به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ شاری به‌غدا، ڕۆژی ڕابردوو (دووشه‌ممه/ 5ی دیسێمبێر) عه‌لی باپیر ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامیی كوردستان سه‌ردانی عه‌ممار حه‌كیم ئه‌مینداری گشتیی ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیشتیمانیی كرد.
به‌پێی ڕاگه‌یێندراوێکی نووسینگه‌ی ئه‌میری کۆمه‌ڵی ئیسلامی، له‌كۆبوونه‌وه‌که‌دا عه‌لی باپیر سوپاسی هه‌ڵوێسته‌كانی عه‌ممار حه‌كیمی كردووه "كه خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی له ئێستا و ڕابردوودا به‌رانبه‌ر خه‌ڵكی كوردستان نواندوویانه و داوای لێ کردووه له‌م قۆناغه‌شدا ڕۆڵی كاریگه‌ریی خۆی ببینێ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندی به ده‌ستووری عێراقی".
هاوكات عه‌لی باپیر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه به‌شی هه‌رێمی كوردستان له یاسای بودجه‌ی 2018 بۆ له‌سه‌دا 12.6 كه‌م نه‌كرێته‌وه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا عه‌ممار حه‌كیم باسی له پێشهاته‌كانی دوای ڕیفراندۆم كرد و هه‌وڵه‌كانی خۆی بۆ ڕوو نه‌دانی ئه‌م بابه‌ته خسته ڕوو و "هیوای خواست كه له ئایینده‌یێكی نزیكدا گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ده‌ست پێبكرێته‌وه".
له ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "هه‌ر دوو لا ته‌ئكیدیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه پێویسته متمانه بگێردرێته‌وه له نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌ر دوو لا هه‌ڵوێستی كاریگه‌ر و ئیجابیی خۆیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ پته‌و كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا و چاره‌سه‌ر كردنی گرفت و كێشه‌كان له ڕێگای گفتوگۆ و دیالۆگه‌وه."
سه‌رچاوه: خه‌ندان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment