لە سووریا نەگەیشتۆتە کۆتایی و هاوپەیمانانی دژە داعش دەبێ لە سوریادا بمێننەوە و ئاسایش و سەقامی ئەو وڵاتە بپارێزن.
نیکۆلاس هێراس، توێژەری پەیمانگەی نیو ئەمێریکەن سێکیووریتی لەو بڕوایەدایە پاش کشانەوەی ئەمریکا، تورکیا دەبێتە گەورەترین هەڕەشە بۆسەر کوردەکانی سووریا. ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردۆتەوە دەسبەجێ پاش کشانەوەی ئەمریکا لە سووریا کوردەکانی ئەو وڵاتە سەرکوت دەکات.
ئەو هەروەها دەڵێت ئەگەر کوردەکان هیوایان بە ئەمریکا نەمێنێت زۆرتر لە ڕووسیا نزیک دەبنەوە. زیاترین هەڕەشەی تورکیا بۆ کوردەکان لە ناوچەی عفرینە کە ئەمریکای تێدا نییە و هەر بۆیەش ڕەنگە کوردەکان ئەمجارەیان پشتبە مۆسکۆ ببەستن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment