پاڵێوراوانی 14هه‌مین فێستیڤاڵی شانۆی کوردیی سه‌قز هه‌ڵبژێردران

به‌شی کوردستان- 14هه‌مین فێستیڤاڵی شانۆی کوردی له‌ سه‌قز شه‌وی یه‌کشه‌ممه‌ پاڵێوراوانی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ی ناساند و کۆتاییی به‌ کاری خۆی هێنا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌ ڕێوڕه‌سمی کۆتاییی مێهره‌جانه‌که‌دا که‌ له‌ هۆڵی باخی ڤێنووسی سه‌قز به‌ڕێوه‌ چوو ده‌سته‌ی داوه‌رانی فێستیڤاڵه‌که‌ که‌ پێکهاتبوون له‌ دوکتۆر قوتبه‌ددین سادقی، کوورش سلێمانی و عه‌لی زه‌فه‌ر قاره‌مانی‌نه‌ژاد دیپلۆمی شانازی و خه‌ڵاتی نه‌ختینه‌یان به‌خشی به‌ باقر سرووش به‌ بۆنه‌ی دیزاینی برۆشۆری شانۆی "ئه‌وانگه‌ل" له‌ بیجاڕه‌وه‌.

له‌ به‌شی مۆسیقای فێستیڤاڵه‌که‌دا کامبیز ئه‌سه‌دی به‌ بۆنه‌ی مۆسیقای شانۆی "پانکییه‌کان" له‌ سنه‌وه‌ خه‌ڵات کرا.

له‌ به‌شی دیزاینی شانۆدا حه‌سه‌ن ته‌ره‌قی به‌ بۆنه‌ی دیزاینی شانۆی "پانکییه‌کان" له‌ سنه‌وه‌ خه‌ڵات کرا.

له‌ به‌شی دیزاینی جلوبه‌رگدا سوونیا سادقی به‌ بۆنه‌ی دیزاینی جلوبه‌رگی شانۆی "زه‌ماونی خوێن" له‌ سه‌قزه‌وه‌ خه‌ڵات کرا.

خه‌ڵاتی باشترین ئه‌کته‌ری مێهره‌جانه‌که‌ به‌خشرایه‌ شه‌بنه‌م یووسفی به‌ بۆنه‌ی ڕۆڵگێڕان له‌ شانۆی "عیشا" له‌ ورمێیه‌وه‌.

له‌ به‌شی پیاوانیشدا سه‌عد قاره‌مانی به‌ بۆنه‌ی شانۆی "له‌ پشت ده‌رگا" له‌ بۆکانه‌وه‌ خه‌ڵات کرا.

خه‌ڵاتی شانۆنامه‌نووسی به‌خشرایه‌ سابر نیکبه‌خت به‌ بۆنه‌ی شانۆی "پانکییه‌کان" له‌ سنه‌وه‌.

له‌ به‌شی ده‌رهێنانیشدا حه‌سه‌ن ته‌ره‌قی ده‌رهێنه‌ری شانۆی "پانکییه‌کان" خه‌ڵات کرا.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ له‌ ڕێوڕه‌سمی کۆتاییی ئه‌و مێهره‌جانه‌دا جه‌لال قه‌ڵا‌شاخانی به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌ی فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی پارێزگای کوردستان په‌یامی عه‌باس ساڵحی وه‌زیری فه‌رهه‌نگ و ئیرشادی خوێندنه‌وه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9183

Your Comment

You are replying to: .
captcha