بڕیارەکەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ قودس بێشەرمانە، نادروست و نایاساییە

بەشی ئێران- حەسەن ڕۆحانی سەرۆک‌کۆماری وڵات دوانیوەڕۆی ئەوڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکدا بۆ هەواڵنێران باسی لە ئامانجی سەفەر بۆ تورکیا کرد و وتی: ئەم سەفەرە بە بانگهێشتی سەرۆک‌کۆماری بەڕێزی تورکیا بووە کە ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامیشە و بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی نائاساییی ئەو ڕێکخراوەیە ئەنجام دەدرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس سەرۆك‌کۆمار وتی: بابەتەکە زۆر گرینگە. قودس بۆ ئێمەی موسوڵمان و بۆ مەسیحی و جووەکانیش زۆر گرینگە. ئەوەی لەو وڵاتەدا نامۆیە زایۆنیستەکانن دەنا موسوڵمان و جوو و مەسیحی دەیان سەدە لەم شارەدا پێکەوە ژیاون.

ڕۆحانی دەری‌بڕی: بڕیاری نادروست و نایاساییی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە بۆ قودس هەڵمەتێکی بێشەرمانە بەرامبەر بە موسوڵمانان بوو. چوونکە مەڵبەندی قودس موڵکی گەلێکی تایبەت نییە. قودس جێگای ڕێزی هەموو موسوڵمانانی جیهان و قیبلەی یەکەمیان مزگەوتی ئەقسا بووە و ئێستاش سێهەم شوێنی پیرۆزیانە.

پاشان وتیشی: ئەمە هێشتا هەمووی ئەو پیلانە نییە کە دژ بە فەلەستین و جیهانی ئیسلام گیراوە، بەڵکوو ئەمە بەشێکیەتی و دەیانەوێ کاردانەوە و هەستی موسوڵمانان و خەڵکی فەلەستینی پێ تاقی بکەنەوە.

سەرۆک‌کۆمار ئاشکرای کرد: دەسبەجێ پاش ڕاگەیشتنی بڕیارەکە دژایەتیی جیهانی ئیسلامتان بینی. هەموو موسوڵمانان لە ئەندۆنێزیاوە تاوەکوو مەغرێب ڕابوون. بەختەوەرانە ژمارەیێکی زۆری سیاسەتوانانی جیهان و تەنانەت نوخبە و خاوەن‌ڕای ئەمریکاش کارەکەیان سەرکۆنە کرد.

دکتور ڕۆحانی هەروەها وتی: ئەمە دەسپێکی تەنگژەیێکی نوێ لە ناوچەکەیە و ئەگەر موسوڵمانان یەکێتیی خۆیان بپارێزن و بەرامبەر بەم بڕیارە ڕاوەستن ئەوا سەرکەوتنێکی گەورە چاوەڕێیان دەبێت. خەڵکی فەلەستینیش لەم چەند ڕۆژەدا زۆر ئازایانە و بوێرانە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و ئینتیفازەی نوێیان ڕاگەیاندووە.

پاشان سەرۆک‌کۆمار وتی لە کۆبوونەوەی ئەستەمووڵ بە هەموو جیهانی ئیسلام و بەشداربووان دەڵێین پرسی قودس پرسی هەموو موسوڵمانێکە. لە ئێستادا بێجگە لە یەکێتی و پێکەوە بوون هیچ ڕێگایێکمان نییە. دەبێ یەکدەنگ بەرامبەر بڕیارەکەی ئەمریکا ڕاوەستین و ئیدانەی بکەین و بڵێین کە ئەم کارە نەکراوە و پێداگریشی لەسەر بکەن ناوچەکە تووشی کارەساتێکی گەورە دەبێت.

باسی لەوەش کرد لەم ساڵانەی دواییدا ئیستیکبری جیهانی هەوڵی داوە تیرۆریزم لە ناوچەکە پەرە پێبدات تاوەکوو بابەتی فەلەستین بخرێتە پەراوێزەوە. وەیان دەزانی فەلەستین لەبیر کراوە و چیدی کەس کاری بە فەلەستین نییە و بە وتەی خۆیان بابەتەکە بۆتە ئەمری واقیع و دەبێ هەموو ڕەزایەتی لەسەر بدەن.

وتیشی: بەڵام موسوڵمانان پیشانیان دا کە فەلەستین لەبیر ناکرێت و هەمیشە بابەتی یەکەمی جیهانی ئیسلام دەمێنێتەوە. پەیامی ئێمەش لە کۆبوونەوەکەی ئەستەمووڵ هەر ئەوە دەبێت. دەبێ پشتیوانیی جیدیی خۆمان بۆ خەڵکی فەلەستین ڕابگەیێنین و تا ئەو کاتە نەگەڕاونەتەوە زێدەکەیان و مافەکانیان دەستەبەر نەبووە دەبێ ئینتیفازەی فەلەستین و جووڵەی جیهانی ئیسلام هەر درێژەی هەبێت.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9235

Your Comment

You are replying to: .
captcha