بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیی کرد لە برۆنۆ ئۆبیر، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە و جیھان گفتوگۆ کرا.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگی پەرەپێدانی هاریکارییەکان لە سەرجەم بوارەکان و پێویستی بەردەوامی هاریکاری هاوبەش لە نێوان عێراق و فەڕەنسا، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق بەگرنگییەوە باسی لە پتەو کردنی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ فەڕەنسا و یەکێتی ئەورووپا کرد لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنە ھاوبەشەکان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە تەواوی بوارەکان و پێویستی بەردەوامی هەماهەنگی بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆر و کەم کردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و ھێنانەدی سەقامگیری و پتەو کردنی هاریکاریی ئابووری و رۆشنبیری و گۆڕینەوەی شارەزاییەکان، ھاوکات رۆڵی فەڕەنسای بەرز نرخاند لە پشتیوانی کردنی عێراق.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی فەڕەنسا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی کردنی ئاسایش و ئارامی و پاراستنی سەرەوەریی عێراق و دوورخستنەوەی لە گرژییەکانی ناوچەکە و پتەو کردنی هاریکاری هاوبەش لە تەواوی بوارەکان دووپات کردەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment