بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بوون و نەبوونی کوردەکانی سووریا لە دانوستاندنی ئاشتیی ئەو وڵاتە هەمیشە یەکێک بووە لەو پرسانەی لە دۆخی قەیراناویی سووریادا گێرەوکێشەی زۆری لەسەر بووە. تورکیا پارتی کوردیی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا ڕێک بە پەکەکە دەزانێت و دژ بەوەیە لە دانوستاندنەکاندا ئامادە بێت. مەولوود چاوش ئوغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نوێترین هەڵوێستی وڵاتەکەی لەمبارەوە دەڵێت: یەکینەکانی پاراستنی گەل تەنیا نوێنەری کوردەکانی سووریا نین بەڵکوو نوێنەرایەتیی بەشێکی کەمی کوردانی ئەو وڵاتە دەکەن. ئێمە لیستێک لەو کەسانەمان خستۆتە بەردەستی ڕووسیا کە نوێنەری کوردەکانی سووریان.
ئۆیتوون ئورهان، پسپۆڕی بەشی سووریا لە بیرخانەی ئورسامی تورکیا لەمبارەوە بە عەرەبنیووز دەڵێت ئامادە بوونی پەیەدە لە کۆنفڕانسی سووچی بە واتای چوونە دەرەوەی تورکیا لە دانوستاندنەکەیە. ئەم سێناریۆیە دژ بە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیایە و دەبێتە لەمپەرێک بۆ بە ئەنجام گەیشتنی هەموو هەوڵێکی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا.
هەروەها زیادیش دەکات: لەلایێکی دیکەشەوە ئەنقەرە نایهەوێت ڕواڵەتی دژە کورد بگرێتە خۆوە و پێوەندییێکی باشی لەگەڵ دیکەی گرووپە کوردییەکانی سووریا و لەوان ئەنەکەسە (ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەکانی سووریا) دامەزراندووە. بەڵام هەنگاوی زیاتر لەمبارەوە پێویستە چوونکە هێشتاش یەپەگە هێزی سەربازیی هەیە و لە سووریادا ناوچەی زۆری بە دەستەوەیە. دواجار ڕووسیا دەبێ یان هاوکارییان لەگەڵ بکات یان خۆ لە ڕوانگەی سەربازییەوە ڕازییان بکات.
مەتە سووهتە ئوغڵوو شرۆڤەکاری پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ هەمان ماڵپەڕ دەڵێت: ڕووسیا هەڵبژاردنەکانی مانگی مارچی ٢٠١٨ی لەبەرچاوە و هەر بۆیەش زیاتر شوێنی چارەسەری سیاسی دەکەوێت تا سەربازی. ئەو وڵاتە بەنیازە بەبێ هیچ مەرجێک پەیەدە بێنێتە سەر مێزی دانوستاندنەکان و لە هەمان کاتدا دەیشیهەوێ نووسینگەی دیکەی گرووپە کوردەکانی سووریا لە وڵاتەکەیدا بکاتەوە ئەمەش لە حاڵێکدایە پەیەدە چالاکیی هەموو ئەو گرووپانە قەدەغە کردووە. ڕووسیا بەم شێوەیە هەوڵ دەدات هاوپەیمانییێکی کوردی ساز بکات و بەم شێوەیە تورکیا ڕازی بکات بەوەی کوردەکانیش لە دانوستاندنەکانی ئەستانە و سووچی بەشداری بکەن.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment