بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردپرێس محەمەد قەسیم عوسمانی لە کۆبوونەوەی ئاساییی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ڕێکەوتی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز جەختی لەسەر ئەوە کردەوە دۆخی ئابووریی وڵات نەگونجاوە و وتیشی: ئەم دۆخە ئابوورییە بۆ هەردووی دەوڵەت و خەڵکە، بەڵام دەوڵەت دەیهەوێ لە ڕێگای بووجەی ساڵی ئایندەوە گوشارەکە بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت.
ناوبراو وتیشی نوێنەرانی خەڵک دەبێ وشیار بن و نەهێڵن چیدی گوشاری ئابووریی سەر خەڵک زیاتر بێت و پاشان ئاشکرای کرد: نەبوونی نەختینەیی لە بازار، داکشانی زاڵ بەسەر ئابووری وڵات، بێکاریی بەردەوامی گەنجانی خوێندکار و داکشانی زۆری بازاری مڵک و ماڵ پشتی خەڵکی چەماندووە.
قەسیم عوسمانی زیادیشی کرد: پێشتر تەنیا چینی هەژار لەژێر فشاردا بوون و ئەوڕۆکە چینی مامناوەندیش کەوتوونەتە فشارەوە و نابێ مۆڵەت بدەین فشارەکان لەمە زیاتر ببێت چوونکە دەبێتە هۆی تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکان.
نوێنەری بۆکان پاشان وتی: هەر بۆیەش دەبێ لە پرۆژەیاسای بووجەی ساڵی ٩٧دا دابەزاندنی ئاستی فشاری سەر خەڵک، ڕەخساندنی هەلی کار و ئامادە کردنی بەستێن بۆ بەرهەمهێنان و هەناردە کردن و گەشەی ئابووری و خێراترکردنی پرۆژە نیوەکارەکان بخرێنە ئەولەویەتەوە.
جەختیشی کردەوە: دەوڵەت دەبێ خۆی بڕواتە ناو چینی هەژار و ناوچە بێبەشەکان و دۆخی بژێویان ببینێت نەک ئەوەی بە زیاتر کردنی نرخی شتومەک و کاڵا و بواری وزە فشارێکی زیاتر بخاتە سەر ڕۆح و ژیانی کۆمەڵگا.
لە کۆتاییشدا باسی لەوە کرد چەندقات کردەوەی فشارەکان دەتوانێ ببێتە هۆکاری ئەوەی کێشە ئابوورییەکان کێشەی ئەمنی بخولقێنن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment