بەغدا جگە لە ڕادەست کردنی تەواوی نەوتی هەرێم هیچ شتێکی تر قبووڵ ناکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە وەفدی حکوومەتی هەرێممان وتووە، جگە لەرادەست کردنی دۆسیەی نەوت بە سۆمۆ، هیچ شتێکی تر قبووڵ ناکەین.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەیسەم جبووری، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رەسمیی عێراق، هێمای بۆ ئەوە کرد کە لیژنەکەیان بڕگەی سێیەم لە ماددەی 11ی پڕۆژە یاسای بودجەیان هەڵوەشاندۆتەوە کە باس لەوە دەکات حکوومەتی عێراق قەرزە کەڵەکەبووەکانی سەر هەرێمی کوردستان بداتەوە، چوونکە ئەوە داننانە بەوەدا کە ئەو قەرزانەی پابەندیی حکوومەتی فیدراڵین.

ناوبراو وتیشی: سەڵاحەیەتمان داوە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمدا وردبینی ئەو بابەتە بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقدا.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەفدی هەرێم، هەیسەم جبووری وتی، سێ جار دیدارمان لەگەڵ وەفدی هەرێم هەبووە، پێمانوتوون کە جگە لە رادەست کردنی نەوت و سەرپەرشتی کردن و فرۆشتنی لەلایەن سۆمۆوە، شتێکی تر قبووڵ ناکەین.

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، وەفدەکەی هەرێم پێیان وتین دەرفەتێکمان بدەنێ با بگەڕێینەوە هەرێم و گفتوگۆی بکەین لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و دواتر دەگەڕێینەوە بەغدا و وەڵامتان دەدەینەوە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق جەختیشی کردەوە، دەکرێت بگەینە ئەنجامێک لەگەڵ هەرێم.

هەیسەم جبور، وێڕای ئەوەی باسی لەوەکرد کە کەشی کۆبوونەوەکانی نێوان ئێمە و وەفدی هەرێم دۆستانە بووە، وتیشی: "دۆستایەتی و موجامەلە بەس نییە بۆ کارکردنی راستەقینە، ئەوان برامانن و دەبێت رێز و دۆستایەتی لەنێوانماندا هەبێت، بەڵام ئەمە ئەگەر لەگەڵیدا دەقێکی یاسایی نەبێت بۆ پاراستنی مافی هەموو لایێک بەشێوەیێک کە یاساکەش ببێتە کردەیێکی راستەقینە بە پابەندبوونی هەردوو حکوومەت بە یاساکەوە، ئەم دۆسایەتییە بەهای چی دەبێت؟"

سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە تاوەکوو ئێستا ئەو بابەتە لە بودجەدا یەکلایی نەکراوە، ئەو وتی "ئامانجی ئێمە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە، بەڵام ئەم هاوڵاتیانە باجی هەڵەی حکوومەتی هەرێم و لاوازیی حکوومەتی فیدراڵ دەدەن لەوەی کە لێپێچینەوەی لەوانە نەکردووە کە لە حکوومەتی هەرێمدا کەمتەرخەمن. رەنگە گەورەترین گوشاری سەر ئێمە هاوڵاتیانی هەرێم بن بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن.

هێمای بۆ ئەوەش کرد "هەندێک لە ئەندامانی کورد لە لیژنەکەمان پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە ئەگەر حکوومەتی هەرێم پابەند نەبوو بەوەی لە بودجەدا جێگیر دەکرێت، ئەوا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکاندا بکرێت، هەر پارێزگایێک داهاتی خۆی رادەستی حکوومەتی بەغدا کرد، مووچەی بۆ بنێردرێت." بەڵام وتیشی"ئەم پێشنیارە ئاسان نییە و دەستوورییش نییە.

هەروەک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە رادەست کردنی لەسەدا 50ی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم بە بەغدا لە ماددەی 11ی پڕۆژە یاسای بودجەدا جێگیرکراوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 916

Your Comment

You are replying to: .
captcha