نێچیرڤان بارزانی: بەغدا دەیەوێت قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان تێک‌بدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پرێس کونفڕانسێکدا چەندین تەوەری گرینگی ئێستاکەی هەرێمی کوردستانی باس کرد کە هەندێکیان بریتی بوون لە: پێوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران، تەعامولی بەغدا لەگەڵ هەرێم، پرسی بودجە، سەردانەکەی ئەم دواییەی بارزانی بۆ فەڕەنسا، پرسی خوورماتوو و ... .

بەپێی هەواڵی کوردپرێس نێچیرڤان بارزانی لەو پرێس کۆنفڕانسەدا سه‌ره‌تا باسی سه‌ردانی شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسای كرد و گوتی "له‌ كۆبوونه‌وه‌كانماندا له‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌و خاڵانه‌مان دووپات كردنه‌وه‌‌ كه‌ زۆر جار باسمان كردوون‌، یه‌كه‌میان پابه‌ندبوونی هه‌رێمی كوردستانه‌ به‌ یه‌كێتیی خاكی عێراقه‌وه‌، دووه‌میان چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، ده‌ستوورێك، ‌گه‌ر بمانه‌وێ ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو خه‌ڵكی عیراق دابین بكرێت، یه‌كه‌م مه‌رج ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌م ده‌ستووره‌ كه‌ هه‌موو گه‌لی عیراق ده‌نگی بۆ داوه‌، وه‌كوو یه‌ك جێبه‌جێ بكرێت".

بارزانی هه‌روه‌ها گوتى: "ئه‌وه‌مان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ده‌مانه‌وێ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا چاره‌سه‌ر بكرێت و پابه‌ندیی خۆشمان به‌ دیالۆگێك كه‌ بتوانێت ئێمه‌ بگه‌یه‌نێته‌ چاره‌سه‌رێك له‌گه‌ڵ به‌غدا، دووپات‌ كرده‌وه‌ و ڕێزی خۆشمان بۆ بڕیاره‌كانی دادگای فیدرالی عیراق له‌وێ له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا باس كرد،‌ جیا له‌ باس كردنی كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دیكه‌.

نێچیڤان بارزانی سەبارەت بە دۆخی خوورماتوویش وتی: ڕووی قسه‌م له‌ یۆنامی و ڕێكخراوه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤی وه‌ك ئه‌منستی ئینته‌رناشیوناله و داوایان لێده‌كه‌م به‌په‌له‌ دۆسیایێكی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و پێشێلكارییه‌ یاساییانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ دووزخورماتوو ئه‌نجام دراوه‌ و حكوومه‌تی عیراقیش له‌م‌باره‌یه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ئه‌م تاوان و سه‌رپێچییه‌ یاساییانه‌یان ئه‌نجام داوه‌، بگه‌نه‌ سزای خۆیان. به‌هۆی ئه‌و كاره‌ساتانه‌وه‌ زیاتر له‌ سه‌د هه‌زار كه‌س ئاواره‌ بوون كه‌ پێویستییان به‌ یارمه‌تی هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ یارمه‌تی نه‌دراون".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە پڕۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق کرد و وتی: "سوپاسی فراكسیۆنه‌كانی كوردستان له‌ به‌غدا ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تی بودجه‌ و ئه‌و پێشێلكارییانه‌ی له‌ناو یاسای بودجه‌دا هه‌یه‌ و ده‌ستووری نین، هه‌موویان به‌ یه‌ك ده‌نگ به‌یاننامه‌یێكیان ده‌ركرد. ئه‌م یه‌كڕیزییه‌ جێی خۆشحاڵی و سوپاسه‌ و لێره‌وه‌ ده‌ستخۆشییان لێده‌كه‌م و هیوادارم بۆ به‌رگری‌كردن له‌ مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری كار بكه‌ن و یه‌كگرتوو و یه‌كڕیز بن كه‌ به‌داخه‌وه‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراق زۆر پێشێلكاریی تێدایه‌".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ده‌ستپێشخه‌ری فه‌ڕه‌نسا بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دیاری كردنی كاتێك بۆ ده‌ست پێكردنی گفتوگۆكان، بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا: "به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ زۆر به‌ جددی ده‌ست‌پێشخه‌ریی فه‌ڕه‌نسامان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا وه‌رگرتووه‌ و هیوادارین هه‌موو لایه‌ن ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ جددی وه‌رگرن، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی كوردستان و پارته‌ كوردستانییه‌كانیش قسه‌ ده‌كه‌ین تا له‌م بابه‌ته‌دا بگه‌ینه‌ كۆده‌نگییێك. هیچ كاتێك بۆ ده‌ست پێكردنی گفتوگۆكان دیاری نه‌كراوه،‌ سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا گوتی من له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بای سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق قسه‌ ده‌كه‌م بزانم هه‌نگاوه‌كانی دوای ئه‌وه‌ چ ده‌بێت، تا ئێستا ئێمه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كان ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌بوونی په‌یامێكی سیاسی له‌ چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ فه‌ڕه‌نسا به‌ ڕێگه‌ی توركیاوه‌ و هۆكاری ئه‌نجامنه‌دانی سه‌ردانه‌كه‌ به‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا و بوونی هیچ دیدارێكیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی توركیا، سه‌رۆك وه‌زیران ئاشكرای كرد "زۆر خۆشحاڵ ده‌بووین بمان‌توانیبا له‌ به‌غداوه‌ سه‌ردانه‌كه‌مان ئه‌نجام بدابا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ نه‌كرا و به‌هۆی ئه‌و ئابڵوقه‌یه‌ی كه‌ حكوومه‌تی فیدراڵ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانی داناوه‌، نه‌مان‌توانی".

زیاتریش گوتى: "به‌ سوپاسه‌وه‌ وڵاتی توركیا هه‌موو ئاسانكاریێكییان بۆ ئه‌م سه‌ردانه‌ی شاندی هه‌رێمی كوردستان‌ كرد، په‌یوه‌ندیی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وامه‌ و نه‌پچڕاوه‌، هه‌ر كاتێك پێویست به‌ قسه‌كردن و كۆبوونه‌وه‌ و دیدار هه‌بێت، ئه‌وان ئاماده ‌بوون، ئێمه‌ خۆشحاڵ ده‌بین ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ توركیا به‌رده‌وام بێت و هیوادارم په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌ ماوه‌یێكی نزیكدا ئاسایی ببنه‌وه".

ده‌رباره‌ی بوونى هیچ گفتوگۆیێك له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڕێزیان ڕای‌گه‌یاند "تا ئێستا هیچ گفتوگۆیێكی ته‌كنیكی و سیاسی له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدادا نییه‌. چه‌ندین جار ئه‌وه‌مان دووباره‌ كردۆته‌وه‌ و خه‌ڵكیشمان بێزار كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێین ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ، دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئاماده‌ین بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عیراقدا، به‌ڵام تا ئێستا هیچ گفتوگۆیێك له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدادا نییه‌ و ئه‌وان ئاماده‌ نین، ئه‌گه‌رنا ئێمه‌ ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ نه‌كردنه‌وه‌ی دوو ده‌راوه‌زی سنووری له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تاران، گوتى: "ئێران تا ئێستا دوو ده‌روازه‌ی نه‌كردۆته‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ تاران به‌رده‌وامه‌ و قسه‌ و دیدارمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه‌ و هیوادارین ئه‌م ده‌روازانه‌ش بكرێنه‌وه‌، چوونكه‌ به‌ بۆچوونی ئێمه‌ هیچ به‌هانه‌یێك بۆ به‌داخراوه‌یی مانه‌وه‌ی ده‌روازه‌كان نه‌ماوه‌ و كردنه‌وه‌یان له‌ به‌رژوه‌ندیی هه‌رێمی كوردستان و ئێراندایه‌ و هیوادارین به‌ زووترین كات ئه‌م ده‌روازانه‌ بكرێنه‌وه‌ و خه‌ڵك بتوانێت وه‌ك جاران هه‌م كاری بازرگانی و هه‌م هاتووچۆ بكه‌ن. له‌م باره‌یه‌وه‌ قسه‌و دیدارمان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌یه‌".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: سه‌رۆك ماكرۆن باسی ئه‌وه‌ی كرد كه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق قسه‌ ده‌كات، به‌ڵام تا ئێستا ئێمه‌ ئاگادار نه‌كراوینه‌ته‌وه‌ و بڕوام وایه‌ له‌م یه‌ك دوو ڕۆژه‌ له‌وه‌ ئاگادار ده‌كرێینه‌وه‌ كه‌ هه‌نگاوه‌كانی دوای ئه‌مه‌ چی ده‌بن. سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی واده‌یێك بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان، تا ئێستا دیداره‌كانمان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ كۆتا نه‌هاتوون و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا واده‌یه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دیاری ده‌كه‌ین. بۆچوونی ئێمه‌ له‌م باره‌یه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ ماوه‌یێكی نزیكدا واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان دیاری بكه‌ین، چونكه‌ وه‌ك پێشتریش گوتوومه‌ خودی ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم پابه‌نده‌ به‌ درێژكردنه‌وه‌ی دوو خولی ته‌شریعیی په‌رله‌مان. دوای كۆتایی هاتنی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كه‌ین".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا ده‌رباره‌ی چوونی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، نێچیرڤان بارزانی گوتی "كاتێك باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق سه‌ردانی كردین، باسی له‌ میكانزمێكی هاوبه‌ش كرد كه‌ ئێستا له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یانه‌، ئێمه‌ پێمان گوتن گه‌ر به‌ به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان نه‌بێت، بێگومان ئه‌و میكانزمه‌ كه‌م و كورتیی تێدا ده‌بێت. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ جێبه‌جێ كردنی هه‌ر میكانزمێك له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان به‌شێك بێت له‌ میكانزمه‌كه‌‌ و به‌پێی ده‌ستووریش ئه‌مه‌ ڕاستتره‌، ئه‌وه‌ی ئێستا له‌ نێوان هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌غدا هه‌یه‌ به‌ میكانزمێكی كه‌م‌وكورتی ده‌زانین و پێمان‌وانییه‌ ئه‌مه‌ ڕاست بێت".

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ گوتى: "ڕێگه‌ی دروست ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت هێزه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش له‌گه‌ڵیان به‌شدار بن و پێشتریش ئه‌وه‌مان دووپات كردۆته‌وه. پێشوازی له‌ میكانزمێكی سێقۆڵیی نێوان هاوپه‌یمانان و هه‌رێمی كوردستان و عیراق ده‌كه‌ین له‌و سنوورانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ دروست نه‌بێت، چوونكه‌ زۆر ڕوونه‌ ئه‌و شوێنانه‌ ناوچه‌ی ناكۆكن و گفتوگۆیان له‌سه‌ره‌ و مادده‌یێكی ده‌ستووریشمان هه‌یه‌ كه‌ نه‌خشه‌ڕێگای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی دیاری كردووه‌ و هیوادارین به‌ هه‌موولایێك بتوانین ئه‌و نه‌خشه‌ڕێگایه‌ و ماده‌ ده‌ستوورییه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی عیراقیش سه‌رۆك وه‌زیران گوتی: "ئه‌گه‌ر بودجه‌یێك به‌م شێوه‌یه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ تێپه‌ڕێنرێت، نه‌بێت باشتره‌، چوونكه‌ پڕۆژه‌یاسایێكی زۆر زۆر خراپه‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌ شێوه‌یێكی نافه‌رمیی بیروبۆچوونه‌كانی خۆمان به‌ IMF ڕاگه‌یاندووه‌ و هه‌موو زانیارییێكانمان پێشكه‌ش كردوون. عیراق پیویستی به‌ یاسای بودجه‌یێك هه‌یه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی هه‌موو عیراق بێت، نه‌ك ته‌نیا حزبێك یان به‌شێك له‌ عیراق، هیوادارین پێداچوونه‌وه‌ به‌وه‌دا بكرێته‌وه‌ و نه‌بوونی بودجه‌ش‌ به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌موو عیراق ده‌زانین نه‌ك ته‌نیا بۆ لایه‌نیك".

ده‌رباره‌ی هۆكاری ده‌ست‌پێنه‌كردنی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ كاتێكدا هه‌ردوولا ده‌ڵێن ئاماده‌ن، به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد "پێویسته‌ ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق بكه‌ن كه‌ بۆ ئاماده‌ نییه‌ گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ بكات؟. بۆ زانیاریتان تا ئێستا هیچ گفتوگۆیێك له‌نێوان ئێمه‌ و به‌غدا نییه‌، ئه‌وان وای پیشان ده‌ده‌ن كه‌ گفتوگۆیێكی ته‌كنیكی هه‌یه‌، به‌ڵام ڕاست نییه‌ و هیچ گفتوگۆیێك له‌سه‌ر هیچ ئاستێك نییه‌. هه‌ڵوێستی ئێمه‌ ڕوونه‌ و ده‌مانه‌وێت ئه‌م گفتوگۆیه‌ ده‌ست پێبكات، ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئاماده‌ن، ئێمه‌ش ئاماده‌ین".

سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی ڕێگه‌كانی مه‌خموور و كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ی هاووڵاتییان بۆ شوێنه‌كانیان، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕایگه‌یاند "ئه‌مه‌یان بابه‌تێكی ئه‌منی بوو تا ئێستا، پێمان‌وایه‌ ئێستا ده‌توانین بیر له‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێگایانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ و بێگومان ده‌شكرێنه‌وه،‌ چ له‌گه‌ڵ مه‌خموور یان مووسڵ یان كه‌ركووك و شوێنه‌كانی دیكه‌، پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كه‌ین".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ دابه‌ش‌كردنی سووته‌مه‌نی به‌سه‌ر هاووڵاتییاندا، به‌ڕێزیان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد: "ئه‌گه‌ر بمان‌توانیبا بێگومان سووته‌مه‌نیمان به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرد، به‌ڵام پێشتر و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی دیكه‌شدا گوتوومه‌ ئێمه‌ له‌ دۆخێكی یه‌كجار زۆر سه‌ختداین و ڕه‌وشه‌كه‌ ئاسان نییه‌ و زۆر زه‌حمه‌ته‌، به‌ڵام بێگومان ئه‌گه‌ر پێمان كرابا و بمان‌توانیبا بیكه‌ین، ئه‌نجاممان ده‌دا".

ده‌رباره‌ی بوونی فشارێكی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ده‌ست‌پیكردنی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "ئه‌وه‌ی ئێستا به‌غدا له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات، هیچ په‌یوه‌ندییێكی به‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ نییه‌ و هه‌مووشمان ئه‌مه‌ ده‌زانین. ئه‌وه‌ی پێویست بووه‌ گوتوومانه‌ و ئه‌وه‌ی ده‌بوایه‌ بیكه‌ین كردوومانه‌. ئه‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا له‌ به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌وان له‌و باوه‌ڕه‌دان بۆ تێكدانی قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رفه‌تێكیان بۆ هاتۆته‌ پێش و له‌ شێوه‌ی داڕشتنی بودجه‌ی عیراقیشدا ئه‌م سیاسه‌ته‌ زۆر به‌ ڕوونی دیار كه‌وتووه‌".

هه‌روه‌ها گوتى: "كێشه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا داخستنی فڕۆكه‌خانه‌ نییه،‌ له‌چاو ئه‌و هه‌موو كێشانه‌ی له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌، كێشه‌ی داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان زۆر بچووكه‌، ئه‌وان داخستنی فڕۆكه‌خانه‌كان و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، وه‌ك فشار بۆ سه‌ر هاووڵاتیانی هه‌رێمی كورستان ده‌زانن. پێویسته‌ جه‌نابی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق هه‌ست به‌ به‌رپرسیارێتیی خۆی بكات وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران. ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یكات دژی به‌شێكی هاووڵاتییانی عیراقه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستانه‌ و چاوه‌رێی ئه‌وه‌ی لێناكه‌ی به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات، پێمان‌وایه‌ ده‌بێت به‌رامبه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیانییدا هه‌ست به‌و به‌رپرسیاره‌تییه‌‌ بكات".

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕوونى كرده‌وه‌: "فڕۆكه‌خانه‌كان داده‌خه‌ن كێشه‌ بۆ كێ دروست ده‌بێت؟ بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ دروست ده‌بێت كه‌ سه‌ردانی وڵاتان ده‌كه‌ن و باری ته‌ندروستییان باش نییه‌ و پێویستییان به‌ چاره‌سه‌ره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌مه‌ ڕاست نییه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌ى پێده‌كرێت و ده‌یكات. له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن باسی هه‌موو شته‌كانمان كردووه‌، باسی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانمان كردووه‌، خودی بانگهێشتی جه‌نابی سه‌رۆك ماكرۆن بۆ سه‌ردانی شاندی هه‌رێمی كورستان، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت ڕۆڵێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بگێڕێت".

له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكى دیكه‌دا ده‌رباره‌ى دۆخى دووزخورماتوو، به‌رێز نێچیرڤان بارزانی گوتی "دووزخوورماتوو له‌ده‌ست ئێمه‌دا‌ نییه‌ تا بتوانین هیچی بۆ بكه‌ین. داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و جیهان ده‌كه‌ین، یارمه‌تیی خورماتوو بده‌ن. سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانی وڵاتانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانیش، بێگومان گه‌ر داوه‌تمان بكه‌ن سه‌ردانی ئه‌و وڵاتانه‌ش ده‌كه‌ین".

News Code 9059

Your Comment

You are replying to: .
captcha