PKK و YPG تەوەری سەرکیی دیداری فەرماندەکانی ئەرتەشی تورکیا، عێراق و ئەمریکا لە ئەنقەرە

بەشی تورکیا- فەرماندە باڵاکانی ئەرتەشی تورکیا، عێراق و ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنقەرە دیدار دەکەن، دەر کردنی PKK لە عێراق و پچڕانی پشتگیری لە YPG لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ئەو دیدارەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی تورکیا ڕای­گەیاند: فەرماندەکانی ئەرتەشی تورکیا، عێراق و ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە ئەنقەرە لەگەڵ یەک دیدار دەکەن و لەبارەی پرسی ئەمنیەتیی ناوچەکە گفتوگۆ دەکەن.

جوزێڤ ووتل فەرماندەی ئەرکانی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا، کورتیس ئسکاپاروتی فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا و عوسمان غانمی سەرۆکی ئەرکانی گشتیی ئەرتەشی عێراق لەگەڵ خلوسی ئاکار سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا لەئەنقەرە کۆ دەبنەوە.

بەیاننامەکەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی تورکیا وردەکاریی زیاتری لە ناوەڕۆکی ئەو دیدارە و تەوەرەکانی بڵاو نەکردۆتەوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا دەڵێن: لایەنی تورک لەو دیدارەدا هەوڵ دەدات بۆ دەرکردنی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە عێراق.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت خلوسی ئاکار سەبارەت بە وەستانی یارمەتی گەیاندنی ئەمریکا بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەل و لێسەندنەوەی جیهازاتی سەربازیی قورس لەو گرووپە، لەگەڵ جوزێڤ ووتل گفتوگۆ بکات.

تورکیا دەڵێت YPG لقی سووریایی PKKیە و گرووپێکی تیرۆریستییە، بەڵام ئەمریکا و هاوپەیمانان دەڵێن YPG کاریگەرترین هێزی وشکانیی شەڕی دژە داعشە و هاوبەشی ستراتێژیکی ئەوان لە سووریایە. ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدانی گرژی لە نێوان ئەمریکا و تورکیا.

سەرچاوە: حوڕیەت

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9224

Your Comment

You are replying to: .
captcha