ئامادەین بەرگری لە دەسکەوتی کوردەکانی سووریا بکەن

بەشی سووریا- فەرماندەی YPG ڕای گەیاند: هێزەکانمان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستانی سووریا و دەسکەوتە سیاسی و سەربازییەکانی ئامادەن و وەڵامی هەر چەشنە هێرشێکیش دەدەنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سیپان حەمۆ فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل دەڵێت: YPG بۆ بەرگری کردن لە هەموو دەسکەوتەکانی کوردەکانی سووریا تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێگاچارەیێک بۆ ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان ئامادەیە.

حەمۆ وتیشی: ئێمە هەمبەر هەر هێرشێک لە هەر لایەنێکەوە بەرگری لە وڵاتی خۆمان دەکەین، ئەگەر کەسێک هێرشمان بکاتە سەر وەڵامێکی توندی دەدەینەوە.

فەرماندەی YPG زیادی کرد: شەڕڤانانی کورد- عەرەبی سوپای دیموکراتیکی سووریا ناوچەکانی کەناری ڕۆژهەڵاتی فوراتیان بە پشتگیریی هاوپەیمانان و ڕووسیا لە بندەستی داعش دەر هێناوە، بەو بۆنەوە ڕێزمان هەیە بۆ هەموو پاڵپشتانی سوپای دیموکراتیک.

ناوبراو سەبارەت بە مانەوەی هێزی ئەمریکی لە سووریا ڕای گەیاند: بەرپرسانی ئەمریکی بڕیاریان داوە هێزەکانی ئەمریکا تا ئەو کاتەی کە ڕێگاچارەیێکی سیاسی بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا بە دەست بێنن و سیستەمێکی سیاسی نوێ پێک بهێنرێت، لە سووریا بمێننەوە.

حەمۆ لەبارەی ئەو هەواڵانەی کە باس لە پچڕانی یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ سوپای دیموکراتیکی سووریا و YPG دەکەن، وتی: تا ئێستا من هیچ گۆڕانکاری و پاشەکشێیێکم لە یارمەتی دانی ئەمریکا نەبینیوە.

ناوبرا و سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین بە بیانووی هەڕەشەی ئەمنیەتی بۆ سەر ئە وڵاتە وتی: ئێمە مەترسی بۆ تورکیا دروست ناکەین بەڵام هەمبەر هەر چەشنە هێرشێک دەوەستینەوە.

حەمۆ لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ژێر کونترۆڵی خۆی وتی: داهاتووی YPG بەسراوە بە داهاتووی سووریاوە. ئەگەر فدراڵیزم یا حکوومەتی خۆبەڕێوەبەر دابەمەزرێت، تەنها یەک ئەرتەشمان دەبێت. بەڵام تا ئەو کاتە ئێمە بەرگری لە دەسکەوتەکانمان دەکەین.

سەرچاوە: هاوار نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 9002

Your Comment

You are replying to: .
captcha