کورده‌کانی سووریا زۆرتر له‌ ڕووسیا نزیک ده‌بنه‌وه‌

به‌شی وتار/ جیهان- تورکیا له‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا له‌ دوو بابه‌تی کورده‌کانی سووریا ترساوه؛‌ یه‌که‌م هاوکاریی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ هێزه‌ کوردییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ یان خود YPG له‌ باکوور و ڕۆڵی کورده‌کان له‌ ڕه‌وتێکدا که‌ ده‌توانێت به‌رده‌وام بوونی دۆخی دیفاکتۆی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی به‌دواوه‌ بێت.

کوردپرێس: هه‌موو هه‌وڵه‌کانی تورکیا بۆ ڕاوه‌ستاندنی یارمه‌تییه‌کانی ئه‌مریکا بۆ هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک له‌ ژێر ڕێبه‌رایه‌تیی کورده‌کانی ئه‌و وڵاته‌ بێئاکام بوون و ئێستا وادیاره‌ وه‌رزێکی دیکه‌ی گۆڕانکارییه‌کانی سووریای دۆڕاندووه‌ که‌ وڵاتی ڕووسیا ده‌ورێکی سه‌ره‌کیی تێدا ده‌بینێت. تورکیا ڕای‌گه‌یاندووه‌ ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق دانووستاندن بکات به‌ڵام ڕێگری له‌ ڕۆڵی کورده‌کان له‌ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ر کردنی قه‌یرانی سووریا له‌ ڕێگای پێشه‌نگ بوونی ڕووسیاوه‌ کاره‌که‌ ئه‌سته‌متر ده‌کات.

مه‌ولوود چاووش ئۆغڵۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا پاش گفتوگۆی ته‌له‌فۆنیی تره‌مپ سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک کۆماری تورکیا له‌ 24ی نۆڤێمبێری 2017 ئیدعای کرد سه‌رۆک کۆماری ئه‌مریکا به‌ڵێنی داوه‌ ناردنی چه‌ک و جیهازاتی سه‌ربازی بۆ کورده‌کانی سووریا ڕابوه‌ستێت به‌ڵام ڕووداوه‌ مه‌یدانییه‌کان به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شته‌یه‌ که‌ تورکیا ئاماژه‌ی پێ ده‌کات. وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریکا وتوویه‌تی تا ئه‌و کاته‌ی شه‌ڕی داعش درێژه‌ی هه‌بێت پشتیوانیی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ کورده‌کانی سووریاش درێژه‌ی ده‌بێت. زیاده‌ له‌وه‌ش کورده‌کان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌مریکا بڕیاری داوه‌ هێزه‌کانی له‌ ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کان تا گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی سیاسی له‌ سووریا نه‌کشێنێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش واتا ئه‌مریکا ده‌توانێت ڕۆڵی وڵاتێکی زامن بگیڕێت له‌ ڕه‌وتێکدا که‌ ڕه‌نگه‌ ئاکامه‌که‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی نافه‌رمیی کورده‌کان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری به‌دواوه‌ بێت. ئه‌مه‌ش هۆشدارێک‌ بۆ تورکیا هه‌ژمار ده‌کرێت.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌ گرینگترین گۆڕانکاری له‌ ئێستادا تایبه‌ته‌ به‌ پێوه‌ندیی نێوان کورده‌کانی سووریا له‌گه‌ڵ ڕووسیا که‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ پێوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریکایه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای هاوسه‌نگ کردنی ده‌سه‌ڵات دێته‌ گۆڕێ. هاوکات که‌ تورکیا خه‌ریکه‌ گڵۆپی سه‌وزی ڕووسیا وه‌رده‌گرێت بۆ هه‌ڵمه‌تی سه‌ربازی له‌ عه‌فرین به‌رانبه‌ر به‌ هاوکارییه‌کانی له‌ ڕه‌وتی دانووستانی ئاشتیی ئه‌ستانه‌ به‌ ڕێبه‌رایه‌تیی ڕووسیا، هاوکارییێکی نوێ له‌ نێوان ڕووسیا و کورده‌کان له‌ ده‌یره‌زوور خه‌ریکه‌ پێک دێت. ڕووسه‌کان هاوکاریی خۆیان له‌گه‌ڵ کورده‌کان له‌ عه‌فرین ئاشکرا نه‌کرد به‌ڵام له‌ ده‌یره‌زووردا ئه‌م هاوکارییه‌ به‌ ڕاشکاوانه‌ ئه‌نجام ده‌درێت. بێگومان ئه‌م داپه‌ڕه‌ی ڕووسیا به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ هه‌بوونی ئه‌مریکا له‌ هێڵی ڕووباری فورات و گۆڕانی یاساکانی یاری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دیمه‌شقدا ته‌واو بوو.

ڕووسه‌کان له‌ به‌شی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات بوونه‌ هاوکاری هێزه‌کانی سووریا و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌و ڕووباره‌شدا له‌گه‌ڵ کورده‌کان هاوکاری ده‌که‌ن. کورده‌کان و ڕووسه‌کان سه‌ره‌تا له‌ ڕۆژی 3ی نۆڤێمبێر له‌ ساڵحییه که‌‌ شارۆچکه‌یێکه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای ده‌یره‌زوور دیداریان کرد و پاش ئه‌وه‌ش ژێنڕاڵ یۆگنی پۆپلاڤسکی فه‌رمانده‌ی ڕووسی و نووری مه‌حموود وته‌بێژی یه‌په‌گه‌ له‌ بنکه‌ی حه‌میمیم و له‌ ژوورێکدا که‌ ئاڵای ڕووسیا و یه‌په‌گه‌ی تێدا هه‌ڵکرابوو کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامه‌وانییان پێکهێنا. ژێنڕاڵ یۆگنی پۆپلاڤسکی وتی: ڕووسیا له‌گه‌ڵ هێزی جۆراوجۆر و له‌وان یه‌په‌گه‌ش ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی دژ به‌ داعشی له‌ ده‌یره‌زوور ئه‌نجام داوه‌ و فڕۆکه‌ ڕووسییه‌کان بۆ پشتیوانی له‌ YPG و دیکه‌ی گرووپه‌کان 672 که‌یسی فڕینیان ئه‌نجام داوه‌ و 1450 جار مۆڵگه‌کانی داعش بوردومان کردووه‌. نووری مه‌حموودیش له‌و کۆنفڕانسه‌دا ڕای‌گه‌یاند: هێزی کوردیش ئه‌منییه‌تی هێزه‌کانی ڕووسیا له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ڕووباری فورات وه‌ئه‌ستۆ ده‌گرێت.

له‌ دانیشتنێکی دیکه‌شدا نێوان ڕووسه‌کان و کورده‌کانی سووریا به‌ ئاماده‌ بوونی سیپان حه‌مۆ فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌کانی YPG ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ساڵحییه‌ پێک هێنرا و ئه‌مه‌ش به‌ وته‌ی ژێنڕاڵ پۆپلاڤسکی له‌ ڕوانگه‌ی پشتیوانی له‌ YPGه‌وه‌ زۆر گرینگ بوو.

حه‌مۆ وێڕای سپاس له‌ پشتیوانیی هێزه‌کانی ڕووسیا و ئه‌مریکا زیادیشی کرد: ئێمه‌ ئاماده‌ین ژوورێکی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانمان به‌ مه‌به‌ستی شه‌ڕی دژ به‌ داعش و وه‌دیهاتنی هه‌ماهه‌نگیی زۆرتر تا له‌ناوچوونی ته‌واوی تیرۆر بکه‌ینه‌وه‌.

تورکیا که‌ هاوکاری ڕووسیا بووه‌ بۆ وه‌دیهێنانی ناوچه‌ی دوور له‌ ته‌نگه‌ژه‌ له‌ ڕێگای دانیشتنه‌که‌ی ئه‌ستانه‌وه‌ تا ئێستا سه‌باره‌ت به‌ کۆبوونه‌وه‌ی ده‌یره‌زوور له‌ نێوان کورده‌کان و ڕووسه‌کان بێده‌نگیی هه‌ڵبژاردووه‌. وه‌زیری به‌رگریی ڕووسیاش وتوویه‌تی ڕووسیا و نوێنه‌رانی YPG هه‌ڵسه‌نگاندنێکی باشیان کردووه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ پاش له‌ناوچوونی داعش ده‌بێ هه‌ڵبگیردرێن.

له‌ مانگی مارچدا ڕووسیا ژماره‌یێک هێزی نارده‌ گوندی که‌فرجانه‌ی عه‌فرین تاوه‌کوو به‌ سه‌ر بڕیاری ئاگربڕ چاوه‌دێری بکه‌ن. له‌ مانگی جووڵاییشدا که‌ ئۆپه‌راسیۆنی ڕه‌قه‌ هێشتا به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی سووریا و هێزه‌کانی YPG له‌ بیاوانێکی نزیکی ڕه‌سفا ژوورێکی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی پێکهێنا. ئێستاش پاش پێکهێنانی ژوورێکی ئۆپه‌راسیۆنی دیکه‌ له‌ ساڵحییه‌ هاوبه‌شی و هاوکاریی نێوان ڕووسیا و کورده‌کانی سووریا چووه‌ته‌ قۆناغێکی گرینگه‌وه‌.

یه‌کێک له‌ کاربه‌ده‌ستانی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا له‌م باره‌وه‌ به‌ ئه‌لمانیتۆر ده‌ڵێت: هاوکاریی نێوان کورده‌کان و ڕووسیا له‌ ده‌یره‌زوور به‌ پێشنیار و پێشه‌نگیی ڕووسیا ئه‌نجام دراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م کاربه‌ده‌سته‌ کورده‌ که‌ له‌ کاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ڕه‌قه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌کات له‌گه‌ڵ نزیک بوونه‌وه‌ به‌ کۆتاییی داعش کورده‌کان بژارێکی زۆر گرینگیان له‌ به‌رده‌مدایه‌. ئه‌و ده‌شڵێت: ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێوه‌ندیی خۆمان له‌گه‌ڵ ڕووسیا ڕابگرین به‌ڵام ئه‌م بابه‌ته‌ نابێت ببێته‌ کێشه‌یێک له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانمان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکی به‌ ئێمه‌یان وتووه‌ تا ئه‌و کاته‌ی ڕێگه‌چاره‌یێکی سیاسی له‌ سووریا نه‌دۆزرێته‌وه‌ ئه‌م وڵاته‌ چۆڵ ناکه‌ن و ئه‌مه‌ش واتا ئه‌مریکا درێژه‌ به‌ پشتیوانییه‌کانی خۆی له‌ ئێمه‌ له‌ ناوچه‌ ڕزگارکراوه‌کاندا ده‌دات.

هه‌روه‌ها گوتیشی: ڕه‌وتێکی دیکه‌ له‌ئارادایه‌. ڕووسیاش وه‌کوو ئه‌مریکا هه‌وڵ ده‌دات ئێمه‌ به‌ره‌و لای خۆی ڕابکێشێت. سه‌ره‌ڕای دژایه‌تیی تورکیا ئێمه‌ له‌ کۆنگره‌ی دانووستانی نه‌ته‌وه‌ییی سووریا له‌ سووچیی ڕووسیا که‌ فێبریوێری 2018 به‌ڕێوه‌ ده‌چێت به‌شداری ده‌که‌ین. ڕاشکاوانه‌تر بڵێم ئه‌وه‌ی که‌ نوێنه‌رانی فیدراسیۆنی باکووری سووریا له‌و دانووستانه‌دا به‌شدار ده‌بن. ئێمه‌ وه‌کوو لێژنه‌یێکی گه‌وره‌ی 40 که‌سی له‌و دانووستانه‌دا به‌شداری ده‌که‌ین.

جه‌ختیشی له‌وه‌ کرده‌وه‌: ئه‌مریکا ده‌توانێت له‌ ڕۆژانی داهاتوودا ئاماژه‌یێکی گرینگی سیاسی هه‌بێت بۆ کورده‌کانی سووریا. تا ئێستا ته‌نیا له‌ ده‌ڤه‌ری سه‌ربازیدا هاوکاریمان کردووه‌ به‌ڵام هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاشه‌وه‌ داوامان ده‌کرد به‌ فه‌رمی پێگه‌ی ئێمه‌ بناسن. چاوه‌ڕوان ده‌که‌ین له‌ ڕۆژانی ئاینده‌ له‌م بابه‌ته‌وه‌ پێشڕه‌وتمان هه‌بێت. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێت له‌ پێوه‌ندیی نێوان ئه‌مریکا و فیدراسیۆنی باکووری سووریا کرانه‌وه‌یێکی ئه‌وتۆ بێته‌دی.

ئه‌م کاربه‌ده‌سته‌ کورده‌ ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند و چوونی کرانه‌وه‌که‌ نه‌کرد به‌ڵام وتی که‌ ئه‌م پرسه‌ وه‌کوو ئایدیایێک ئاراسته‌ کراوه‌. هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ش کرد زۆربه‌ی وڵاتان پشتیوانیی خۆیان ڕاگه‌یاندووه‌ بۆ ئیداره‌ کردنی ڕه‌قه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ناسه‌ربازییه‌کانه‌وه‌. ئه‌م پشتیوانییه‌ش ده‌توانێت بڕواته‌ ئاستێکی نوێوه‌. بێگومان ئه‌مریکا به‌هۆی ئه‌وه‌ی تورکیا ئه‌ندامی وڵاتی ناتۆیه‌ و هه‌م به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ که‌ بنکه‌ سه‌ربازییه‌کانی ئه‌مریکا له‌و وڵاته‌دان نیگه‌رانییه‌کانی تورکیا له‌ به‌رچاو ده‌گرێت. تورکیا هێشتاکه‌ش هه‌م مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌یه‌ و هه‌میش ده‌توانێت ببێته‌ هۆکاری هاوسه‌نگی. ئه‌مه‌ش بابه‌تێکه‌ که‌ ئێمه‌ له‌به‌رچاوی ده‌گرین به‌ڵام له‌ خۆیدا هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌مریکا بۆ ئێمه‌ هاوسه‌نگی دروست ده‌کات.

به‌رنامه‌ی ڕووسیا له‌ سووریادا به‌هۆی نادڵنیا بوون له‌ یارییه‌کانی ئه‌مریکا خێراتر ده‌ڕۆنه‌ پێشه‌وه‌ که‌ واتا به‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ وته‌ی کاربه‌ده‌ستانی کورد سه‌باره‌ت به‌ هاوکاری له‌گه‌ڵ ڕووسیا و ئه‌گه‌ری هاوکاریی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی سووریا، کورده‌کان هۆگری ئه‌وه‌ن زۆرتر پشت به‌ ڕووسیا ببه‌ستن. بۆ وێنا عه‌بدولسه‌لام محه‌مه‌د عه‌لی نوێنه‌ری یه‌کێتیی دیموکراتیکی سووریا (PYD) حه‌فته‌ی ڕابردوو له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ڕووسیی ئیزۆستیا ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر قه‌یرانی سووریا بگاته‌ چاره‌سه‌رێکی جێگای ڕه‌زامه‌ندی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌کان ئه‌وکات ده‌کرێت هێزه‌کانی سووریای دیموکراتیک له‌گه‌ڵ سوپای فه‌رمیی سووریادا تێکه‌ڵ بکرێن. نوێنه‌ری PYD له‌ ڕووسیا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ کورده‌کانی سووریا خوازیاری ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی نیین و ده‌یانه‌وێت کۆمارێکی دیموکراتیکی فیدڕاڵ له‌ ناو خاکی سووریا پێک بهێنن و وتیشی: ئێستا کاتی ئه‌وه‌ گه‌یشتووه‌ له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری سووریا دانووستان بکه‌ین.

به‌ گشتی ده‌بێ بوترێت که‌ هه‌ڵوێستی ئه‌م دواییه‌ی کورده‌کانی سووریا پیشانده‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ خوازیاری دانووستانی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دیمه‌شقن. ئه‌م بابه‌ته‌ش نیشان ده‌دات که‌ هه‌ڵوێستی ڕووسیا له‌ ڕوانگه‌ی هاوکارییه‌وه‌ بۆ کورده‌کان به‌هێزتر ده‌بێت. ئه‌نقه‌ره‌ هێشتاکه‌ش دژ به‌ هه‌موو سیناریۆیێکه‌ که‌ کورده‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیی کورده‌کانی تێدا بێت له‌ ڕه‌وتی سیاسی و نۆژه‌ن کردنه‌وه‌ی پاش داعشدا.

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمانیتۆر

وه‌رگێڕان له‌ فارسییه‌وه‌: سروور خدری

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9156

Your Comment

You are replying to: .
captcha